نەینەوا؛ هێزی نوێ و ململانێی نەتەوە و ئایین بۆ بەدەستهێنانی 26 كورسی

نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆستەری كچە كاندیدێكی لیستی سەیادە لە نزیك مزگەوتێكی شارەكە كە لە قۆناغی نۆژەنكردنەوەدایە. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

ئەحمەد بلە

سوننە بە زیاتر لە 10 لیست و هاوپەیمانێتی جیاواز كە بەشێكیان هێزی نوێن، لەكێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسییەكانی نەینەوادان، لەكاتێكدایە شیعەكان لەگەڵئەوەی بە هاوپەیمانێتییەكی بەهێز (حەدبا) كە هێزە پێكهێنەرە سەرەكییەكانی حكومەتی ئێستای عیراق تیایدا بەشدارن، لە هاوپەیمانێتییەكی شیعی – سوننی-شدا دەیانەوێت جێی پێی خۆیان لە حكومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە جێگیر بكەن.

چاوەكان لەسەر براوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەن كە راستەوخۆ دەتوانێت حكومەتی خۆجێی نەینەوا بۆ چوار ساڵی تر دروستبكات، ئەوە یەكەم هەڵبژاردنی لەو جۆرەیە لەوكاتەوەی پارێزگاكە كەوتە ژێر دەستی داعش و دواتر كۆنترۆڵكرایەوە.

بەپێی ئامارەكانی ئۆفیسی نەینەوای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، 12 حزب و 10 هاوپەیمانێتی و 15 كاندیدی تاك، كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 29 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەم لە سەرتاسەری عیراق بەڕێوەبچێت جگە لە هەرێمی كوردستان.

سوننە: هێزی نوێ و كۆن لە ململانێدان

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، عەرەبی سوننە كە چاوەڕواندەكرێت زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگاكە بباتەوە، بە زیاتر لە 10 لیست و هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن و نزیكەی زیاتر لە 450 كاندیدیان هەیە، ئەو پەرتەوازەییە وەك یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئەو پێكهاتەیە دەبینرێت.

بەشێك لە هێزە سوننییەكان بۆ یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن، ئەوەش بۆ ئەو هێزانەی كە دوو دەیەیە لە گۆڕەپانەكەدان، جێی ترسە، بەڵام كەم نین ئەوانەن لە حكومەتی خۆجێی نەینەوا دەسەڵاتیان هەیە و دەیانەوێت هەمان رۆڵ و پێگە و كاریگەریی خۆیان بەدەستبهێننەوە.

هاوپەیمانی حەسم وەتەنی، تەقەدم وەتەنی، عەزم، قیەم مەدەنی و زەمیر لە دیارترین هاوپەیمانێتییەكانی عەرەبی سوننەن لە نەینەوا، دیارترین ئەوانەشی وەكو حزب بەشدارییان كردووە، سەیادە، نەینەوا لی ئەهلیها، حزبی وەتەنی للتەجدید و تەجەموع عیراق جەدید. لەگەڵ چەند حزب و هاوپەیمانێتییەكی تردا.

هاوپەیمانێتی حەسم

حزبی متەحەدون و جوڵانەوەی حەسم بۆ چاكسازی پێكهێنەرەی سەرەكی هاوپەیمانی حەسم وەتەنین.

ئەم دوو حزبە پێشتر تاقیكراونەتەوە و رۆڵ و پێگەیان لە حكومەتی عیراق و دامەرزاوەكانی حكومەتی خۆجێی نەینەوا هەبووە.

Mosil halbzhardn Nujayfe
نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆستەری سەرۆكی هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی لە بنەماڵەی نوجەیفی لەسەر پردێكی ناوەڕاستی موسڵ. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

متەحەدون، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی عیراق ئەمیندارێتی گشتی حزبەكە دەكات و كاندیدی یەكەمی هاوپەیمانێتییەكە لە بنەماڵەی نوجێفییە.

متەحەدون تا كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی 2014 پۆستی پارێزگار و زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگاكەیان بەدەستبوو. ئەوكات ئەسیل نوجەیفی، برای ئوسامە نوجەیفی پارێزگاری نەینەوا بوو، بەڵام بەهۆی كەوتنی موسڵ و كۆمەڵێك دۆسییەی ترەوە لە ئەركەكەی دورخرایەوە.

هەرچی جوڵانەوەی حەسمە بۆ چاكسازی، كە ئەویش پێكهێنەرێكی سەرەكی هاوپەیمانی حەسم وەتەنین-یە، لەلایەن ثابت محەمەد عەباس، وەزیری بەرگری عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكات. ئەو حزبە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق سێ كورسی پارێزگاكەیان بەدەستهێنا.

ئەم هاوپەیمانێتییە بە ئەزمونی پێشویان دەیانەوێت رۆڵ و پێگە بۆ خۆیان بگەڕێننەوە، بەڵام رەنگە خاڵی لاوازیان لەدەستدانی موسڵ بێت لەسەردەمی شەڕی داعش لە عیراق و ئەو دۆسییانەی بۆ سەركردەكانیان بەتایبەت بنەماڵەی نوجەیفی كرایەوە.

حەلبوسی؛ مانەوە لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا

هاوپەیمانێتی تەقەدوم لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و پێكهاتووە لە حزبی تەقەدوم و ژمارەیەك كەسایەتی ناوچەكە.

خاڵی بەهێزی ئەم هاوپەیمانێتییە خودی حەلبوسی-یە كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا وەكو كەسی یەكەمی نوێنەری سوننە لە عیراق دەركەوت و دووەمین زۆرترین كورسی پەرلەمانی لەدوای موقتەدا سەدر بەدەستهێنا، هەروەها پاڵپشتییە داراییەكەی یارمەتیدەرێكی تریەتی.

Mosil Halbusi
نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ بانگەشەكردن بە ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل كۆن، بۆ هاوپەیمانێتی تەقەدوم كە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.فۆتۆ: ئەحمەد بلە

بەڵام خاڵی لاوازی كاركردنی نەیارەكانیەتی لەدژی و سەركەوتنیان بوو لە دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.

هاوپەیمانێتی عەزم

هاوپەیمانێتی عەزم، هەردوو حزبی حەزمی مەدەنی و جەماهیر وەتەنی پێكهێنەری سەرەكین و تیایدا هەردوو پەرلەمانتاری عیراق محەمەد نوری عەبد و ئەحمەد جبوری (ئەبو مازن) سەرۆكایەتی ئەو دوو حزبە دەكەن.

ئەمە یەكێكی ترە لە هاوپەیمانێتییە بەهێزەكانی نەینەواو بۆتە ركابەری هێزە سونییەكان بۆ هێنانی دەنگی عەرەبی سوننە لەو پارێزگایە.

دیارترین ئەو حزبانەی كە لەدرەوەی هاوپەیمانێتییەكاندا بەشدارن لەو هەڵبژاردنە، بریتین لە سەیادە، حزبی نەینەوا لی ئەهلیها، حزبی وەتەنی للتجدید و تەجەموع عیراق ئەلجەدید.

سیادە

سیادە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. چانسی خەمیس خەنجەر لە رادەی لاوازبونی محەمەد حەلبوسیدایە، خەمیس جگە لەوەی خۆی یەكێكە لەو هێزانەی توانای كۆكردنەوەی بەشێكی باش لە دەنگی سوننیەكانی هەیە لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراقدا، هاوكات توانا دارییەكەیی پاڵپشتێكە بۆ بەهێزبونی.

جبوری وەك هێزی نوێ دەركەوت

نەجم جبوری، كارەكتەرێكی نوێی نێو ململانێی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی نەینەوایە، ئەو هەفتەیەك لەمەوبەر دەستی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا كێشایەوە و وتی "ئێمە لەسەر رێزگرتن و پاپەندبون بە یاسا پەروەردە كراوین، بەهۆی تەواوكردنی رێكارەكانی لابردنی ریشەكێشكردن لەسەر من و دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكارم دەستلەكاركێشانەوەم پەسەند بكەن".

