هێرۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێكخراوی نوێ لە هەڵەبجە، بووە براوەی خەڵاتی ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە بۆ ساڵی 2023، ئەوەش لەپای كارەكانی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گرنگیدان بە ژینگە.
هێرۆ لە 10ی کانونی یەكەم كە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە وەك براوەی خەڵاتەكە ئاشكرا كرا، کە ساڵانە لەلایەن سەنتەری جنیڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ دابەشدەكرێت، ئەو سەنتەرە لە ساڵی 2021ەوە خەڵاتی دانپێدانانی مافی مرۆڤی (HRRA) بۆ یادکردنەوەی ئەو بۆنەیەی داناوە.
هێرۆ لەبارەی خەڵاتەكەوە وتی "بەرپرسیاریەتییەكی زیاتر دەخاتە سەرشانم کە دەبێت لەمەودوا هەوڵێکی زیاتر لەپێناو مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ژینگەدا بدەم، لەگەڵەوەشدا دەرفەتێکی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ رێکخراوی نوێ کە لەو بوارانەی کارەکانی بەرەو پێشبردووە گەشەی زیاتریان پێبدات کە ئەمانەیش لە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەماندا دەبێت".
هێرۆ لە ساڵی 2006ەوە لە رێكخراوی نوێ كاردەكات، رێكخراوەكە لە سێ بەشی سەرەكی، ژنان، میدیا و ژینگە پێكدێت و لە هەڵەبجە كاردەكات.
لە بەشی ژینگە كە هەوێنی بردنەوەی خەڵاتەكەیە، كاری سرنجڕاكێشیان كردووە، لەوانە دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین بۆ ئەو پلاستیكانەی رۆژانە هاوڵاتیان بەكاریدەهێنن و دواتر فڕێی دەدەن، ئەوان دوبارە پلاستیكی نوێ، گوڵدان و بابەتی تر بەرهەمدەهێننەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژینگە. هەروەها لەڕێی سیمینارەوە هۆشیاریی ژینگەیی و مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەناو كۆمەڵگەكەدا بڵاودەكەنەوە.
هێرۆ وتی "لەچوارچێوەی كارەكانمان بۆ ژینگە، پاركێكیمان لەناو شاری هەڵەبجە دروستكرد، هەروەها پڕۆژەكیان هەیە بۆ دروستكردنی تورەكەی خام لەبری عەلاگەی نایلۆن"، ئەو پڕۆژەیە چەند ژنێك كاری تێدا دەكەن و ئامانج لێی پاراستنی ژینگەیە. لەگەڵ پڕۆژەی دوبارە بەكارهێنانەوەی جلە كۆنەكان، ئەوەش بە دروستكردنەوەی جلی نوێ لێیان.
رێكخراوەكەی هێرۆ لەپاڵ هەڵمەتی ناوبەناوی پاككردنەوەی شار، نۆ قوتابخانەی شارەكەی سەوزكردووە و نەمانی لێ چاندون.
دوای ئەوەی بووە براوەی خەڵاتەكە، هێرۆ وتی "بیر لەوەدەکەمەوە کە هاندەرێک بم بۆ ئەو کچ و ژنانەی کە دەیانەوێت کاربکەن لەبوارەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین کۆمەڵگەیەک بەدیبهێنین مافەکانی مرۆڤ تیایدا پارێزراو بێت و رێزلە تاکەکانی کۆمەڵگە بگیرێت بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ئاین و بیروڕای سیاسی".