باخەوانان بێئومێدبون
خورما بەناوبانگەكەی خانەقین؛ تێچوی بەرهەمهێنان لە فرۆش زیاترە

فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

لەكاتێكدا تۆن-ێك خورما بۆ باخەوانان 300 دۆلار دەكات، تێچوی بەرهەمهێنانی ساڵانە بۆ هەمان بڕ زیاترە، ئەوەش چەقی ئەو بێئومێدییەیە كە روی لە ئومێد جاویدی باخەوان كردووە لە خانەقین.

 ئەو قەزایە كە بە مێرگی بەرهەمهێنانی خورما بەناوبانگە لە ئێستادا لە پاشەكشێی تەواودایە. بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین لە 8000  تۆن بەرهەمی ساڵانەوە بۆ 4000 تۆن كەمیكردووە، ئەم گۆڕانكارییە لە 20 ساڵی رابردودا رویداوە.

تا چەند ساڵێك لەمەوبەر، ئومێد جاوید، ساڵانە 30 تۆن خورمای لە باشترین جۆرەكانی خورما بەرهەمدەهێنا و هەناردەی بازاڕی دەكرد، بەڵام لە دوو ساڵی رابردودا بۆ 16 تۆن كەمبۆوە.

هۆكارەكان هەرچەندە بەشێكی سروشتین، لەوانەش كەمی بارانبارین و خۆڵبارین كە هۆكارن بۆ نەخۆشی درەختەكان، بەڵام دەستگیرۆینەكردنی حكومەت بەپێی پێویست هۆكارێكی ترە.

جاوید وتی "لە سێ ساڵی رابردودا 40 دۆنم باخی خورمام لەناوچوو، هەندێكی سوتێنران و بەشێكیان بڕدرانەوە، بەشیكی تریان نەمانتوانی ئاوی پێویستی بدەین...".

لە سێ ساڵی رابردودا 40 دۆنم باخی خورمام لەناوچوو

هەر كیلۆیەك خورما بۆ جوتیاران لە بازاڕدا لە وەرزی پێگەیشتنیدا 400 دینار دەكات، ئەوەش بە بەراوردكردنی بە تێچوی بەرهەمەكەی "زۆر كەمە"، جاوید وتی "ئێستا خەمی گەورەمان ئەوەیە زەرەرنەكەین و بتوانین لانیكەم خەرجی بەرهەمهێنان پەیدابكەین".

xwrma.daquq
كەركوك/ 2023/ چەند بەرهەمێكی خورمای عیراق لە بازاڕێكی قەزای داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەمە نمونەیەكە لە چیرۆكی دەیان باخەوانی تری خانەقین لە پارێزگای دیالە، قەزاكە بەپێی دەستوری عیراق ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و خاوەندارێتی هێشتا یەكلایینەكراوەتەوە.

رەنگە هەر ئەوەش هۆكاربێت كە حكومەت بەپێی پێویست هاوكاریی باخەوانەكان نەكات، چونكە وەك جوتیاران دەڵێن لە دوو دەیەی رابردودا هەر سەردەمە و حكومەتێك لەو قەزایە دەسەڵاتداربووە و جۆری هاوكاریی و بەدەمەوەچونی حكومەتەكان جیاوازبووە و مامەڵەیەكی دیاریكراو نەبووە.

ئومێد جاوید وتی "ساڵی 2019 بۆ 2022 خراپترین ئەو ساڵانەبون كە باخەكانی خورما لە مێژویاندا پێیاندا تێپەڕبون".

لەو ماوەیەدا بڕی بارانبارین بەڕادەیەكی زۆر كەمبۆوە، خۆڵبارین و كەمی سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كشتوكاڵ و باخداری و تەنانەت ئاژەڵداریش هەبوو.

خورما لە عیراق بە خۆراكێكی گرنگ دادەنرێت، بەشێوەی ئاسایی یان دەكرێتە دۆشاو و دەخورێت و لە چەند خۆراكێكیشدا بەكاردەهێنرێت.

محەمەد ئەلخەزعەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، لە شوباتی ئەمساڵ ئاشكرایكرد كە لە ئیستادا 20 ملیۆن دارخورما لە عیراقدا هەن، ئەوەش دوای هەوڵەكانی وەزارەتەكەی بۆ چاندنی دارخورمای زیاتر وەك جێگرەوەی ئەو دارانەی لەناوچون.

