چوار لیست و 100 كاندید
كورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە كێبڕكێی هەڵبژاردنی نەینەوا

كه‌ركوك، ئایاری 2018/ دوو هاوسەر بە جلوبەرگی كوردییەوە. دوای دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی عیراق لە ناوەندێكی دەنگداندا. فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

كورد بە چوار لیست و هاوپەیمانی جیاواز دەچێتە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 26 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی 2023، بۆ ئەوەش یەكتر بە هۆكاری پەرتەوازەییان تۆمەتباردەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكات، بەڵام یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئیتیحاد ئەهل نەینەوا، لەگەڵ ژمارەی حزب و لایەنی عەرەبی و پێكهاتەی جیاواز.

هەرچی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە بەجیا و حزبی شیوعی كوردستانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی قیم ئەلمەدەنی بەشداردەبێت. بەگشتی نزیكەی بە 100 كاندیدەوە دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پارێزگای نەینەوا بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەك بازنەی هەڵبژاردنە و 29 كورسی هەیە – سیانیان بۆ كۆتاكان-.

عەبدوڵا گۆران، لێپرسراوی بەشى هەڵبژاردن لە مەڵبەندى نەینەوای یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەرلەوەی ناوی كاندید و لیست و هاوپەیمانێتییەكان بڵاوبكرێنەوە، وەكو یەکێتى زۆر هەوڵماندا لەگەڵ هەموو حزب و هێزە سیاسییەکانى کورد، لیستێکى هاوبەشمان بۆ پارێزگاى نەینەوا هەبێت، بەڵام هیچ لایەنێک قبوڵیان نەکرد، ماوەیەکى زۆریش وەستاین و لیستى خۆمان پێشکەش نەکرد، بەڵام دیاربوو سودی نەبوو، بۆیە لەگەڵ چەند حزبێکی عەرەبى و چەند کەسایەتییەكی نەینەوا لیستێکى هاوبەشمان پێکهێنا".

چەند حزبێكی كوردی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا بەشداربون، لەم هەڵبژاردنە بەشدارنەبون، لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی.

خەلیل ئیبراهیم، لێپرسراوی راگەیاندنى یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان بە (کەرکوک ناو)ى وت "هۆكاری بەشدارنەبونی ئێمە بۆ دۆخى تایبەتى پارێزگاى نەینەوا دەگەڕێتەوە".

bangasha-xanaqi-3-copy
دیالە/ ئەیلولی 2021/ ئاڵا و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە شەقامێكی سەرەكی ناوەندی قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

جگە لە یەكێتی و پارتی، تائێستا هیچ حزبێكی كوردی نەیتوانیوە كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەمان پارێزگا بەدەستبهێنێت.

پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت بەنیازە كورسییەكانی لەم هەڵبژاردنە زیاتر بكات، بۆ ئەوەش كاندیدی پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەییەكانی تریشیان لەگەڵە.

لە خولی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا-دا پارتی و یەكێتی بە یەك لیست بەشدارییان كردو توانیان 11 كورسی بەدەستبهێنن، لەگەڵ دوو كورسی كۆتا، بەوەش توانیان سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و جێگری پارێزگار بۆ خۆیان ببەن و بەتایبەت پارتی دیموكرات ببێتە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە.

مەناف حەسەن، لێپرسراوی بەشى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لقی نەینەوای حزبەكە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "لیستێکى سەربەخۆمان بە 52 كاندیدەوە پێشكەش كردووە و ئامادەین بۆ كێبڕكێیەكە... کاندیدەکانمان لە هەموو پێکهاتەیەکى پارێزگاكەی تیایە، وەك عەرەب، توركمان، ئێزیدی، شەبەك و كریستیانی...بەڵام لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک رێککەوتنمان نەکردووە".

لەبارەی بەشداریكردن لەگەڵ یەكێتی لە هەڵبژاردنەكەدا، وتی "رێککەوتن لەگەڵ یەکێتى ناکەین، چونکە ئەوان رۆیشتون لەگەڵ چەند حزبێكی دژە كورد رێككەوتنیان كردووە، لایەنەكانی تری وەك یەكگرتوو و كۆمەڵ بەشدارنەبون، لەڕاستیدا باروۆدخی نەینەوا بەشێوەیەكە كە وای دەخواست پارتی بەجیا بەشداریی بكردایە... یەك دەنگ بۆ كورد بۆ دۆخی ئێستای نەینەوا زۆرە، ئێمە هەوڵدەدەین ژمارەی كورسییەكانمان زیادبكەین".

کاندیدەکانمان لە هەموو پێکهاتەیەکى پارێزگاكەی تیایە، وەك عەرەب، توركمان، ئێزیدی، شەبەك و كریستیانی...بەڵام رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ناكەین

بەڵام یەكێتی-ش هەمان گلەیی لە پارتی دیموكرات دەكەن، عەبدوڵا گۆران، لێپرسراوەكەی یەكێتی لە نەینەوا وتی "لە هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كورد یەكگرتووتر بوو، لانیكەم لەگەڵ پارتی پێكەوە بەشداربوین و وەكو یەكێتی سێ كورسیمان بەدەستهێنا، بەڵام بەداخەوە لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە پارتی لەگەڵ حزبی تر رێككەوت و ئێمە پشتگوێ خراین، بۆیە بوینە ئۆپۆزسیۆن".

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ـدا، لە پارێزگای نەینەوا ملیۆنێك و 838 هەزار و 460 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 894 هەزار و 987 كەس دەنگیاندا، كە دەكاتە رێژەی سەدا 48.68، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT