لە بەری چەپی موسڵ، ژمارەیەك كچ لەگەڵ خێزانەكانیاندا لەڕێی ئینتەرنێتەوە دەیانەوێت وێبسایتێكی گونجاو بدۆزنەوە تا تەماشای یاری كۆتایی جامی جیهانی ژنان بكەن، نمایشێكی ناڕون و تەمومژاویی بوو، بەڵام حەز و هیوای كچەكان رونە، دەیانەوێت رۆژێك بێت و ئەوانیش لەو یاریگایەدا یاری بكەن.
ئەو یارییە 20ـی ئاب دوو ملیار كەس لە هەموو جیهانەوە تەماشایان كرد.
راما (13 ساڵ)، زوبەیدە (14 ساڵ) و هەدیل (15 ساڵ) چیرۆكێكی هاوبەشیان دەربارەی لەدەستدان و ئاوارەیی هەیە –ناوی شارەكەیان، موسڵ، پێش كەمتر لە دەیەیەك ببوو بە هاوواتای مردن و وێرانكاری و بێهیوایی، دوای ئەزمونی ژیان لە بارودۆخێكی ناجێگیر و هەمواردا، زۆرێك لە خێزانەكان گەڕانەوە، لە نێویاندا خێزانەكانی ئەوانیش، بۆ ئەوەی داهاتویەكی پرشنگدار بۆ كچ و كوڕەكانیان بنیاتبنێن، بازاڕ و قوتابخانە و ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان دوبارە ئاوەدان بكەنەوە.
موسڵ بەوشێوەیە بارودۆخی پڕ لە ئازار و دڵتەنگی چەندین ساڵەی رابردوی تێدەپەڕێنێت، هەوڵ بۆ بنیاتنانەوەی كلتور و پارێزگاری لە مێژوەكەی دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازی لە نەرتی نوێ دەكات و بە گۆڕانكاری پێشوازیكردن لە نەریتی نوێ و گۆڕانكاری قبوڵ دەكەن.
"ئێمە كوڕ نین، بەگشتی كچان و ژنان لە موسڵ وەرزش ناكەن، ئەمە باو و بەربڵاو نییە، دایكم دەترسا بكەوم یان ئازارم پێبگات، بەڵام لە كۆتاییدا قایل بوو، ئێستاش ئەو گەورەترین هاندەری منە" راما وای وت، لەكاتی ئامادەكارییدا بۆ راهێنانەكانی تۆپی پێ لەگەڵ یانەی ئەمەل لە موسڵ.
زۆرێك لە كچەكانی دیكەی تیمەكە بە هەمان بارودۆخدا تێپەڕبون، بەهۆی دودڵی خێزان و كەسوكاریان دەرباری بیرۆكەی یارییكردنیان لەگەڵ تیمێكی تۆپی پێ، تا گەیشتە ئەوەی ئێستا زۆرینە هێندە پشتگیرییان هەیە كە كۆمەڵگە ناتوانێت ئەو هاندان و پشتگیرییە لەق بكات.
هەدیل، كە حەزی بە شاخەوانی و شۆفێریش هەیە، دەڵێت "لە هەموو یارییەكەدا، هاندەر بۆ بینینی یارییەكەمان ئامادەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەمان وێنەكانی كاتی یاریكردنمان لە فەیسبوك بڵاودەكاتەوە –ئەوەی گۆڵ دەكات و ئەوەی دەباتەوە و ئەوەی بە باشی یاری كردووە-، باوكم دڵخۆشە كە دەبینێت گۆڵ تۆماردەكەم و زۆر هانم دەدات" ئەو كچانە ئێستا لەناوخۆدا ناسراون و سەرچاوەی هاندانی كچانی دیكەن.
بیرۆكەی تیمی تۆپی پێ لە موسڵ، ساڵی 2021 لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی دامەزراوەی (سەلام موستەدام - السلام المستدام)ـدا جێبەجێكراوە بە سەرپەرشتی شەهەد خەلیل (29 ساڵ)، ئەو و تیمەكەی لە مامۆستایان و كەسانی دیكەی كۆمەڵگە و كەسوكاری قوتابیان، كچانیان بۆ تیمەكە كۆكردەوە لەژێر ناوی "وەرزش لە پێناو ئاشتیدا".
