ماڵی مام ئەركان بە خێزانی دەست و مەچەكیان لە قوڕدایە، تا بە هەرەوەزی دراوسێكانیان هەرچی كون و كەلەبەری خانووەكەیان هەیە بیشارنەوە، پێش بارانی بەخوڕی پاییز.
ئەو كارە هەرەوەزییەی خێزانی مام ئەركان، پێیدەڵیێن "دووسواقە"، هەموو وەرزێكی پاییز و بارانبارین لە گوندەكانی قەزای داقوق (باشوری كەركوك) دوبارە دەبێتەوە و بۆ ئەوەیە؛ رێگری بكەن لە دڵۆپە و چوونە ناوەوەی ئاوی باران بۆ ناو خانووە قوڕەكانیان.
"دووسواقە بۆ پارێزگاریكردنە لە خانووە قوڕەكانمان، ئەگەر ئەوە نەكەین، ئەوا لەكاتی بارانباریندا وەك ئەوە وایە لە دەرەوە دانیشیت نەك لە ناو خانوودا، هێندە ئاو دێتە ژورەوە" ئەركان سەعید، ناسراو بە مام ئەركان كاكەیی لە گوندی تۆپزاوە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو دەڵێت لەگەڵ بارانبارینی پاییز، "ئەوكاتەی پێیدەڵێن باران پرزە پرزەی كرد، ئێمە بە هەرەوەزی دووسواقە دەكەین، چونكە ئەو بارانە لای ئێمە دەڵێن بۆ ئەوەیە تەمبەڵ ئاگاداربكاتەوە كە دووسواقە بكەن".
"دوو سواقە" قوڕاوێكی خەست و بێ زبرییە، خۆڵی سوری بۆ كۆدەكرێتەوە و لە وردە بەرد پاكدەكرێتەوە، دواتر لەگەڵ ئاو و پوشی ورد تێكەڵ دەكرێت، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بەجێدەهێڵرێت تا ئەبێتە قوڕێكی ورد كە زبری تێدا نەبێت.
دواتر ئەو قوڕاوە هاوشێوەی لەبغ یان سەقفێكی تەنكی كۆنكرێت، سەربانی خانووەكانی گوندی پێ دادەپۆشرێت.
دایكی ئیمان، سەرقاڵی سواقی خانووەكەیانە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی، دەڵێت لەو رۆژە هەرەوەزییەدا، خواردنی تایبەت و خۆماڵی ئامادەدەكرێت، وەكو ترخێنە بە رۆنی ئاژەڵی كە هەر خەڵكی گوندەكە بەرهەمیانهێناوە، خۆیان ئامادەی دەكەن، ئەو وتی "جاران لەو رۆژەدا خەڵكی گوند هەمووی هاوكاری یەكتری بون و زۆرجار ئاهەنگی گەورەیان دەگێڕا".
خەڵكی گوندەكانی داقوق، كە بەشێكیان لە پێكهاتەی كاكەیین، بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
ناجی فارس، لە گوندی زەنقر-ـە، خەمی ئەوەیەتی تادێت ئەو نەریتانەی لە گوند هەن كاڵ دەبنەوە، بە تایبەت بۆ "دووسواقە"، چونكە بەشێك لە خانووەكانی گوند ئێستا كراون بە بلۆك، "زۆرێك لە خانووە قوڕەكانی گوند نەماون لەكاتێكدا دانیشتن هەر لە خانووی قوڕدا خۆشە، بۆ هەموو وەرزەكان".
خانووی گوند پێشتر بە خشتی لە قوڕ دروستكراو یان بە بەرد دیوارەكەی دروستدەكرا، دواتر بە قوڕ لە بری چیمەنتۆ هەموو دیوارەكە دادەپۆشرا و پاشان سەقفی خانووەكەش دارەڕا بوو.