خەریكە خەونی لە مێژینەی خەڵكی باشیك بێتەدی
چیـتر پێـویسـت ناكات نەخۆشەكەت بۆ موسڵ ببەیت

نەینەوا/ دیمەنێك لە ناوەندی ناحیەی باشیك. فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی باشیك

عەمار عەزیز

دوای زیاتر لە 10 ساڵ هەوڵدان، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتودا گرێبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لە ناحیەی باشیك لە دەشتی نەینەوا واژۆبكرێت، بەوەش خەونی دانیشتوانی ناحییەكە بۆ یەكەمجار دێتەدی و باشیك دەبێتە خاوەنی نەخۆشخانە.

لە سنوری ناحیەی باشیك – سەر بە قەزای ناوەندی موسڵ-، هیچ نەخۆشخانەیەك نییە، تەنیا چەند بنكەیەی تەندروستی هەیە، ئەوەش لە ئاست پێداویستییە تەندروستییەكانی خەڵكی ناوچەكەدا نییە.

ئەوە وایكردووە خەڵكی ناوچەكە بۆ چارەسەری كۆمەڵێك نەخۆشی سەردانی موسڵ و شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەوەش پێویستیان بە كاتژمێرێك یان كەمتر هەیە تا دەگەنە نەخۆشخانەكان. بۆیە خەڵكی باشیك بە گرنگییەوە لە چاوەڕوانی واژۆكردنی گرێبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەن.

عەلی سلێمان، دانیشتوی گوندی عومەر قابچی لە باشیك، خێزانەكەی بە یەكێك لە قوربانییەكانی نەبونی نەخۆشخانە لە باشیك دادەنێت.

"ساڵی رابردوو برایەكم جەڵتەی دڵ لێیدا، تا گەیاندمانە نەخۆشخانەی حەمدانییە لە ناوەندی قەزای حەمدانییە گیانیلەدەستدا"، عەلی پێیوایە ئەگەر نەخۆشخانە لە باشیك هەبوایە رەنگە براكەی ئێستا لەژیاندا بوایە، چونكە وەك خۆی دەڵێت كاتژمێرێكیان پێ چووە تا گەیشتونەتە نەخۆشخانە.

ئەگەر نەخۆشخانە هەبوایە رەنگە ئێستا براكەم لە ژیاندا بوایە

"بیستومە نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی دروستدەكرێت، ئەوە گەورەترین كێشەی ئێمە چارەسەر دەكات، بەڵام ئایا جێبەجێدەكرێت".

ئەو گومانەی عەلی سلێمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە زیاتر لە 10 ساڵە – تەنانەت لە پێش شەڕی داعشەوە – هەوڵ بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەكە دەدرێت و هێشتا گرێبەستەكە واژۆ نەكراوە.

بەگشتی خەڵكی ناحییەكە بۆ نەشتەرگەریی، دەبێت بەپەلە خۆیان بگەیەننە شارەكانی تر. بەوتەی ئەو هاوڵاتییە تا دەگەنە نەخۆشخانەكان لەنزیكترین ماوەدا كاتژمێرێكیان پێدەچێت.

بەپێی نوسراوێكی عەبدولقادر ئەحمەد حەسەن دەخیل، پارێزگاری بەوەكالەتی نەینەوا كە لە 12ی كانونی یەكەمی رابردوو واژۆی كردووە، نەخۆشخانەی باشیك بڕی 73 ملیار و 430 ملیۆن و 502 هەزاری بۆ تەرخانكراوە و ماوەی پڕۆژەكە 850 رۆژ دەخایەنێت. بودجەكەشی لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی هەرێمەكاندا تەرخاندەكرێت.

Bashiiik
نەینەوا/ دیمەنێك لە ئاسمانەوە، ناوەندی ناحیەی باشیك نیشاندەدات. فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی باشیك

بەپێی وتەی غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە تەنیا واژۆی كۆمپانیاكەی ماوە بۆ دەستپێكردن.

"دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بەشی زۆری كەموكورتییەكانی لایەنی تەندروستی باشیك چارەسەر دەكات... هەموو كاتێك داواكاری سەرەكی خەڵكی ناحییەكە دروستكردنی نەخۆشخانە بووە".

ناحیەی باشیك، سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە (12كم باكوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ)، ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 149 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، جگە لە شەبەك، پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیانی تێدایە.

لە بنكەی تەندروستی باشیك بەشەكانی (ددان، سۆنار، دەرمانخانە، تاقیگە، ڤاكسین، لەگەڵ بەشی لە دایكبووان) هەیە، چوار پزیشكی پیاو لەگەڵ سێ‌ پزیشكی ژن دەوامی لێ دەكەن.

دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بەشی زۆری كەموكورتییەكانی لایەنی تەندروستی باشیك چارەسەر دەكات

لوقمان باقر، بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی باشیك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بەشی نەشتەرگەریمان نییە، بە بونی نەخۆشخانەیەك ئەو كێشە گەورەیەی خەڵكی ناوچەكە چارەسەر دەبێت... هەروەها ئەگەر نەخۆشخانەكە دروستبكرێت، ئەو فشارەی ئێستا لەسەر بنكەكەمان هەیە نامێنێت".

بۆ نمونە عەلی سلێمان باوكی شەش منداڵە، دەڵێت هەمویان بە نەشتەرگەریی لە دایكبون و بۆ هەمویان چونەتە موسڵ.

عەلی وتی "جگە لەوە هەندێك كات لە بنكەی باشیك دەڵێن دەرمان نییە، یان پزیشكی پسپۆڕ نەهاتووە، ئەمانە كێشەن". ئەو هیوادارە بە دروستكردنی نەخۆشخانەكە ئەو كێشانە نەمێنێت.

رەفعەت سمو، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا گرێبەستی دروستكردنی واژۆدەكرێت و هیچ بەربەستێك نەماوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT