پاشەڕۆی پەلەوەر بە تامی ئالیك

كفری/ ئەیلولی 2023/ خاتونێك لەكاتی چاودێریكردنی ژمارەیەك مەڕو ماڵات لە گوندێكی قەزای كفری. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد

بەشێك لە ئاژەڵداران ناچارن پاشەڕۆی پەلەوەر بە ئاژەڵەكانیان بدەن، ئەوەش وەك جێگرەوەی ئالیك و لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، بەوهۆیەوە گۆشتی ناتەندروست بۆ بازاڕ بەرهەمدەهێنن و زۆرینەشیان ئاژەڵەكانیان لەدەستداوە.

پێدانی پشەڕۆی پەلەوەر بە ئاژەڵ بە چەند مەرجێك رێپێدراوە، بەڵام زۆرێك لە ئاژەڵداران مەرجەكان رەچاوناكەن و گوێیان نەداوە بە هۆشدارییەكانی ڤێتێرنەری لەسەر ئەو پرسە.

بەكارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر لەوانەش مریشك وەك ئالیك بۆ ئاژەڵ لە ناوچەی گەرمیان لە چەند ساڵی رابردودا پەرەیسەند، كاتێك بەهۆی كەمی بارانبارینەوە، ئاژەڵداران كێشەی لەوەڕگایان بۆ دروستبوو. ئەمە زۆرێك لە ناوچەكانی تریشی گرتۆتەوە لەوانە كەركوك.

بۆ خێزانە حەوت كەسییەكەی فاتمە محەمەد (50ساڵ)، تا دوو ساڵ لەمەوبەر لە گوندەكەی خۆیان (یەكە چاڵا) لە سنوری قەزای كفری هەمووشت باشبوو، تا لە ماوەی چەند مانگێكی كەمدا دوو لەسەر سێی مەڕو ماڵاتەكەی لەدەستدا.

فاتمە وتی "لە ساڵی 2021 بەدواوە چیتر لەوەڕگا نەما، وشكەساڵی وایكرد پاشەڕۆی مریشك بكڕین و وەكو ئالیك بە ئاژەڵەكانیان بدەین، ئەوەش بە پارەیەكی زۆر".

ئەوان هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری پاشەڕۆی مریشكیان بە ملیۆنێك و 300 هەزار دینار دەكڕی.

"رۆژانە پاشەڕۆكەمان پێیاندەدا و دەیانخوارد و كێشەیان نەبوو، بەڵام لە چەند مانگێكی كەم لەكۆی 150 سەر مەڕوماڵات 100یان مردن".

mar
كفری/ ئەیلولی 2023/  ژمارەیەك مەڕو ماڵات لە گوندێكی قەزاكە. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

فاتمە، كە هاوژینەكەی بە تەمەنە و زیاتر خۆی و كوڕەكانی سەرپەرشتی بەخێوكردنی ئاژەڵەكانیان دەكرد، وتی "دكتۆری ڤێتێرنەریمان هێنا، هۆكارەكەی بۆ پاشەڕۆی ئاژەڵ گەڕاندەوە و وتی نەدەبوو پێتانبدایە".

ئەو خێزانە ناچاربون 50 ئاژەڵەكەی تر بفرۆشن و لە هەمان ساڵدا گوندەكە چۆڵبكەن، ئێستا لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلار دەژین لە پارێزگای سلێمانی لە باكوری عیراق. لەكاتێكدا تاكە سەرچاوەی بژێوی ژیانی ئەو خێزانە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی بوو.

ئەم چیرۆكەی فاتمە، چیرۆكی دەیان خێزانی تری گوندنشینی هەمان ناوچەیە، كە بەهۆی نە شارەزاییان لە بەكارهێنانی پێدانی پاشەڕۆی مریشك و جێبەجێنەكردنی مەرجەكان توشی زیان بون.

عەلى کەریم (48ساڵ) و خێزانە هەشت كەسییەكەی بە دۆخێكی هاوشێوەی خێزانەكەی فاتمەدا تێپەڕدەبن، ئەو چوار ساڵ لەمەوبەر 150 سەر مەڕوماڵاتی بە قەرز كڕی، بەڵام لە ساڵانی 2021 و 2022 كێشەی لەوەڕگایان بۆ دروستبوو، "ئاژەڵەكانمان برسییان بوو، چونكە پوش و پاوان نەما، ناچار وەك خەڵكی تری ناوچەكە پشتمان بە پاشەڕۆی مریشكی دەواجنەكان بەست... پێنج ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پاشەڕۆمان كڕی، بۆ هەر بارهەڵگرێك ملیۆنێك و 400 هەزار دینارمان خەرجكرد".

