دەستەی نەزاهەی عیراق، بەڕێوەبەرێكی گشتی سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق دەستگیردەكات، ئەوەش بەتۆمەتی "وەرگرتنی 500 هەزار دۆلار" لە بەرامبەر رادەستكردنی تەنیا یەك نوسراوی وەزارەتەكەی بە وەبەرهێنەرێك كە تایبەتە بە كارگەی چیمەنتۆی بادوشی نوێ لە نەینەوا.
دەستەكە شەوی رابردوو 16ی كانونی دووەم، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی پیشەسازییان لە بەغدا دەستگیركردووە، لەوكاتەی ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتووە لە بەرامبەر پێدانی نوسراوەكە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسییەكە بۆ (كەركوك ناو).
نوسراوەكە، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) تایبەتە بە گەڕانەوەی ماف بۆ وەبەرهێنەرێكی عیراقی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی كارگەی چیمەنتۆی بادوشی نوێ، بەپشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی ئیدارەی چیمەنتۆ لە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق.
ئەو وەبەرهێنەرە كە خاوەنی كۆمپانیای جەبەل حەدیدە، چەند ساڵێكە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی هەیە بۆ نۆژەنكردنەوە و بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كارگەكە و بەپێی پەیجی رەسمی كۆمپانیاكە تا نیسانی 2023 لەو كارگەیە كاریانکردووە، بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023ەوە كۆمپانیایەكی تر لەهەمان كارگە دەستبەكاربووە بە ناوی ئەوكان گروپ.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، "لەژێر فشاری" گروپێك چەكدار-دا كە بەرژەوەندییان لە وەبەرهێناندا هەیە و ساڵی رابردوو چونەتە سەر كارگەكە و رێگرییان كردووە كۆمپانیای جەبەل حەدید كارەكانی بكات و لەدوای ئەوە راستەوخۆ كۆمپانیای ئەوكان گروپ دەستبەكاربووە. بەڵام رون نییە چۆن لەلایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە رێگەیان پێداوە.
بەو هۆیەوە خاوەنی كۆمپانیای جەبەل حەدید لە وەزارەتی پیشەسازیی عیراق سكاڵایکردووە و ئەنجومەنی ئیدارەی چیمەنتۆ لە وەزارەتی پیشەسازیی فیدراڵی-یش كەیسەكەی لە بەرژەوەندی ئەو یەكلاییكردۆتەوە.
یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) وتی "دوای ئەوەی خاوەنی كۆمپانیای جەبەل حەدید سەردانی وەزارەتی كردووە بۆ وەرگرتنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئیدارەی چیمەنتۆ لە وەزارەتی پیشەسازی، یەكێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت پێی وتووە لە بەرامبەر 500 هەزار دۆلار ئامادەیە بڕیارەكەی پێبدات".
یەكێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكە لە بەرامبەر پێدانی بڕیارەكە 500 هەزار دۆلاری وەرگرتووە
كارگەی چیمەنتۆی بادوش، سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عیراقە و لە ساڵی 2021ەوە دراوە بە وەبەرهێنەران بۆ نۆژەنكردنەوە و بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنان، كۆمپانیای جەبەل حەدید بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی هەیە.
"شەوی رابردوو 16ی كانونی دووەم، هێزێكی دەستەی نەزاهە زانیارییان لەسەر ئەو بابەتە هەبووە و لەوكاتەی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت ویستویەتی پارەكە وەربگرێت دەستگیركراوە"، سەرچاوەكە وێنەیەكی كاتی دەستگیركردنی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی تایبەت بۆ (كەركوك ناو) ناردووە.
تیمی (كەركوك ناو) پەیوەندی بە دەستەی نەزاهەی نەینەواوە كرد، بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بەردەست نەبون، هەروەها دەستەی نەزاهەی بەغداش بەهەمان شێوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا دەستەی نەزاهەی عیراق هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو بابەتە لە وێبسایت و پلاتفۆرمەكانی تری بڵاونەكردۆتەوە. هەر بەو هۆیەوە (كەركوك ناو) لەبەر پاراستنی رێوشوێنی یاسایی و رێڕەوی دۆسییەكە ناوی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی پاراستووە.
كارگەی چیمەنتۆی بادوش بەدوری 25كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ لە ناحیەی حەمیدات، لە ساڵی 2021دا رۆژانە نزیكەی چوار هەزار تۆن بەرهەمهێنانی هەبوو، بەرلەوەی وەزارەت رادەستی وەبەرهێنەرانی بكات.
كارگەكە لە ساڵی 1977 بونیاتنراوە و دوو هێڵی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی هەبووە. یەكێك بوو لەو كارگانەی لە سەردەمی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) زیانی بەركەوتووە.