سەلوان مومیكا مۆڵەتی مانەوە هەمیشەییەكەی لە سوید لێوەرگیراوەتەوە و بڕیاری دەركردنی لەو وڵاتە دراوە، بەڵام نە مومیكا بۆ عیراق دەگەڕێنرێتەوە، نە بڕیارەكە پەیوەندی بە سوتاندنی قورئانەوە هەیە.
دەزگای كۆچی سوید پێنجشەممە 26ی تشرینی یەكەم، بڵاویكردەوە كە سەلوان مومیكا، هاوڵاتی عیراقی نیشتەجێی سوید، مۆڵەتی مانەوەكەی (ئیقامە) لە سوید لێوەردەگیرێتەوە و لەو وڵاتە دەردەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە لە داواكاریی بۆ مافی پەنابەری زانیاریی هەڵەی بە دەزگاكە داوە.
بەڵام یەسپەین تەیروت، وتەبێژی میدیایی دەزگای كوچیی سوید، ئەمڕۆ هەینی 27ی تشرینی یەكەم، بە بەشی زمانە بیانییەكانی رادیۆی سویدی وتووە "هۆكاری دەركردنی مومیكا سوتاندنی قورئان نییە و ئەوەش نییە كە بوبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی سوید. بەڵكۆ بەهۆی ئەوەوەیە كە لە هۆكاری داوای پەنابەریییەكەیدا زانیاری هەڵەی بە دەزگای كۆچی سوید داوە".
دەركردنی مومیكا بەهۆی ئەوەوەیە كە لە هۆكاری داوای پەنابەریییەكەیدا زانیاری هەڵەی بە دەزگای كۆچی سوید داوە
جەختیشیكردەوە "لە ماوەی هاویندا زانیاری نوێیان لەسەر مومیكا پێگەیشتووە، هەر بۆیە كەیسەكەی جارێكی تر نوێكراوەتەوە و بڕیاردراوە كە ئیقامەكەی لێوەربگیرێتەوە و لە سوید دەربكرێت".
بەڵام دەزگای كۆچ لە هەمانكاتدا دەڵێت كە بڕیاری دەركردن و ناردنەوەی مومیكا ناتوانرێت جێبەجێبكرێت، بەهۆی ئەوەی مومیكا خەڵكی عیراقە و ئەگەر بنێردرێتەوە "مەترسی ئەشكەنجە و مامەڵەی نا مرۆڤانەی تری لەسەرە و بەو هۆیەوە مومیكا ئیقامەیەكی نوێی كاتی دراوەتێ تا ناوەڕاستی نیسانی ساڵی داهاتوو".
یەسپەین تەیروت وتیشی "سوید پابەندی پەیماننامە نێو نەتەوەییەكانە و بەو پێیە قەدەغەیە كەسێك بنێردرێتەوە كە مەترسی ئەشكەنجە و سزای مردنی لەسەر بێت".
هاوكات ئالیس كولباری، نوێنەری فەرمی مومیكا بەهەمان رادیۆی وتووە "دەزگای كۆچ بڕیاری دەركردنی مومیكای لە سوید داوە، بەڵام ناوبراو ئیقامەی كاتی وەرگرتووە".
سەلوان مومیكا كە چەند جارێك و لە چەند شارێكی سوید قورئانی پیرۆزی سوتاندووە، بڕیاریداوە سكاڵا لەسەر بڕیاری دەركردنەكەی بەرزبكاتەوە.
سەلوان مومیكا بڕیاریداوە سكاڵا لەسەر بڕیاری دەركردنەكەی بەرزبكاتەوە
سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن مومیكاوە، بووەهۆی كاردانەوەی توند لەلایەن ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهانییەوە، هەروەك حكومەتی سوید رایگەیاند كە بۆتە بەرزكردنەوەی ئاستی هەڕەشەی تیرۆریستی لەسەر وڵاتەكەیان.
مومیكا كە لە ساڵی 2021دا مۆڵەتی مانەوەی لە سوید وەرگرت، ئێستا لێوەرگیراوەتەوە و لەبری ئەوە مۆڵەتی مانەوەی كاتی پێدراوە تا مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو. ئەوەش بە مانای ئەوە دێت كە ناتوانرێت بڕیاری ناردنەوە و دەركردنی لە سوید جێبەجێبكرێت.
بڕیاری ناردنەوە یان دەركردن لە سوید بۆ هەركەسێك بە مانای ئەوەیە، كە ئەو كەسە تا پێنج ساڵ مافی هاتنەوەی بۆ سوید نییە.
حكومەتی عیراق ئەم هاوینە داوای رادەستكردنەوەی مومیكای لە سوید كرد بەهۆی سوتانی قورئانی پیرۆز، بڕیارەكەش لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە 18ی مانگی تەمموز گەیشتە سوید.