"رۆژی یەکەم پاشەڕۆکانمان بە مەڕەکانماندا هیچ کێشەیەکیان نەبوو، بەڵام بۆ رۆژانی دوایی 27 سەر مەڕ مرداربونەوە، ئێمە زۆر زەرەرمەندبوین، دەرزی و دەرمانمان پێدان سودی نەبوو، پزیشكی ڤێتێرنەری وتیان بەهۆی پاشەڕۆی مریشكەوە ژەهراوی بون".

رۆژی یەکەم پاشەڕۆکانمان بە مەڕەکانماندا هیچ کێشەیەکیان نەبوو، بەڵام بۆ رۆژانی دوایی 27 سەر مەڕ مرداربونەوە

بەگشتی بەشێك لە ئاژەڵدارەكان زەویوزاری پێویستیان نییە تا بتوانن خۆیان پێداویستییەكانی ئالیك بەرهەمبهێنن، ئەوەش لەسەدا 80ی ئاژەڵدارەكانی ناچاركردووە پشت بە پاشەڕۆی مریشك ببەستن، بەپێی ئاماری فەرمانگەی سامانى ئاژەڵى گەرمیان.

عەلی كەریم وتی "پارەی ئالیكی سروشتیم نەبوو، زەویشم نەبوو تا بیچێنم بۆ لەوەڕگا، بۆیە هەرزانترین شت كە بیكەم كڕینی پاشەڕۆی مریشك بوو".

لە ئێستادا ئەو ئاژەڵدارە، دەڵێت "پاشەڕۆی مریشك دەكڕم و لەگەڵ كا و جۆدا تێكەڵی دەكەم، ئەوە باشترە و ئاژەڵەكان نامرن".

لەوكاتەی بارهەڵگرێك پاشەڕۆی ئاژەڵ گەیشتە ملیۆنێك و 300 بۆ 400 هەزار دینار، نرخی یەك تۆن جۆ 900 هەزار دینار بوو، جۆرەكانی تری ئالیك بۆ هەر تۆنێك گەیشتە 700 هەزار  بۆ 850 هەزار دینار.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان – ئیدارەیەكی سەربەخۆیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی-، 143 كێڵگەی پەلەوەر هەیە، هەمویان پاشەڕۆی پەلەوەرەكانیان بە ئاژەڵداران دەفرۆشتەوە.

بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵى گەرمیان، جەختیكردەوە كە بەپێی رێنماییەكانیان پێویست بوو هەموو كێڵگە پەلەوەرییەكان پاشەڕۆی پەلەوەرەكانیان بسوتێنن، بەڵام ئەو رێنماییەیان جێبەجێ نەكردووە و روبەڕوی هیچ سزایەكیش نەبونەتەوە.

marr
كفری/ ئەیلولی 2023/ دوو ژن سەرقاڵی پاككردنەوەی تەویلەی مەڕو ماڵاتەكانیان.  فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

"هۆكاری سەرەكی پشتبەستن بە پاشەڕۆی مریشك بەهۆی وشكەساڵی و نەبونی لەوەڕگاوەیە... تائێستاش كێڵگە پەلەوەرییەكان هەر بەردەوامن لە فرۆشتنی پاشەڕۆ".

بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵى گەرمیان دەڵێت لە دواین هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی پاشەڕۆكان لەناوبەرن، خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان وتویانە "ئێمە زیانمان كردووە و بە فرۆشتنی پاشەڕۆكان قەرەبوی زیانەكان دەكەینەوە".

هەر بەپێی رێنماییەكانی سامانى ئاژەڵى گەرمیان پێویستە پاشەڕۆكان ریسایكلین بكرێنەوە، ئینجا وەكو ئالیك بدرێت بە ئاژەڵ، بەڵام لە ناوچەكە هیچ كاریگەرییەكی ریسایكلینی لێ نییە.

