خوێندكارانی كەمدەرامەتی شنگال و بەعاج، رۆژانە لە خوێندنگەكاندا پسكیت و شیر و میوەیان پێدەدرێت، لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی وەزارەتی پەروەردەدا كە هێشتا هەموو ناوچەكانی نەگرتۆتەوە و بەهۆیەوە ناڕەزایی هەیە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكەی مانگێكە هەموو خوێندكارێكی سەرەتایی لە قۆناغی یەكەمەوە تا قۆناغی شەشەم، رۆژانە دوو پسكیت، دوو مۆز، دوو پاكەت شیر و دوو دەبە ئاوی پێدەدرێت، ئەوەش تەنیا لە بەشێكی خوێندنگەكانی هەردوو قەزای شنگال و بەعاج لە پارێزگای نەینەوا.
"كوالێتی شتەكان زۆر باشە و هەموو منداڵەكان بە خۆشییەوە دەچنەوە بۆ خوێندنگە بۆیە هیودارین بەردەوام بێت" بەوتەی عوبێد حەجی، دانیشتوی كۆمەڵگەی بۆرك لە ناحیەی سنونێی شنگال، كە دوو منداڵی خوێندكارن و هاوكاری وەردەگرن.
حەجی دەڵێت هەندێكجار لە میوەكاندا جگە لە مۆز، سێو-ـیشیان پێدەدرێت لەگەڵ پسكیت و شیر و ئاو، "ئەمە خەڵاتێكی گەورەیە چونكە زۆر كەس ناتوانن رۆژانە 250 دیناریش بە منداڵەكانیان بدەن تا خەرجی بكەن".
تەنیا لە شنگال زیاتر لە 170 خوێندنگەی سەرەتایی لەو هاوكارییە بەشداربن. لە قەزاكە بە هەردوو پەروەردەی عەرەبی و كوردی نزیكەی 80 هەزار خوێندكاریان هەیە لە سەرەتاییەوە تا شەشی ئامادەیی.
شەهاب ئەحمەد، كچەكەی لە خوێندنگەیەكی كۆمەڵگەی تل بەنات-ـی شنگالە، بەڵام لەو هاوكارییەی پەروەردە بێبەشن و بە ناڕەزاییەوە بۆ (كەركوك ناو) وتی "سەدان خوێندكار بێبەشن لە وەرگرتنی خواردن چونكە زانیارییەكانیان نەنێردراوە بۆ پەروەردە".
خوێندنگەكانی كۆجۆ، كۆمەڵگەی تل بەنات، حاتمییە و چەند ناوچەیەكی تر لە سنوری ناحیەی قەیرەوان هاوكارییەكەیان پێناگات.
حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال –خوێندنی عەرەبی- بە (كەركوك ناو)ـی وت هۆكاری بێبەشبونی ئەو خوێندنگەیانە لە هاوكاری لەبەرئەوەیە زانیارییەكانیان نەنێردراوە و پێویستە لە ساڵی ئاییندەوە ئامادەكاری بكەن، تا هەموو خوێندكاران سودمەندبن.
هەروەها رونیكردەوە دوای ناردنی هەر زانیارییەك، لیژنەیەكی مەیدانی سەردانی ناوچەكە دەكات، تا تەواو دڵنیابنەوە لە خراپی گوزەرانی خەڵك و خوێندكاران لەو هاوكارییە بەشداربن، "بەرنامەكە بۆ ئەو كەس و ناوچانەیە باری داراییان خراپە و پێویستیان بە هاوكارییە".
خوێندنگهكانی شنگال، له سهردهمی دهسهڵاتدارێتی داعش (2014 - 2015) وێرانكران و زۆرینهیان روخێنران، تهواوی مامۆستا و قوتابییەكانی ئاوارهبون، بهڵام لهگهڵ كۆنترۆڵكردنهوهی ناوچهكەدا و گهڕانهوهی بهشێك له خێزانهكان، پرۆسهی خوێندن دوبارە لە قەزاكە دەستیپێكردەوە و هێشتاش بەشێكی زۆریان هەر لە ئاوارەییدا دەخوێنن.
"لە كۆتایی وانەی دوەمی هەموو رۆژێكدا دابەشكردنی خۆراك بەسەر خوێندكاراندا دەستپێدەكات، هەمووی كوالێتی زۆر باشە و هەنگاوێكی گرنگە بۆ هاوكاریكردنی خوێندكارانی ناوچەكە" هاشم جەلال، وانەبێژ لە خوێندنگایەكی شنگال بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو پێوایە ئەو هەنگاوە وادەكات خۆشەویستی خوێندكار بۆ خوێندنگە زیاتر بكات، باش بخوێنن و نمرەی باش بەدەستبهێنن، "بەشێك لە خوێندكاران بەیانیان بەبێ خواردنی نانی بەیانی دێن بۆ خوێندنگە بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییانەوە بۆیە ئەم هاوكارییە فریایان دەكەوێت".
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، تائێستا زیاتر لە 800 هەزار خوێندكار، لە دوو هەزار و 500 خوێندنگە سودمەندبن لەو هاوكارییە، كە ئامانج لێی ئەو پارێزگا و قەزا و شارانەیە روبەڕوی هەژاری توند بونەتەوە، دەبێتە هۆی كەمبونەوەی كەوتن لە وانەكاندا و پاڵپشتییە بۆ تەندروستی جەستەیی خوێندكار و بژێوی خێزان.