"بەهۆی شەڕ و گەمارۆدان، باخەکانی خورما پشتگوێخران و ژمارەی دارەکان لە 32 ملیۆنەوە بۆ 12 ملیۆن کەمیکرد، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەت سەرکەوتوو بوو لە چاندنی دارخورما لە پارێزگاکانی تر لەوانەش کەرکوک، سەڵاحەدین، نەینەوا و ئەنبار، بەو هۆیەوە لە ئێستادا ژمارەیان گەیشتۆتە 20 ملیۆن دار".

بەگشتی ساڵی 2023 بەرهەمی خورما لە باخەكەی ئومێد جاوید لە خانەقین  تاڕادەیەك باشتر بووە، توانی بەرهەم لە 16 تۆن-ەوە بۆ 23 تۆن زیادبكات، بەڵام هێشتا ئەوە هیوابەخش نییە بۆ ئەو و باخەوانەكانی تر. "بۆ ئێمە كارەساتە لە فرۆشتنی تۆنێك خورما ناتوانین 300 دۆلار پەیدابكەین، لەكاتێكدا تێچوی ئەو تۆنە زیاترە لەو بڕە پارەیە".

بۆ ئێمە كارەساتە لە فرۆشتنی تۆنێك خورما ناتوانین 300 دۆلار پەیدابكەین، لەكاتێكدا تێچوی ئەو تۆنە زیاترە لەو بڕە پارەیە

لای باخداران، تشرینی دووەم بە مانگی فرۆشتن و ساغكردنەوەی خورما دادەنرێت، چونكە لەو مانگەدا تاڕادەیەك نرخەكەی بەرزتردەبێتەوە. زۆرێك لە جوتیاران لەگەڵ پێگەیشتنی خورما لە مانگی تشرینی یەكەم خورماكانیان دەفرۆشن و ناتوانن هەڵیبگرن بۆ تشرینی دووەم.

"چاوەڕێم لەم چەند رۆژەدا نرخی هەر كیلۆیەك بۆ 600 دینار بەزربێتەوە، ئەگەر ئەوە روبدات زۆر باش دەبیت"، جاوید وایوت.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 650 هەزار تۆن خورما هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا کراوە، ئەوەش بەپێی وەزارەتی كشتوكالی عیراق.

لە قەزای خانەقین دوو هەزار و 414 باخی خورما هەن، بەپێی ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی قەزاكە، 160 باخیان گرێبەستن، ئەوانی تر تاپۆن – خاوەندارێتی زەوییەكان بۆ جوتیاران دەگەڕێتەوە-.

ئومێد جاوید وتی "حکومەت بەپێی پێویست دەرمان و مەوادی پەین و كیمیاییمان پێنادات، بەر لە روخانی رژژێمی بەعس -2003- حكومەت خۆی سەرپەرشتی دەرمان پرژێن كردنی باخەكانی دەركرد لەڕێی هێلیكۆپتەرەوە بۆ ئەوەی توشی نەخۆشی جۆراوجۆرنەبن، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە"، جاوید زیاتر وتی "ئەو سەردەمە دوو بۆ سێ جۆر نەخۆشی هەبوو، ئێستا 30 جۆر نەخۆشی هەیە".

محەمەد عزەت، 101 دۆنم باخی خورمای هەیە لە خانەقین و دەوروبەری، 5000 هەزار داری تیایە و ساڵانە 200 تۆن بەرهەمی هەبوو، یەكێكە لەو باخدارانەی بەهۆی بەربەست و دەستگیرۆیی نەكردنی حكومەتەوە زیانی بەركەوتووە.

xwrna
دیالە/ باخێكی دارخورما لە ناوەندی خانەقین. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەربەستەكە ئەوە بوو سەردەمی حزبی بەعس حكومەت بە بیانوی بونی كێشەی خاوەندارێتی زەوی دەستی بەسەر بەشێكی باخەكانیدا گرت، كاتێك توانی باخەكان بەدەستبهێنێتەوە زۆرێك لە دارەكان لەناوچوبون.

