چۆن پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەردەهێنرێت؟

كەركوك/ 5ی تشرینی یەكەمی 2023/ یەكەم رۆژی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلكترۆنی. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی كەركوك، دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی راگەیاند، وەك جێگرەوەی پاسپۆرتە كۆنەكە، رێكارەكانی دەرهێنان، تیچوو و شێوازی پاسپۆرتەكەش جیاوازە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەكەم، یەكەم رۆژی دەستپێكردنی پاسپۆرتە ئەلیكترۆنییەكە بوو، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق و لەسەر داوای دەسەڵاتی فڕۆكەوانی.

عەمید سرود عەبدوڵا جاف، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ هاوكاریكردن و كارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی كەركوك بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی، لە ئەمڕۆوە پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی جێگەی پاسپۆرتەكە كۆنەكە دەگرێتەوە".

چۆن پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەردەهێنێت؟

لە یەكەم هەنگاودا هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێی ئاپێكەوە كە لەسەر مۆبایل دایدەبەزێنن یاخود لەڕێی وێبسایتەوە لە كۆمپیوتەرەكانیان نۆرە (حجز)ی رۆژێك بكەن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت؛ كە تیایدا دەتوانن رۆژەكە و كاتژمێری سەردانەكەش بەپێێ ئارەزوی خۆیان دیاریبكەن.

ئێستا ئەو (حجز)ـە ئەلیكترۆنییە (https://www.epp.iq/home) تەنیا كاتژمێر 9 بۆ 10ـی شەوانی پێنجشەممە چالاكە و تیایدا وادەی یەك هەفتەی دواتر دیاریدەكرێت.

لە هەنگاوی دواتردا هاوڵاتیان تەنیا كارتی زانیاریی و كارتی نیشتیمانیی لەگەڵ خۆیاندا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە دەبەن، واتە جگە لەوە پێویستیان بە هیچ ناسنامە و كۆپی ناسنامە و وێنەیەك نییە لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە و پێویست ناكات بنچە نوسینگەكانی راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان.

هەبونی كارتی نیشتمانی مەرجە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی

دوابەدوای ئەوە هاوڵاتیان دەچنە بەڕێوەبەرایەتییەكە؛ لەوێ ژمارەیەك رادەكێشێت لە ئامێرێكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ نۆرەگرتن و چاوەڕێ دەكات تاوەكو لە شاشەیەكی گەورە ژمارەكەی دەردەكەوێت و دەخوێنرێتەوە، ئەوكات دەست بە مامەڵەكانی دەكات.

Pasportt
كەركوك/ 5ی تشرینی یەكەمی 2023/ لای راست وێنەی نمونەیەكی پاسپۆرتی ئەلكترۆنییە، لای چەپ نمونەیەكی پاسپۆرتە كۆنەكەیە. وێنەكە لەناو بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی كەركوك گیراوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی، بەسمەی چاو، پەنجەكانی دەست هەر لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكە دەكرێت و لەوێش وێنەی دەگرن، دواتر بەپێی وتەی عەمید سرود عەبدوڵا، "هەمان رۆژ و دوای 45 خولەك لە تەواوكردنی مامەڵەكەی پاسپۆرتەكەی پێدەدەن".

تێچوی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی تەنیا 91 هەزار دینارە و بە كارتی بانكی وەردەگیرێت.

واتە مەرجە بۆ دەرهێنانی ئەم پاسپۆرتە نوێیە، هاوڵاتیان فیزا كارت-ـیان پێبێت كە لە بانكەكان بۆیان دەردەهێنن، ئەگەر كارتی بانكی تایبەت بە خۆی نەبێت، ئەوا هەندێك لەو نوسینگانەی كە مامەڵەی راییكردنی پاسپۆرتە كۆنەكەیان دەكرد، كارتی بانكی بەشێوەیەكی كاتی بە هاوڵاتیان دەدەن تا مامەڵەی تەواو دەكات، لە بەرانبەردا بڕی 95 هەزار دینار وەردەگرن.

بەپێی وتەی لێپرسراوانی پاسپۆرتی كەركوك، بە پێچەوانەی پاسپۆرتە كۆنەكە كە 25 هەزار دیناری تێدەچوو و بە كاش پارەكەیان وەردەگرت، ئێستا بەهیچ شێوەیەك پارەی دەستی لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت جگە لەو پارەیەی بۆ فیزا كارتەكە لێی وەردەگرن.

عەمید سرود، جەختیكردەوە "بەبێ كارتی نیشتیمانی و كارتی زانیاریی، پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەرناهێنرێت، داوا لە هاوڵاتیان دەكەم لەمەودوا بەرلەوەی بێنە پاسپۆرت، كارتی نیشتیمانی دەربكەن".

ڤیدیۆیەكی وەزارەتی ناوخۆ: رونیدەكاتەوە چۆن دەتوانیت سەرەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلكترۆنی وەربگریت

پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق و لەسەر داوای دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق بڕیارە لە تەواوی عیراق جێبەجێبكرێت، تائێستا لە چەندین پارێزگا و ناوچە كەوتۆتە كار لەوانە بەغدا، سلێمانی و بەسرە و ئێستاش كەركوك.

"ئەم پاسپۆرتە جیهانییە و زۆر متمانەپێكراوە، لەڕوی هونەریی و ئەمنییەوە زۆر پێشكەوتوترە و تەزویر ناكرێت".

لەمەودوا، كار بە دەرهێنانی پاسپۆرتە كۆنەكە ناكرێت، بەڵام ئەوانەی مامەڵەكانیان تەواوكردووە پاسپۆرتە كۆنەكەیان پێدەدرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) لە ئێستادا مامەڵەی 22 هەزار هاوڵاتی پاسپۆرتە كۆنەكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكە تەواوبووە، بەڵام 1000 دەفتەری پاسپۆرت هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT