جەمال كەریم و هاوسەرەكەی لە پێنج كچ و كوڕ بە تەنیا دەمێننەوە، دوای ئەوەی نەبونی خزمەتگوزاری و لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا پێنج كچ و كوڕەكەی ناچاردەكات زێدی باوباپیرانیان بەجێبهێڵن.
زێدی ئەوان ناحیەی نەوجول-ـە لە نێوان هەردوو قەزای كفری و دوزخورماتوو، كە بژێوی سەرەكییان لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە، ئێستاش ئەو كەرتە بەهۆی كەمبونەوەی ئاو و چەند گرفتێكی دیكەوە لەوپەڕی خراپیدایە.
"لەوەتەی لێرەین هەر كشتوكاڵ دەكەین، بەڵام وشكەساڵی و كەمی بارانبارین و نەبونی خزمەتگوزاری لەوانە كارەبا وایكرد خەڵك كشتوكاڵ لەدەستبدات، ئیتر بەوهۆیەوە ناتوانین بژین و بەردەوامبین" جەمال كەریم ئاغا (75 ساڵ) دەربارەی ئەو ناوچەیەی سەدان ساڵە خێزان و كەسوكاری تیایدا ژیاون، وای وت.
عیراق بە گشتی لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە كە دەكەونە ژێر كاریگەری لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا كە مەترسی كەمئاوی، وشكەساڵی، بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، پیسبونی ژینگە دەگرێتەوە، بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەستەمە بتوانین لێرە درێژە بە ژیان بدەین
جەمال بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆربەی كەسوكار و خەڵكی ناوچەكە رۆیشتن، هەر پێنج كچ و كوڕەكانی من بە خێزانی لە ساڵی رابردووەوە كۆچیان كردووە بۆ سلێمانی و ناوچەكانی تر، تەنیا من و خێزانم نەرۆیشتوین"، لەو ناحیەیە بە شەوورۆژێكدا چەند كاتژمێرێكی كەم كارەبا هەیە، "هەر بە دیار چراوە دادەنیشین، كارەبای نیشتمانی كەمە و مۆلیدەشمان نییە".
نزیكەی 131 هەزار هاوڵاتی عیراقی لە 12 پارێزگای عیراق كۆچیانكردووە، لە ساڵی 2016ـەوە تا ناوەڕاستی ئەیلولی 2023، ئەوەش بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بەوپێیەی لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەژیان، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM).
"ژیانمان زۆر سەخت بووە، ئەستەمە بتوانین لێرە درێژە بە ژیان بدەین" بەوتەی جەمال كەریم.
نەوجول لە نێوان دوو ئیدارەی جیاوازدا گیرۆدە بووە، بەشێكی ناحیەكە لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە قەزای كفری و بەشێكیی دیكەی سەر بە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین. ئەو دوو قەزایە جێناكۆكن، كفری سەر بە دیالە بەڵام لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجول بە (كەركوك ناو)ـی وت "ساڵانی رابردوو زیاتر لە 100 ماڵ لە ناوەندی ناحیەكەدا نیشتەجێ بون، بەڵام بەهۆی كێشەكانەوە لەوانە نەبونی كارەبا و خراپی رێگاوبان، خەڵكەكەی كۆچیان كرد و ژمارەی دانیشتوان كەمبۆوە بۆ 68 خێزان و ئێستا 18 خێزان لە ناوەندی ناحیەكەدا ماونەتەوە"، لە چەند ساڵێكدا سەدا 82ـی خەڵكی ناحیەكە كۆچیان كردووە.
هەروەها دەڵێت ناحیەكە لە نێوان دوو حكومەتدا "پشتگوێخراوە"، بەوپێیەی لە یەككاتدا سەر بە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراقن، نیوەی هاوڵاتیانی نەوجول كاروباری ئیداریی و مامەڵەیان لە دوزخورماتووە و نیوەی دیكەی لە كفری، ئەو دابەشبوونەوە هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاری و پەروەردە و كارەبا و تەنانەت دەنگدانی هاوڵاتیانی گرتۆتەوە.
"خەڵك بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریك بوون، ئێستا ئەوەش نەماوە.. گوندەكانی چواردەوری ناحیەكە هەر هیچیان بۆ نەكراوە، بە تایبەت كەرتی كارەبا زۆر خراپە" بەڕێوەبەری ناحیەی نەجول وای وت.
ناحیەكە 46 گوند لە خۆدەگرێت كە چوار گوندیان بەهۆی مەترسی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" چەند ساڵێكە چۆڵكراون، ئەوانی دیكەش كە ژمارەیەكیان لەژێر دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئەوانی تر لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، بەرێژەی جیاواز دانیشتوانەكانیان كۆچیان كردووە.
مەسعود ئەحمەد، جوتیارێكی ناوچەی زینانە-ـی ناحیەی نەجولە كە كۆچی كردووە بۆ ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلار، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "بە خێزانی لە تاو ناخۆشی و كێشەكاندا ماڵەكانمان بەجێهێشت، ئەوێ بۆ من سەخت بوو لەڕوی كاركردن و بژێوییەوە، ئەگەر كێشەكان چارەسەر بكرێن یەكسەر دەگەڕێمەوە".
لە 100 خێزانی نیشتەجێی ناوەندی ناحیەكە تەنیا 18 خێزان ماونەتەوە
بەشێك لەو كێشانەی مەسعود باسیكرد، جگە لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، بریتین لە نەبونی كارەبا و خراپی رێگاوبانەكان و كەرتی تەندروستی و مەترسی ئەمنی بون.
نەوجول ناوچەیەكی بە پیت و فراوانی كشتوكاڵی هەیە، بەڵام مەترسی گروپی چەكداری و كەمبونەوەی ئاو وایكردووە جوتیاران سود لە روبەرێكی كەم بۆ بەرهەمهێنان وەربگرن.
بەڕێوەبەری ناحیەكە دەڵێت رێنماییەكانی حكومەت بۆ جوتیاران قورسە و رۆتیناتی زۆرە، بۆیە جوتیار ناتوانێت شەش مانگ بەدوای مامەڵەیەكەوە بێت تا بیرێكی ئاو لێبدات لەكاتێكدا 50 دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە و بەوهۆیەوە ناچارە لەتاو بێ ئاوی واز لە كشتوكاڵ بهێنێت و لە ناوچەكە بڕوات.
"پێموانییە ئەم كێشە و گرفتانەی هەن بە حكومەتی هەرێم چارەسەر بكرێن" ئاماژەی بەوەدا تەنانەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیدا تەنیا فەرمانبەرێكیشی نییە، جگە لەوەی فەرمانگەكانی وەكو كشتوكاڵ و ئاو بۆ ناوچەی تر گواستراونەتەوە.
وەهاب ئەحمەد دەڵێت "ناحیەكە خەریكە بە تەواوی چۆڵ دەبێت.. ئەم ناوچەیە هێڵی تەماسی نێوان هەرێم و عیراقە ئەگەر چۆڵ ببێت كاریگەری و مەترسی بۆ سەر ناحیەكانی چواردەوری لەوانە سەرقەڵا، قادركەرەم و ئاوەسپی و ناوچەكانی تر هەیە بە تایبەت لەڕوی دروستبونی بۆشایی ئەمنییەوە".