پرۆسەی چاندنی یەك ملیۆن دار
رۆحێكی تر بە بەری دار هەنجیرەكانی شنگالدا دەكرێت

نەینەوا/ تشرینی یەكەمی 2023/ كچێكی خۆبەخش لە چیای شنگال بەدوای دار هەنجیردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قەڵەمی لێ دروستبكات و بەسەر جوتیاراندا دابەشی بكات. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

لە شنگال ژمارەیەك گەنجی خۆبەخش كە زۆرینەیان كچن، دەیانەوێت رۆح بە بەری هەنجیر و زەیتونە لە ناوچووەكانی قەزاكەیاندا بكەنەوە، ئەو دوو درەختە بە نرخەی كە بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیری ئەمنی، بە تەواوی نزیكبونەوە لە لەناوچون.

لانیكەم 50 گەنج لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی درێژخایەندا بە پڕ هیواو ئومێدەوە كارەكەیان دەكەن، كە برتییە لە دەستپێشخەری بۆ چاندنی یەك ملیۆن دار لە شنگال لە پارێزگای نەینەوا، ئەوەش وەك جێگرەوە بۆ لەناوچونی هەزاران دار لەو قەزایە. ئەم پڕۆژەیە ماڵی پێكەوەژیان لە شنگال جێبەجێی دەكات.

میرزا دینایی، بەڕێوەبەرى ماڵى پێکەوە ژیان لە شنگال، وتی "قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە مانگێكە دەستمانپێكردووە و بریتییە لە چاندنی 25 هەزار دار، پڕۆژەكە لەسەر ئەركی خۆمە". هەڵمەتەكە لە سەرەتادا چاندنی قەڵەم و رواندنی شەتڵە، بۆ هەردوو داری جۆری هەنجیر و زەیتون لەناو باخچەی ماڵی پێكەوەژیان و خزمەتكردنیەتی تاوەكو ئامادە دەبن بۆ چاندن لە باخەكان.

ئامانجەكە بەپێی وتەی دینایی ئەوەیە هەنجیر و زەیتونی زیاتر بڕوێنرێت و ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ بژێوی ژیانی خەڵكی ناوچەكە، كە بەشێكی زۆریان لە دەیەی رابردودا لە ئاوارەیی ژیانیان بەڕێكرد و وردە وردە وا دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان.

shngalll
نەینەوا/ تشرینی یەكەمی 2023/ چەند گەنجێكی خۆبەخش ئامادەكاریی دەكەن بۆ چاندنی قەڵەمی دار هەنجیر. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

"دەمانەوێت تا چاندنی یەك ملیۆن دار بەردەوامبین و قەرەبوی لەناوچونی دارە لەناوچوەكانیش بكەینەوە"، دینایی زیاتر وتی "ژمارەیەک لە دارهەنجیرەكان بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە جوتیاران دەکەین، بەتایبەت ئەوانەى دارەكانیان لەناوچووە".

بەپێی ئاماری نا فەرمی هۆبەی چاندن لە شنگال، تەنیا ئەمساڵ نزیكەی 4000 داری هەنجیر خۆی یان بەرهەمەكەی وشكبون.

ئەو كچ و كوڕە خۆبەخشانەی لەو پڕۆژەیەدا كاردەكەن، بەگشتی لانیكەم 50 كەس دەبن، رۆژانە 5 تا 6 كەسیان بە بەردەوامی لە كاتژمێر نۆی بەیانی بۆ پێنجی ئێوارە كاردەكەن.

"دەچن لە چیای شنگال و دەوربەری قەڵەم و شەتڵی دار هەنجیر و زەیتون دەهێننەوە و دواتر لەناو باخچەی ماڵی پێكەوەژیان دەیچێنن تا دەبێت بە نەمام"، رەنا بەلو، سەرپەرشتیارى ئەو گەنجە خۆبەخشانە وایوت.

چیای شنگال و دەوروبەری بە هەنجیری خۆڕسك بەناوبانگە و دەوروبەریشی داری زەیتونی لێیە.

گەنجەكان راهێنانیان پێكراوە لەسەر چۆنیەتی رواندن و دروستكردنی قەڵەمی دار و شەتڵ، ئەوەش بەشێوەیەكی زانستی.

بەگشتی لە ماوەی مانگێكدا هەشت هەزار شەتڵ بەرهەمهاتووە، حەوت هەزاریان هەنجیرن.

رەنا بەلو وتی "پڕۆژەكە بەردەوامدەبێت تا دەیگەیەنینە یەك ملیۆن دار... دەمانەوێت پشتگیریى و هاوکارى جوتیاران بکەین، بۆ ئەوەی روحێکى تر بە بەری دار هەنجیر و زەیتونەكانی شنگالدا بكەینەوە... شنگال زۆر بەناوبانگە بۆ گەشەكردن و بەرهەمهێنانی هەنجیر و زەیتون، نامانەوێت ئەو سامانە بەنرخە لەدەستبدەین و دەیگوازینەوە بۆ نەوەكانیشمان".

