رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری، دەڵێت چەند هەنگاوێكی كەم ماوە بۆ دەرچوونی رەزامەندی كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بڕیاری دامەزراندن بۆ 600 وانەبێژی شنگال و 400ی تر كە لە كەمپەكاندا وانەدەڵێنەوە.
ئەو وتەیەی رەفعەت سمۆ، لە لێدوانێكی تایبەتدا هات ئەو بە (كەركوك ناو) و وتی "زیاتر لە شەش مانگە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەین، داوامان لە پارێزگار كرد رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر بەدەركردنی ئەو 600 وانەبێژە خۆبەخشە لە یاسا ورێنماییەكانی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو 17 هەزار پلەیەی بۆ پارێزگای نەینەوا تەرخانكراوە".
"بە سوپاسەوە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا (بەوەكالەت) ئاماژەی بەوەدا كە چەند هەنگاوێكی كەم ماوە بۆ دەرچوونی رەزامەندی كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دامەزراندنی 600 وانەبێژی شنگال و 400 وانەبێژی تر كە لەكەمپەكاندا وانە دەڵێنەوە"، بەوتەی رەفعەت سمۆ.
ئەوەش دوای ئەوە هات كە سەدان وانەبێژی خۆبەخش لە خوێندنی عەرەبی شنگال، هەڕەشەی بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد و وتیان بەبێ پێدانی موچە لەڕێی گرێبەست یان دامەزراندنی هەمیشەییەوە، نایانەوێت چیتر بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و وانە بڵێنەوە.
نزیكەی 800 مامۆستای وانەبێژی خۆبەخش، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دوەمەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ بە گردبونەوەی ناڕەزایی و بایكۆتی خوێندن، داواكارییەكانیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.