محەمەد عزەت، لەناو شاردا دوو باخی 16 دۆنم و 8 دۆنمی هەیە و ساڵانە 35 تۆن بەرهەمیان هەیە، بەناوبانگترین خورما لە خانەقین لە باخەكەی ئەودان لەوانەش جۆری خەزراوی. بەڵام لە دوو ساڵی رابردودا بەرهەمەكەی بۆ 30 تۆن كەمیكرد.

بەگشتی باخدارەكان دەڵێن ئەگەر هەر كیلۆیەك خورما بە 700 دینار بفرۆشن، ئینجا دەتوانن تێچوی بەرهەمهێنانی پەیدابكەنەوە. چاوەڕێ دەكەن لەم یەك دوو هەفتەیەدا هەر كیلۆیەك بۆ 600 دینار بەرزبێتەوە.

ئەو باسی جۆرێك لە نەخۆشییەكانی خورما كرد (دوباس) كە چەند ساڵێكە بەفراوانی بڵاوبۆتەوە و زیانی هەبووە بۆ سەر بەرهەمەكەیی و دارەكەشی.

"دوباس وەکو شیلەى خورما وایە دەڕژێتە سەر گەڵا و قەدەكەی، جوڵەى دارەکان دەبڕێت و دار و بەرهەمەکانیشى لەگەشە دەوەستێنێت... نەخۆشی عەنکەبوتیش هەیە زۆر خراپە و زیان بەخشە".

دوباس وەکو شیلەى خورما وایە دەڕژێتە سەر گەڵا و قەدەكەی، جوڵەى دارەکان دەبڕێت و دار و بەرهەمەکانیشى لەگەشە دەوەستێنێت

لەكاتێكدا جوتیاران توشی جۆرێك لە بێئومێدی بون، بەڵام چەند هەوڵێكی نوێ هەیە بۆ دروستكردنی باخی خورمای نوێ لە جۆری جیاواز لە خانەقین.

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى خانەقین، وتی "بەشێك لە جوتیاران لە سعودییەوە دارخورمای نوێیان هێناوە و پێیانوایە دەگونجێت لەگەڵ كەشوهەوای ناوچەكەمان، ئەوە وایكردووە لەم دوو ساڵەی دواییدا باخی خورما زیاتر بێت".

تا دوو دەیە لەمەوبەر تەنیا 16 جۆر خورما هەبوو، ئێستا بۆ 24 جۆر زیادی كردوە، بەپێی وتەی كامەران عەبدوڵا.

گرفتێكی بەردەم بەشێك لە باخەكان، لەناوبردنی دەیان باخە بۆ یەكەی نیشتەجێبون و نزیكەی 60 باخ بۆ ئەو مەبەستە لە 20 ساڵی رابردوودا لەناوبراون كە 180 دۆنم دەكات.

"دەرمان پرژێنكردنی دارخورما بە هێلیكۆپتەر كاریگەری راستەوخۆی هەبوو بۆ لەناوبردنی نەخۆشی، بەڵام ئێستا ناچارین لەڕێی كونكردنی دارەكە و دەرمان پێدانی هەوڵی لەناوبردنی نەخۆشییەكەی بدەین".

حكومەتی عیراق لە وەڵامی كشتوكاڵی خانەقین بۆ دابینكردنی هێلیكۆپتەر وتویەتی "ئەو هێلیكۆپتەرانەمان نەماوە كە بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداری بەكارماندەهێنان.

xwrmaa-1
دیالە/ باخێكی خورما لە خانەقین دوای سوتاندنی. فۆتۆ: كەركوك ناو

كامەران وتی "گۆڕانی كەشوهەوا، دەستگیرۆنەیكردنی حكومەت و لەناوبردنی باخەكان بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون لەسەر زەوییەكەی، لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبونەوەی بەرهەمی خورمان".

لەگەڵئەوەشدا بەپێی وتەی باخداران و لێپرسراوی فەرمانگەی كشتوكاڵیش ساڵی 2023 بەگشتی بەرهەمی خورما بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو باشتر بووە، هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە بڕی بارانبارین زیاتر بوو.

محەمەد عزەت، دەڵێت "باخی خورما لەگەڵ رۆحم چەكەرە دەكات و تێكەڵ بووە، من بەردەوامدەبم، لەگەڵئەوەی سودی نەماوە و تەنانەت هەندێك كات زەرەردەكەم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT