لە پارێزگاكانی عیراق ساڵی رابردوو رۆژانە 198 حاڵەتی تەڵاق تۆماركراوە، كە 18ـیان لە پارێزگای نەینەوا بووە، لە كەركوك حەوت و لە دیالە هەشت حاڵەت بوون.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ ئامارەكانی هاوسەرگیری و تەڵاق كە ئەنجومەنی باڵای دادوەری مانگانە بڵاویدەكاتەوە، لە سەرەتای كانونی دوەمی 2023ـەوە تا كۆتایی هەمان ساڵ لە 15 پارێزگای عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، 72 هەزار و 471 حاڵەتی تەلاق تۆماركراوە لەبەرانبەردا زیاتر لە 296 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری هەبووە.
بە تێكڕا لە ساڵی رابردوودا رۆژانە 198 تەڵاق تۆماركراوە و زۆرترینیان لە مانگی ئابدا بووە، لەگەڵ 810 هاوسەرگیری لە رۆژێكدا كە زۆرترینیان لە تشرینی یەكەمدا بووە.
لە پارێزگای كەركوك ژمارەی تەڵاق گەیشتۆتە دوو هەزار و 538 حاڵەت لەو ساڵەدا، كە رۆژانە حەوت پرۆسەی تەڵاق دەكات، لە بەرانبەردا زیاتر لە 13 هەزار هاوسەرگیری نوێ هەبووە.
تەڵاق لە نەینەوا شەش هەزار و 795 حاڵەت بووە، كە تێكڕای 18 حاڵەتی رۆژانەیە لەگەڵ زیاتر لە 33 هەزار هاوسەرگیری.
لە پارێزگای دیالە رۆژانە هەشت تەڵاق تۆماركراوە و لە ساڵەكەدا گەیشتۆتە دوو هەزار و 865 حاڵەت لە بەرانبەر زیاتر لە 12 هەزار هاوسەرگیریدا.
لە ساڵی رابردوودا زۆرترین هاوسەرگیری لەو سێ پارێزگایە لە مانگی تشرینی یەكەمدا بووە، بەڵام حاڵەتەكانی تەڵاق بۆ نەینەوا لە مانگی ئاب و لە كەركوك تشرینی یەكەم و لە دیالە كانونی یەكەم بووە.
ژمارەی تەڵاق لە ساڵی 2023ـدا كەمتر بووە بەراورد بە ساڵانی 2022 و 2021 كە بۆ هەر یەكێكیان زیاتر لە 73 هەزار حاڵەت بووە.