دامەزراوەی سەلام یەكێكە لەو 22 رێكخراوە ناوخۆییەی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عیراق هاوكارییان دەكات بە ئامانجی سەقامگیری و چارەسەری لێكەوتەكانی ئاوارەیی و توندڕەوی، هەوڵدەدەن پانتاییەكی پارێزراو بۆ كچان و كوڕانی بچوك فەراهەم بێت تا بەشداری لە وەرزشی بە كۆمەڵدا بكەن، توانای خۆڕاگری گەنجان لە كۆمەڵگە و خۆپارێزیشیان لە توندەڕەوی و مەترسییەكانی زیاتربێت.
زوبەیدە، لەنێوان دوو گێمی یارییەكەدا قسەیكرد و وتی "وانەی هەرە گرنگ كار و هەوڵدانی بە كۆمەڵە، كاتێك بۆ یەكەمجار وەك تیمێك یارییمان كرد، دڵنیانەبوین لە چۆنیەتی كاركردن پێكەوە و بەوهۆیەوە كەشێكی ناجێگیر و دودڵی دروستبوو، بەڵام تۆپی پێ ئەو پانتاییەی بۆ فەراهەم كردن چارەسەری بەشێك لە كێشەكانمان بكەین و هاوكاری كردین تا وەك تیمێك بەهێزتر بین، ئێستا ئێمە دەستمانگرتووە بەسەر گۆڕەپانی یارییەكەدا".
15 تیمی تۆپی پێ، كە هەریەكێكیان لە 10 كچ پێكهاتون، لەگەڵ 20 ژنە راهێنەردا لە 10 مانگی رابردودا كۆبونەوە بۆ راهێنان و كێبڕكێ و هاندانی كچانی دیكە تا بەشداری یارییە وەرزشییەكان بكەن.
زیاتر لە سەدا 60ـی دانیشتوانی عیراق (43 ملیۆن و 500 هەزار كەس) تەمەنیان لە خوار 25 ساڵییەوەیە، زۆرێكیان شاهیدی ئەو بارودۆخە پڕ لە توندوتیژی و ململانێ و ناسەقامگیرییە بون كە وڵاتی پێدا تێپەڕیووە، سەرباری ئەوەش رۆڵێكی سنورداریان لە هەوڵەكانی ئاشتەوایی نیشتمانیدا هەیە و بەبێ بەشداری چالاكانەی گەنجان، هەوڵەكان بێ ئاكام دەبن.
شەهەد وتی "بە تایبەت بۆ ژنانی گەنج و كچان.. بە هەڵە والێكدەدرێتەوە كە ژنان و كچان ناكەونە ژێر كاریگەری توندڕەوی و ناچار بە كاری توندوتیژی ناكرێن، بەڵام ئێمە دەزانین داعش توانی دەسەڵاتی تیرۆری خۆی بچەسپێنێت لە موسڵ و دەرەوەیدا لەڕێی ئیستغلالكردنی ژنان و كچانی پەراوێزخراو، ئەوانەی بارودۆخی داراییان خراپ بوو و دەرفەتی یەكسانیان بۆ نەڕەخسا".
لەڕێی دروستكردنی تیم و ئاڵوگۆڕی بیرۆكە؛ پرۆژەی (وەرزش لە پێناو ئاشتیدا) ئامانجی ئەوەیە سەكۆیەكی هاوبەش بۆ نەوەی داهاتووی كچانی موسڵ دابینبكات تا روبەڕوی نەریت و چاوەڕوانییە باوەكانی كۆمەڵگە ببنەوە و بانگەواز بۆ پێكەوەژیانی ئاشتی بكەن، بۆیە پرۆژەكە كارەكانیان لەگەڵ زیاتر لە 150 كچ لە 10 تیمی موسڵ درێژە پێدەدەن.
"لە ماوەی 10 ساڵدا دەبم بە یاریزانێكی پیشەگەر، چونكە هیچ شتێك ئەستەم نییە و پشتیوان بە خوا من یاری بۆ وڵاتەكەم دەكەم" راما، بەوپەڕی متمانەوە وای وت.
هەروەها هەدیل بە راشكاوی وتی "لە كۆتاییدا، تۆ تەنیا جارێك دەژیت، بۆیە پێویستە ئەو كاتە بۆ وەرگرتنی خۆشی و كاتبەسەربردن بقۆزینەوە، خۆمان بە چالاكی چێژبەخش و سەرنجڕاكێشەوە سەرقاڵ بكەین"، -بردنەوەی پاڵەوانێتیی، تەحەدای تێگەیشتنی هەڵە دەربارەی بەشداری ژنان لە یارییە وەرزشییەكان و خۆپارێزی لە توندڕەوی- لە چالاكییە سەرنجڕاكێش و چێژبەخشەكانن.
سەرچاوە: رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)