پڕۆژەكە بەردەوامدەبێت تا دەیگەیەنینە یەك ملیۆن دار

ماڵی پێكەوەژیان، كە دەستپێشخەری بۆ پڕۆژەكە كردووە، ناوەندێكی روشنبیریی و کۆمەڵایەتیی نا حكومییە  لە ناحیەی سنونێ لە شنگال و لەسەر روبەری 1200 مەتری چوارگۆشە لە تەمموزی 2022 كراوەتەوە و لە سێ نهۆم پێكهاتووە. ئەو ماڵە لەلایەن میرزا دیناییەوە پشتگیری دارایی دەكرێت.

دینایی كە خۆی پزیشكە، خاوەنی خەڵاتی ئۆرۆرایە بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی كە لە ساڵی 2019 لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پێبەخشرا، ئەوەش لەپای كارەكانی بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەكان و بەتایبەت ئێزیدییەكان.

فائیزا عومەر (22ساڵ) كچێكی خۆبەخشی دەستپێشخەری چاندنی یەك ملیۆن دار لە شنگال، وتی "هەر كەزانیم دكتۆر میرزا ئەم بیرۆكەی هەیە بێ دوو دڵی پەیوەندیم پێوەكردن، زۆر حەز بە كاری چاندن دەكەم و دڵخۆشم لێرە، ئەمە پڕۆژەی دڵخوازی منە و دەمەوێت منیش خزمەتێك بكەم".

فائیزا بەشدارە لە كۆكردنەوەی قەڵەم دارەكان و دواتر چاندنیان.

zaytoni-bashik-12
موسڵ، 2013، چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می زه‌یتون له‌ باخێكی باشیك فۆتۆ: نه‌سر حه‌جی

زەیتونی‌ نەینەوا؛ یەكێكە لە باشترین جۆری زەیتون لە عیراق، به‌ تایبه‌ت بۆ زه‌یت، حەوت ساڵ توانای بەرگەگرتنی‌ لەناو ئاو و خوێدا هه‌یه‌.

هەرچی بەرهەمی هەنجیرە زیاتر لە بازاڕەكانی موسڵ و دهۆك ساغدەكرێتەوە، هەنجیرەكەی بە رەنگ و تامەكەی دەناسرێتەوە و بە تایبەت دادەنرێت.

بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی كشتوكاڵی شنگال 50 هەزار دار لە قەزاكەدا هەن. جگە لەو دەیان هەزار دارەی تر كە بەهۆی شەڕی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) و هێزە عیراقییەكان لەناوچون.

لێپرسراوانی كشتوكاڵی ناوچەكە پێیانوایە شەڕ و خزمەتنەكردنی درختەكان لەو ماوەیەدا وایكردووە بەرهەمی هەنجیر بۆ نیوە كەمبكات.

بەرەکات عیسا، بەڕێوەبەرى هۆبەى چاندن لە ناحیەى سنونێ وتی "ئەو بیرۆکەیەی ماڵی پێكەوەژیان زۆر باشە، چونكە زۆرێك لە جوتیاران چاوەڕێی هاوكاریی و پالپشتی دەكەن بۆ دوبارە دروستكردنەوەی باخەكانیان، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی پاڵپشتی داراییامان نەبوو نەمانتوانی جێبەجێ بكەین".

"شنگال زۆر پێویستى بەو جۆرە پڕۆژانە هەیە"، بەرەكات وایوت.

ئەیاد سلێمان جندو، باخێكی هەیە لە ناوچەی كەرسێ لە سنوری شنگال، بەهەمان شێوە پڕۆژەكە بە هەنگاوێكی "زۆر باش" دەبینێت. ئەو خۆی لە باخەكەیدا 110 داری هەنجیری هەبوو، ئێستا تەنیا 60 داری ماوە و چاوەڕێیە ئەگەر هاوكاریی بكەن 100 داری تر بچێنێت.

"دابەشکردنی نەمامی دار هەنجیر و زەیتون زۆر گرنگە بۆ قەزای شنگال، بەڵام لەپاڵ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری ترە بۆ پێشخستنی کەرتی باخداریی، لەڕوی چاودێریی، رێنمایی و ئاودێری".

بەپێی پڕۆژەكە وەك دینایی جەختیلێكردەوە، هاوكاری باخدارەكان دەكەن لە چاودێریكردنی دارەكان، ئاودێری و رێنمایی. "گرنگی چاندنی یەك ملیۆن دار لەوەدایە دواتر چۆن چاودێرییان دەكەیت، ئێمە ئەوە دەكەین"، دینایی وایوت. بەڵام داوایكرد هەر لایەنێك ئەگەر پڕۆژەكە بە گرنگ دەزانێت هاوكارییان بكەن بۆ سەرخستنی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT