"ڤیدیۆكە راستە، بەڵام لە جوڵەیەكی عەفەویی دەچێت"

لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆییە دەكرێت كە گومانی لە روداوەكەی حەمدانییە دروستكردووە

وێنەكە لە گرتە ڤیدیۆەكە دەرهێنراوە.

عەمار عەزیز

لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆیە دەكرێت كە تیایدا گەنجێك دوو پەنجەی دەستی راستی وەك ئاماژەیەكی "سەركەوتن" لەكاتی روداوەكەی حەمدانییە بەرزكردۆتەوە، بەڵام سێ سەرچاوە كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، داوادەكەن خەڵك چاوەڕێی ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بكەن و بەگشتی مەبەستەكانی پشت گرتە ڤیدۆیەكە وەك ئەوەی سۆسیال میدیا وێنای دەكات رەتدەكەنەوە.

دوو رۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك دەزگای راگەیاندن ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەكی بەربڵاو، بڵاودەكرێتەوە و تیایدا گومان دەخەنەسەر روداوەكە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لێپرسراوانی نەینەوا و حەمدانییە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەو گرتە ڤیدیۆیە.

سەعد خەتابی، وتەبێژی بەرگری شارستانی نەینەوا بە (کەرکوک ناو)ی وت "لێكۆڵینەوەمان  لەو ڤیدیۆیە كردووە كە تیایدا کەسێک دوو پەنجەی خۆی بەرزكردۆتەوە لەكاتی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانییە، ڤیدیۆكە راستە، بەڵام پێناچێت هیچ مەبەستێك لە پشت ئەو جوڵەیەوە بێت، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی ئێمە ئەو جوڵەیەی ئەو گەنجە عەفەوی (لەخۆوە) بووە و هیچ مەبەستێكی لە پشتەوە نییە، بەڵام هێشتا لە لێكۆڵینەوەی بەردەوامداین".

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی ئێمە ئەو جوڵەیەی ئەو گەنجە عەفەوی (لەخۆوە) بووە و هیچ مەبەستێكی لە پشتەوە نییە

لەبارەی زانیاریی نوێ لەسەر روداوەكە، وتی "هوڵەکە لەسەر زەوییەکی زیادەڕۆ دروستکراوە، سەرپێچی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی کراوه و مەرجی سەلامەتی تیا نەبووە، بەڵام جارێ لێكۆڵینەوەی كۆتایی ماوە".

شەوی 26ی ئەیلول ئاگر لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 110 كەس گیانیانلەدەستداو دوو هێندەش برینداربون، ئەوەش لەكاتی ئاهەنگێكی بوك گواستنەوەدا.

لەسەر روداوەكە خاوەنی هۆڵەكە و هەشت كەسی تر دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هاوكات حكومەتی عیراق لەسەر ئاستی باڵا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێناوە و بڕیارە یەكشەممە یەكی تشرینی یەكەم ئەنجامەكەی ئاشكرابكرێت. بەپێی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق.

لە دوو رۆژی رابردودا سۆسیال میدیا پڕبوو لەو گرتە ڤیدیۆیەی ئەو گەنجەی دوو پەنجەی دەستی بەرزكردۆتەوە، سەدان كەس بە كۆمێنت گومانیان لەسەر روداوەكە دروستكرد.

رەفعەت سەمۆ، یەكێك لە جێگرانی پارێزگاری نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا چەندین دەنگۆ بڵاوبونەتەوە و هیچی پشتڕاستنەكراونەتەوە، تەنانەت ئەو گومانانەی لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی ئەو گەنجەش بڵاوبۆتەوە هەر راست نییە و پشتڕاستنەكراونەتەوە، هەموی قسەی خەڵك و سۆسیال میدیایە، لێرە و لەوێ سەدان قسە كراون، دەبێت بوەستین بزانین چ قسەیەك راستە و چی هەڵەیە، هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکوڵینەوەن، واباشترە پێش لێكۆڵینەوەكان نەكەوین".

دەبێت بوەستین بزانین چ قسەیەك راستە و چی هەڵەیە

"ئەوانەی دەستگیرکراون هەر نۆیان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەمزووانە راستی روداوەكان ئاشكرادەبن و بڵاودەبنەوە، بەڵێن بە كەسوكاری قوربانیان دەدەین راستییەكەیان پێ بڵێین".

یەكەم شەوی روداوەكە، بەرگری شارستانی نەینەوا هۆكارەكەی بۆ یاریی ئاگرین لەناو هۆڵەكەدا گێڕایەوە و جەحتیكردەوە ئەو هۆڵە هیچ مەرجێكی سەلامەتی تیانەبووە.

عەمار یاکۆ، لێپرسراوی کڵێسای تاهیر ئەلکوبرا لە حەمدانییە – زۆرینەی قوربانییەكان كریستیان بون-، لەبارەی روداوەكە و دەنگۆكانەوە وتی "ناتوانین بڵێین روداوەكە دەستی لەپشت بووە، یان لایەنێك ئەنجامیداوە، وەك ئەوەی هەندێك دەیانەوێت ئەو گومانە دروستبكەن، ئێمە مامەڵە لەگەڵ شتی رەسمیدا دەكەین، چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەو لیژنانە دەکەین کە حکومەت پێکیهێناون بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان... ئێمە باوەڕمانوایە ئەو لیژنانە بەشێوەیەکی باش و ورد كاری خۆیان دەکەن... هەركات لیژنەكە كارەكانی تەواوبوو و لێكۆڵینەوەكانی ئاشكراكرد ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT