وەزارەتی نەوتی عیراق، پڕۆژەی گواستنەوەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵەوە بۆ كەركوك رادەگەیەنێت، بەپێی وەزارەت و كۆمپانیای نەوتی باكور لەناوخۆدا و بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە كەركوك بەكاردەهێنرێت.
وەزارەتی نەوت یەكشەممە 5ی تشرینی دووەم لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لە تەواوكردنی پڕۆژەی راكێشانی بۆری گواستنەوەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك.
بەپێی راگەیەنراوەكە پڕۆژەكە بەدوو قۆناغ دەبێت و هاتووە "ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە كەركوك".
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو بۆرییە پێشتر لە نێوان كۆرمۆر و جمبور هەبووە، ئێستا لقێكی تری لێكراوەتەوە و بۆرییە كۆنەكەش نۆژەنكراوەتەوە، بۆ ئەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆر بگوازرێتەوە بۆ كەركوك".
جەختیكردەوە "غازەكە بەهیچ شێوەیەك بۆ فرۆشتن نییە، تەنیا لە ناوخۆدا و بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بەكاردەهێنرێت".
غازەكە بەهیچ شێوەیەك بۆ فرۆشتن نییە
غازەكە بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) راستەوخۆ بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای ناحیەی تازە بەكاردەهێنرێت، كە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە پارێزگای كەركوك.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە بارەی پڕۆژەكەوە دەڵێت "کارەکانی جێبەجێکردنی بۆرییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا لە پارێزگای کەرکوک، کۆمپانیای غازی باکور و کۆمپانیای نەوتی باکور، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و پرد و رێگاوبان ئەنجامدراوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە چەندین ساڵە دۆخی كارەبا لە كەركوك خراپە و ساڵانە خەڵكی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام رون نییە بەرهەمی كارەبای وێستگەكە دوای گەیشتنی غاز لە كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك تەنیا بۆ پارێزگاكە دەبێت یاخود نا.