نەجم جبوری (فەریق روكن نەجم عەبدوڵا) داواكراوە بەپێی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ ریشەكێشكردنی ئەندامانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لەناو دامودەزگا ئەمنیی و ئیدارییەكانی حكومەتی عیراقی و بەتۆمەتی "ئەندامێتی حزبی بەعس" لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، راسپاردەیەكی رەوانەی پەرلەمان كردووە تا رەزامەندی لەسەر بەدەركردنی ناوبراو لە رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری بدەن.

jburi
نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆستەرێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی جبوری بۆ لیستی نەینەوا لی ئەهلیها، بە وێنەیەكی كۆنی ناوبراوەوە  لەوكاتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بوو. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

پەرلەمان هێشتا رەزامەندی لەسەر ئەو داوایە نەداوە، بەهۆیەوە جبوری وازهێنانی لە پۆستەكە پێشكەشی سەرۆك وەزیران كرد.

جبوری، چوار ساڵ لەمەوبەر و لە 24ـی تشرینی دوەمی 2019 كاتێك فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێردرا، لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی نەینەوا لی ئەهلیها و بە 52 كاندید هاتۆتە گۆڕەپانی ململانێیەكەوە.

دوو چانس لەبەردەم جبوریدایە بۆ بەدەستهێنانی كورسی ئەنجومەن، یەكەمیان رۆڵی ناوبراوە لە كۆنترۆڵكردنەوەی نەینەوا و دواتر ئاوەدانكردنەوەی موسڵ و نەینەوا بەگشتی لەو وێرانەیەی بەهۆی شەڕەوە توشی بووە، چانسی دووەمی ئەوەیە هێزێكی نوێیە و چوار ساڵە لەناو هەناوی موسڵاوییەكاندایە، بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە هێشتا هەندێك پێیانوایە خزمەتگەزارییەكان لە ئاستی پێویستدا نین، لەپاڵ تۆمەتی "بەعسیبون"ی كە رون نییە ئایا چ جۆرە كاریگەرییەكی دەبێت.

حزبی وەتەنی للتجدید یەكێكە ترە لە هێزەكانی نێو گۆڕەپانەكە، ئەم حزبە لەلایەن پەرلەمانتار فەلاح زەیدانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و چانسی بردنەوەی كورسی رون نییە.

هاوپەیمانێتی حەدبا؛

كۆكەرەوەی زلهێزەكانی شیعە لە نەینەوا

هاوپەیمانێتی حەدبای وەتەنی، هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی لایەنە شیعییەكانە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و چاویان لەوەیە بۆ یەكەمجار لەدوای شەڕی داعش، رۆڵیان لە ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێی نەینەوادا هەبێت.

ئەم هاوپەیمانێتییە  لە بەهێزترین هێزە شیعییەكانی ئێستای عیراق پێكهاتووە لە دیارترینیان دەوڵەتی قانون بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی هادی عامری.

هەروەها هاوپەیمانێتی سەفوەی وەتەنی بەشێكی ترە لە هاوپەیمانی حەدبا، سەفوەی وەتەنی لە هەریەكە لە سادقون بە سەرۆكایەتی خەز عەلی و ئیرادە، بە سەرۆكایەتی حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری پێشوو بەشدارن.

چەند جوڵانەوە و هێزێكی تری گروپە شیعییە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی حەدبا-دان.

خاڵی لاوازی ئەم هاوپەیمانێتییە ئەوەیە پارێزگای نەینەوا زۆرینەی هەرە زۆری سوننی-یە و ئەستەمە بتوانن دەنگی عەرەبی سوننە بۆ خۆیان ببەن، بەڵام خاڵی بەهێزیان بونی هێزەكانی سەر بە حەشدی شەعبییە كە لە دەرەوەی پارێزگاكەدا بڵاوبونەتەوە، هەروەها ئەو كەمینە ئایینی و نەتەوەییانەن كە لە چواچێوەی دەستەی گشتی حەشدی شەعبیدا هێزی چەكداریان بۆ دروستكراوە بەرژەوەندییان لەگەڵ هێزە شیعییەكاندا هەیە. 

هاوپەیمانێتی شیعی و سوننی

رەنگە لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی، نامۆترین هاوپەیمانی پارێزگاكە بێت، بەهۆی یەكگرتنی چەند هێزێكی شیعیی و سوننی لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا.

عەقدی وەتەنی، پێكهاتووە لە سێ حزبی سەرەكی لەوانە جوڵانەوەی عەتا، حزبی سبات عیراقی و ئیسلامی عیراقی.

