لە ناحیەی گرعوزێر، خوێندكارانی ئامادەیی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت 30كم ببڕن تادەگەنە خوێندنگەكەیان، بەهۆی ئەوەی هیچ خوێندنگەیەكی ئامادەیی نییە، ئەوەش 100 خوێندكاری ناحییەكەی گیرۆدە كردووە.
لەو ناحییەیەدا كە دەكەوێتە نێوان هەردوو قەزای شنگال و بەعاج لە خۆرئاوای نەینەوا، تەنیا وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ قۆناغی ئامادەیی كردۆتەوە، ئەو خوێندكارانەی كە سەر بە وەزارەتی هەرێمن و لە قۆناغی ئامادەیین و بە كوردی دەخوێنن، دەبێت بچنە شنگال.
بەسمە خدر، خوێندكاری پۆلی 12ی ئامادەیی لە گرعوزێر، وتی "ئەوە سێ ساڵە بۆ درێژەدان بە خوێندن دەبێت هاتوچۆی شنگال بكەین، ئێمە لەبەرئەوەی بە زمانی كوردی خوێندومانە، هەر دەمانەوێت بە زمانی كوردی بخوێنین، ئەگینا قۆناغی ئامادەیی سەر بە حكومەتی عیراق لە گرعوزێر هەیە، بەڵام خوێندن بە عەرەبییە".
گرعوزێر زیاتر لە 100 خوێندكاری خوێندنی كوردی هەیە و رۆژانە بە پاس دەچنە شنگال، بۆ ئەوەش دەبێت 30كم ببڕن.
بەگشتی خوێندكارەكان تا هەمویان كۆدەكرێنەوە كاتژمێرێكیان پێدەچێت تا دەگەنە شنگال. مانگانەش 40 بۆ 45 هەزار دینار دەدەنە كرێی هاتوچۆ.
"هەندێكمان بە چون و هاتن نزیكەی دوو كاتژمێر لەناو پاسدا دەبین، ئەو ماوەیە بۆ ئێمە زۆرە، دەمانەوێن لە ناحییەكەی خۆمان بخوێنین"، بەسمە وایوت.
هەندێكمان بە چون و هاتن نزیكەی دوو كاتژمێر لەناو پاسدا دەبین
دانیشتووانی ناحییەكە زۆرینەیان لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین و لە دوای شەڕی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) 2014 – 2017 لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا نەبونی چەندین خزمەتگوزاری پێویست بەرۆكی گرتون، لەوانەش رێگاوبان، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە.
حەسەن سەعید، لێپرسراوی پلاندانانی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شنگال بۆ خوێندنی كوردی – سەر بە حكومەتی هەرێم- وتی "دوای گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەكان بۆ ناوچەكە، هاوینی رابردوو بڕیاری كردنەوەی هەشت خوێندنگەی نوێمان لە قەزای شنگال داوە، لە نێویاندا ئامادەیی گرعوزێر، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە، مامۆستای پێویستمان نییە و هێشتا نەمانتوانیوە لەو ئامادەییە دەست بە دەوام بكەین".
"بەگشتی نەبونی قۆناغی ئامادەیی زیانی هەبووە بۆ پرۆسەی خوێندن لەو ناوچەیە، بەڵام لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەركردن".
گرعوزێر لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەپێی دەستوری عیراق، هاوكات لەڕوی ئیداریشەوە ناوچەیەكی كێشە لەسەرە لە نێوان هەردوو قەزای بەعاج و شنگال لە نەینەوا.