لە ڕوی زانیستییەوە رێپێدراوە پاشەڕۆی مریشك و پەلەوەر بدرێت بە ئاژەڵ، بەڵام بەڕێژەی لەسەدا 20، ئەوەش بەو مانایەی دەبێت لەسەدا 80كەی تر ئالیكی جۆراوجۆربێت، وەك عوسمان جەمال، پزیشكی ڤێرتێرنەری جەختیلێكردەوە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە هەرێمى کوردستان کارگەى جیاکردنەوەى پاشەڕۆى پەلەوەر نییە، پاشەڕۆکە بێ ریسایكلین دەدرێت بە ئاژەڵ، ئەوەش بۆ ئاژەڵەكە و بەرهەمەكەشی زیانی هەیە".

لە هەرێمى کوردستان کارگەى جیاکردنەوەى پاشەڕۆى پەلەوەر نییە

"هەندێك لە پاشەڕۆكان رێژەی كەڕوی تیایە، ژەهرێكی كوشندەیە و بە كوڵاندنی سەد لە سەدی گۆشتی ئاژەڵەكەش ناڕوات و دەمێنێتەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی چەندین نەخۆشی". عوسمان جەمال وایوت.

جەختیكردەوە "كاریگەرییەكی تر بۆ سەر بۆنی گۆشتەكەیە، بۆنەكەی ناخۆش دەبێت، هەروەها تامی گۆشتەكەش بەهەمان شێوە تامی گۆشتی ئاسایی نادات، جگە لەوە درەنگ ئەكوڵێت و جیڕ دەبێت... بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەو ئاژەڵەی پاشەڕۆی پەلەوەریان پێدەدرێت، دەتوانێت ببێتەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆس و بەكتریا بۆ مرۆڤ، تەنانەت كاریگەری ئەو دەرمانانەش كە بە مریشكەكە دەدرێت هەر لەڕێی پاشەڕۆكەیەوە كاریگەریی لەسەر مرۆڤیش دەبێت".

qasab
كەركوك/ نیسانی 2022/ بڕینی و پارچەكردنی گۆشتی گوێرەكە و ئاژەڵی گەورە لە كوشتارگەی مۆدێرنەی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەبارەی ئەوەی هاوڵاتیان چۆن دەزانن چ گۆشتێك تەندروستە و ئەو كاریگەرییانەی لەسەر نییە، عوسمان جەمال، وتی "رەنگی گۆشت رێگایەكی گرنگە بۆ ناسینەوەی گۆشتی تەندروست، ئەگەر رەنگى تۆخ و تێر و تاریك بوو، ئەوە مانای وایە گۆشتەكە تەندروست نییە، بەڵام ئەگەر گۆشتەكە رەنگی پەمەیی، یان سوری كاڵ بوو، ئەوا تەندروستە و ئالیكی تەندروستی پێدراوە".

هەروەها فاتمە محەمەد، كە ئێستا گوندەكەی بەجێهیشتووە و لە شار دادەنیشێت دەڵێت دوای ئەوەی 100 سەر ئاژەڵی مردووە، یەكێك لە مەڕەكانی سەربڕیوە بۆ ئەوەی بیخوات، وتی "لەكاتی كوڵاندنیدا گۆشتەكەی بۆنێكی زۆر ناخۆشی لێدەهات، دوای كوڵانی تامیشی ناخۆش بوو، تامی گۆشتی نەدەدا، بۆنی پاشەڕۆی لێدەهات".

ئەگەر رەنگى تۆخ و تێر و تاریك بوو، ئەوە مانای وایە گۆشتەكە تەندروست نییە

عوسمان جەمال، چەندین ساڵە پزیشكی ڤێرتێرنەرییە، رێنمایی ئاژەڵداران دەكات بۆ ئەوەی گۆشتێكی تەندروست بەرهەمبهێنن و ئاژەڵەكانیان دوربن لە نەخۆشی، ئەوا بۆ هەر 20 كیلۆ پاشەڕۆی پەلەوەر، پێویستە 100 كیلۆ پوش و جۆی تێكەڵ بكەن، ئینجا بیدەن بە ئاژەڵەكانیان.

لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە پێویستە بەر لە تێكەڵكردنیان بۆ ماوەی چوار رۆژ لەبەر خۆر دابنرێت بۆ ئەوەی شیبێتەوە و بەكتریا و ڤایرۆسە زیانبەخشەكان لەناوبچن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT