ژمارەیەك لە پارتی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی داوا لە هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن كۆتایی بە كەیسی ئاوارەیی بهێنرێت، ئەوەش لەڕێی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شنگال و دانانی ئیدارەیەكی تۆكمە.
ئەو پارت و پێكهاتانە كە لە چوارچێوەی دەستەیەكدا پێكەوە كاردەكەن، بەناوی هەماهەنگی پێكهاتە و هێزە نیشتیمانییەكانی شنگال، هەفتەی رابردوو لە بەغدا لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوە.
رەنا حەسەن، ئەندامی وەفدەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "شنگال بە قوناغێکی سەختی سیاسی، ئیداری و خزمەتگوزارییدا تێدەپەڕێت، ئەم دەستەیەی ئێمە هەوڵدەدات دەنگی خەڵكی ناوچەكە بە حكومەت و سەركردە عیراقییەكان بگەیەنێت"، زیاتر وتی "پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، دانانی ئیدارەیەکی قبوڵکراو لەلایەن خەڵکەوە، لەگەڵ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕی داعشمان لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و سەركردە عیراقییەكان تاوتوێكرد".
"بە سەرۆك وەزیرانی عیراقمان وت نەبونی ئیدارە کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەیە، تەنانەت هۆكارە بۆ دوبارە ئاوارەبونەوەی خەڵكەكەی، چونكە هەست بە سەقامگیریی ئەمنی و ئیداریی ناكەن".
قەزای شنگال نزیكەی شەش ساڵ دوو ئیدارەی خۆجێیی هەبوو؛ یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكە و ئەویتر لە ساڵی 2017ەوە لە پارێزگای دهۆك مامەڵەی هاوڵاتیان راییدەكات. لە ئێستادا قایمقامێك بەوەكالەت لە پارێزگای دهۆكەوە مۆری قایمقامیەتی لایە و مامەڵەی هاوڵاتیان راییدەكات.
بۆ نمونە ئەگەر هاوڵاتییەك مامەڵەیەكی لەناو شەنگالدا هەبێت، پێویستە بۆ تەواوكردن و دەربڕینی رەزامەندی سەردانی دهۆك بكات.
رەنا حەسەن، وتی "لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پرسی دواكەوتنی قەرەبوکردنەوەی خەڵکی شنگالمان وروژاند، ئەویش هەر لەوێ پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا كرد و داوایكرد لەو پرسەدا كەمتەرخەمی نەكرێت".
هەماهەنگی پێکهاتە و هێزە نیشتیمانییەکانی شنگال، هەموو هێزە سیاسییەكانی شنگال تیایدا بەشدارن، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا زۆرترین دەنگی خەڵكی قەزاكەی بەدەستهێنا.
داود جندی، ئەندامی شاندەکە و لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ی وت "مانەوەی ئاوارەكان لە كەمپەكان كاتێكی زۆری خەیاند، لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق هاوڕابون کە دەبێت کۆتایی بە کەیسی ئاوارەکان بهێنرێت و خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
"یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوە بوو ئەو منحەیەی دەدرێت بە ئاوارە گەڕاوەكان زوتر خەرجبكرێت و دوانەكەوێت"، داود جوندی وایوت.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە 31ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ئەو سەردانەوە، جەختیكردەوە "پێویستە بە زوترین کات کۆتایی بەو دۆسیە مرۆییە بهێنرێت بە دڵنیابون لە گەڕانەوەی هەموو ئەو ئاوارانەی کە هێشتا لە دۆخێکی سەختدا دەژین لە کەمپەکانی ئاوارەکان".
قەزای شنگال ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق، 120كم لە موسڵ – ناوەندی پارێزگای نەینەوا- دورە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ سەدا 54ـیان خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.