جوڵانەوەی عەتا لە ساڵی 2017 لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی گشتی حەدشی شەعبی دروستكراوە، بەڵام ناوبراو لە ساڵی 2022دا ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵپەسارد، لەجێی ئەو خالید كیبان كرایە سەرۆك كە كەسێكی نزیكی ناوبراوە.

هەندێك پێیانوایە هێشتا فالح فەیاز، بە ناڕاستەوخۆ جوڵانەكە و ئاراستەی كاركردنی بەڕێوەدەبات.

Mosil. halbzhardn. 3
نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆستەری بانگەشەی پیاوێكی ئایینی كە خۆی لەسەر هاوپەیمانێتییەكی شیعی - سوننی كاندید كردووە، بەناوی هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

جوڵانەوەكە زیاتر پشتی بە دەنگدەری شیعە و هێزە چەكدارییەكانی نێو حەشدی شەعبی بەستووە، ئەوەش خاڵێكی بەهێزی هاوپەیمانێتیەكەیە لە نەینەوا، بەڵام لە هەمانكاتیشدا بەهۆی كەمی دەنگدەری شیعە خاڵی لاوازیەتی.

بەڵام جوڵانەوەی عەتا بۆ چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازەی دوو هێزی سوننی كردۆتە پێكهێنەری هاوپەیمانێتی عەقدی وەتەنی. ئەوانیش حزبی سباتی عیراق كە لەلایەن پەرلەمانتار عەبدولڕەحیم شەمەرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و نۆ كاندیدیان لە هاوپەیمانێتییەكەدا هەیە.

شەمەری دوو خولە پەرلەمانتارە و دوو خولیش ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بووە. بەرلەوەش لە ساڵی 2005 – 2009 قایمقامی بەعاج بووە.

حزبی ئیسلامی عیراقی، حزبی سێیەمی نێو هاوپەیمانێتی عەقدی وەتەنی-یە، ئەم حزبە سوننی-یەو ساڵ لە دوای ساڵ جەماوەری زیاتر لەدەستدەدات لە ئێستادا بەیەك كاندید بەشدارە لەو هاوپەیمانێتییە.

دابەشبون لە نێو لیست و هاوپەیمانی تردا

زۆرێك لە كاندیدانی عەرەب لە چوارچێوەی حزب و هاوپەیمانێتی نەتەوە و ئاینی تردا بەشدارن، لەوانەش هاوپەیمانی ئیتیحاد ئەهل نەینەوا، حزبی هەویەی وەتەنی و پارتی دیموكراتی كوردستان.

هاوپەیمانی ئیتیحاد ئەهل نەینەوا، یەكێتی نیشتییمانی كوردستان پیكهێنەری سەرەكییەتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ حزبی رەفعەی وەتەنی، بە سەرۆكایەتی دڵدار زێباری، كە هەر خۆی كاندیدی یەكەمی لیستەكەیە.

لەنێو ئەم هاوپەیمانێتییەدا ژمارەیەك كاندیدی عەرەب خۆیان كاندید كردووە، بەڵام پێدەچێت چانسی سەركەوتنیان لاواز بیت، دیارترین هۆكاریان ئەوەیە پێكهێنەرانی ئەم هاوپەیمانێتییە زۆرینە هەرە زۆری كوردن، لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا دەنگەكانیان بەپێی پێویست نەبووە.

لیستی هەویەی وەتەنی، رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتی جوڵانەوەی بابلیۆن سەرۆكایەتی دەكات، ئەم لیستە زۆرێك لە كاندیدەكانی عەرەبن و سەر بە عەشیرەت و هۆزە جیاوازەكانی پارێزگیا نەینەوان.

جوڵانەوەی بابلیۆن لەگەڵئەوەشدا بە تاكە كاندیدێك كێبڕكیی كورسی كۆتای مەسیحیەیكانیش دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێكی ترە لەو هێزانەی ژمارەیەك كاندیدی عەرەبی كاندید كردووە و رون نییە ئایا دەتوانن سەركەوتن بەدەستبهێنن، یان دەنگەكان بۆ كاندیدە كوردەكان دەڕوات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT