بە كێشەكانی پەنجەمۆر و تۆماری دەنگدەرانەوە
هەڵبژاردنی ئـەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەنگـاوێكی بڕی

دهۆك/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ بەردەم دەرگای وێستگەیەكی دەنگدانی تایبەت لە كەمپی ئاوارەكانی چەممشكۆ فۆتۆ: لەیس حسێن

كەركوك ناو*

هەزاران هاوڵاتی لە هێزە ئەمنییەكان و ئاوارە، ناویان لە تۆمارەكاندا نەبوو تا بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكەن، بەشێكیشیان بەهۆی كێشەی پەنجەمۆرەوە لەو مافە بێبەش بون.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە كاتژمێر 7ـی بەیانی شەممە 16ـی كانونی یەكەمی 2023ـەوە دەستیپێكرد و تا كاتژمێر 6ـی ئێوارەی هەمان رۆژی درێژەی كێشا، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی 15 پارێزگای عیراق، كە بڕیارە 18ـی ئەم مانگەش دەنگدانی گشتی بۆ بەڕێوەبچێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ملیۆنێك و دوو هەزار و 393 دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو، ئەوەش دەكاتە رێژەی زیاتر لە سەدا 6ـی كۆی دەنگدەران، كە زیاتر لە 16 ملیۆن و 158 هەزار كەسن.

لە نێو دەنگدەرانی تایبەتدا، 48 هەزار و 260 دەنگدەری ئاوارە هەبوون، كە هەموویان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن، كە 120 وێستگەی دەنگدانیان لە 35 ناوەنددا بۆ كرابۆوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، كە ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوك، سەڵاحەدین، دهۆك و سلێمانییەوە روماڵی دەنگدانی هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەكانیان كرد، دیارترین كێشەی بەردەم دەنگدەران، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و نەبونی ناوی دەنگدەران بوو لە تۆمارەكانی كۆمسیۆندا.

taybat mousil bla 2023 (1)
نەینەوا/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ ناوەندێكی دەنگدانی تایبەت لە موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بلە

خەڵات سلێمان، ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی چەم مشكۆ لە سنوری پارێزگای دهۆك، بە (كەركوك ناو)ـی وت "زیاتر لە هەزار دەنگدەری كەمپەكە ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نییە"، ئەو دەڵێت پێویستە هەر دەنگدەرێك ناوی لە دەنگدانی تایبەتدا نەبووە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی تا لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات، "بەڵام زۆر زەحمەتە خەڵك بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شنگال بۆ دەنگدان".

تەنیا لە كەمپەكانی دهۆك نزیكەی 40 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو، كە زۆرینە خەڵكی نەینەوا و بە تایبەت لە ئێزیدییەكانی شنگالن، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی  پارێزگا، ئاوارەی شنگال بۆیان هەیە لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ راستەوخۆ دەنگ بۆ پارێزگاكانی خۆیان بدەن، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە.

بەڵام ئاوارەی ناوچەكانی دیكە تەنیا ئەوانەی ناو كەمپ دەتوانن راستەوخۆ لە كەمپەوە دەنگ بدەن و ئەوانەی دەرەوەی كەمپ دەبێت رۆژی دەنگدانی گشتی بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

غەزالی حسێن، ژنە ئاوارەیەكی بە تەمەنی كەمپی شاریایە، بە ئەستەم توانی دەنگ بدات و ئەو مافەی بەدەستبهێنێت، چونكە ئامێرەكە پەنجەمۆری نەدەخوێندەوە، كە مەرجێكی سەرەكییە بۆ ناسینەوەی دەنگدەر، "دوای چەند جارێك دوبارەكردنەوە و خاوێنكردنەوەی پەنجەم، ئینجا جیهازەكە خوێندیەوە و توانیم دەنگبدەم" غەزالی بە (كەركوك ناو)ـی وت، چەندین كەسی خێزانەكەی ناویان لە تۆمارەكەدا نەبووە و پێیانوتوون بگەڕێنەوە بۆ شنگال.

awara sharya dhok 2023 (4)
دهۆك/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ ژنێكی ئاوارەی كەمپی شاریا دوای دەنگدان فۆتۆ: عەمار عەزیز

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) لە زۆربەی كەمپەكاندا كێشەی نەبونی ناوی ئاوارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەبووە، بەوپێیەی بەشێك لە ئاوارەكان نوسراوی گەڕانەوەیان هەیە بۆ زێدی خۆیان و شوێنی دەنگدانیان گواستراوەتەوە بۆ شنگال.

لە پارێزگاكانی عیراق هیچ كەمپێكی ئاوارەیی نەماوە، بەڵام لە هەرێم، زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە، بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا جێگیربون.

خالد عەباس، بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە دهۆك، بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەوان پشت بە تۆماری وەزارەتی كۆچ دەبەستن بۆ دەنگدان و ئەوانەی ناویان نەبووە، تۆماریان لە ناوچەكانی خۆیانە بۆیە دەبێت لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا دەنگبدەن و بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

هەروەها رونیكردەوە ئەو دەنگدەرانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەك زەخت و شەكرەیان هەبووە، بەهۆی زۆری شوێنی پشكنین لە پەنجەكانیاندا، ئامێرەكە پەنجەمۆریانی نەخوێندۆتەوە، بەوهۆیەوە لە هەڵبژاردن بێبەش بون. ئەو ئامارێكی وردی لانییە و دەڵێت نزیكەی 100 كەس دەبن.

police kirkuk 2023 (5)
كەركوك/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ دەنگدەرێكی هێزە ئەمنییەكان لەسەر عەرەبانەیە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

هێزە ئەمنیی و سەربازییەكانی لە زۆربەی ناوچەكاندا هاوشێوەی ئاوارە كێشەی پەنجەمۆر و تۆماری دەنگدەرانیان هەبوو، بەپێی رێكخراوی نور، كە رێكخراوێكی ناوخۆییە و چاودێری هەڵبژاردنەكەدا دەكات، تەنیا لە دوو بنكەی سلێمانی سەدان كەس بەوهۆیەوە لە دەنگدان بێبەش بون.

لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 53 هەزار لە چەكدار و كارمەندی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەبوو، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن.

ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە كەركوك 57 هەزار و 330 كەس بون، كە 135 وێستگەیان لە 26 ناوەندی دەنگداندا بۆ كرایەوە و بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆن رێژەی دەنگدان گەیشتە سەدا 70.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لە داقوق، لە زاری ژمارەیەك دەنگدەری تایبەتەوە ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەكیان كە دانیشتوی قەزاكەن، ناویان لە تۆمارەكاندا نەبووە و دەركەوتووە ناوەكانیان لە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین گەڕاوەتەوە.

دادوەر حسێن عەبدولسادە، ئەندامی نوسینگەی نیشتمانی كۆمسیۆن و سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن لە كەركوك بە عیراقییەی نیمچەفەرمی راگەیاند، لە پارێزگاكە هیچ سكاڵایەك تۆمارنەكراوە كە كاریگەری لەسەر پرۆسەكە هەبێت و پێشێلكاری تۆمارنەكراوە.

awar chammshko dangdan 16.12.2023 (2)
دهۆك/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ دەنگدەری ئاوارە بەدوای ناوەكانیاندا دەگەڕێن فۆتۆ: لەیس حسێن

لە پارێزگای نەینەوا دەنگدەرانی ئەمنی 99 هەزار و 726 كەس بون، لەڕێی 234 وێستگە و 49 ناوەندی دەنگدانەوە، دەنگیاندا.

سوفیان مەشهەدانی، وتەبێژی كۆمسیۆنی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت سەدا 75ـی دەنگدەران بەشداری لە دەنگداندا كردووە، ئەوەش دەكاتە نزیكەی 75 هەزار كەس لە هێزە ئەمنیی و سەربازییەكان.

لە سەڵاحەدین زیاتر لە 67 هەزار و بەرێژەی لە سەدا 76 دەنگیاندا و لە پارێزگای دیالەش زیاتر لە 57 هەزار دەنگدەری ئەمنی هەبون كە رێژەی دەنگدانیان گەیشتۆتە سەدا 78.

لە قەزای خانەقین-ـی پارێزگای دیالە روماڵی دەنگدانی تایبەت لە رۆژنامەنوسان قەدەغە بوو، بە پاساوی دیارینەكردنی هیچ بنكەیەك بۆ روماڵی رۆژنامەنوسان لە قەزاكە، بەوهۆیەوە رێگەنەدرا پەیامنێری (كەركوك ناو) و ژمارەیەك دەزگای میدیایی دیكە كاربكەن.

سەلام مەهدی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دیالە بە (کەرکوک ناو)ـی وت "لە دیالە تەنها دوو بنکەی دەنگدان بۆ روماڵی راگەیاندنکاران دیاریكرابون، ئەوانیش لە بەعقوبە و شارەبان"، بەڵام رونیكردەوە بۆ دەنگدانی گشتی كە 18ـی ئەم مانگەیە، لە دیالە پێنج بنكە بۆ روماڵ دیاریكراون كە یەكێكیان لە خانەقین دەبێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن و مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.

photo1702741681
نەینەوا/ 16ـی كانونی یەكەمی 2023/ جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی بنكەیەكی موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بلە

ئامێرەكانی هەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگدان، لە كاتژمێر 6ـی ئێوارەدا ئۆتۆماتیكی راوەستان تا ئەنجامەكان بۆ ناوەندی سەرەكی كۆمسیۆن بگوازێتەوە، كە بەپێی یاسا، دەبێت لە ناوەندەكانی دەنگداندا، هەژماری دەستی دەنگەكانیش بكرێت پێش گواستنەوەی سندوقی دەنگەكان.

پرۆسەی جیاكردنەوە و هەژماری دەنگدان بە بەشداری و چاودێری زیاتر لە ملیۆنێك كارمەندی ناوەندەكانی دەنگدان، چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، نوێنەری حزب و لیستەكان و رۆژنامەنوسان، بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، زیاتر لە 700 هەزار كەس دەنگیانداوە و رێژەی دەنگدانی تایبەت گەیشتۆتە سەدا 67. 

فەریق روكن قەیس محەمەداوی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە جەختیكردەوە لە پێشەنگی كارەكانیاندا پاراستن و گواستنەوەی میمۆری ئامێرەكانی دەنگدانە، كە هەموو زانیارییەكانی تێدایە و ئەوەش لەڕێی ئاسمانی و بە فڕۆكە بۆ ناوەندی سەرەكی رەوانە دەكەن لە بەغداد.

هەروەها رونیكردەوە هیچ دەنگدانێكی تایبەت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان نەبووە و لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ ئەركێكی گەورەتر دەكەن، كە پاراستن و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی دەنگدانی گشتییە لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـدا.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2013ـەوە لە پارێزگاكانی عیراق نەكراوە و كەركوكیش بۆ یەكجار و تەنیا ساڵی 2005 لەو پرۆسەیەدا بەشداربووە، لە 15 پارێزگای عیراق هاوڵاتیان لە نێو زیاتر لە پێنج هەزار و 900 كاندید، دەنگ بۆ دیاریكردنی 285 نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگا دەدەن، كە 10 كورسییان بە كۆتا بۆ كەمینەكانی كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردانی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك تەرخانكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT