چوار خوێندكاری زانكۆ؛ سێ كچ و كوڕێك، بە پرۆژەیەكی هاوبەش بۆ بەخێوكردنی قەل، هەوڵدەدەن ئەوەی لە هۆڵەكانی خوێندندا فێری بون بیكەن بە كردار و لە داهاتوشدا سەرچاوەیەكی باشی بژێوی دەستەبەر بكەن.
خوێندكارەكان لە دواقۆناغی بەشی سامانی ئاژەڵ دەخوێنن، لە كۆلێژی تەكنیكی كفری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان و هەر لەو قەزایەش 20ـی كانونی دوەمی ئەمساڵ پرۆژەكەیان بە هاوكاری بەشی سامانی ئاژەڵ و پاڵپشتیی دارایی رێكخراوی هاوكاری ئەڵمانی، دەستپێكرد.
"بەخێوكردنی قەل بەشێوەیەكی تەندروست یەكێك بوو لەو بابەتانەی لە زانكۆ خوێندومانە لە چوارساڵی رابردودا.. هەر بۆیە لەگەڵ هاوڕێكانمدا بڕیاری دامەزراندنی پرۆژەكەمان دا، هەم كاری تێدا دەكەین و هەم توێژینەوەشی لەسەر دەكەین" ئاڵا كەمال (21 ساڵ) وای وت.
ئەو یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پرۆژەكە بەهاوبەشی دوو كچی دیكەی خوێندكار كە لە كفری و كەلار دادەنیشن لەگەڵ كوڕێكی هەمان زانكۆ و دانیشتوی شاری سلێمانی.
"سەرەتای دەستپێكردنی پرۆژەكە قورس بوو، چونكە هیچ ئەزمونێكمان نەبوو لە بەخێوكردنی قەل و یەكەمجاریش بوو پڕۆژەیەكی ئاوا بەڕێوەببەین، بەڵام ئێستا ئاسان بووە" بەوتەی ئاڵا، بەخێوكردنی قەل بەوپێیەی لە تەمەنێكی بچوكەوە مەترسی مرداربونەوەی هەیە، بۆیە پرۆسەكە بۆ خەڵكی دیكەش ئاسان نییە، بەتایبەت بە ئەگەر زانیاری پێویستی نەبێت.
پرۆژەی ئەو چوار خوێندكارە 100 جوجكە قەلی هۆڵەندی و سوریی لە خۆدەگرێت، تائێستا تێچوەكەی گەیشتۆتە زیاتر لە ملیۆن و 500 هەزار دیناری عیراقی، جگە لەو كەرەستانەی زانكۆ وەكو هاوكاری دابینیكردووە لە شوێن و ئاو و كارەبا.
شایستە عەدالەت (21 ساڵ)، كچە خوێندكارێكی دیكەی هاوبەشە لە پرۆژەكەدا و بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "دەمەوێت لەمەودوا پشت بەخوم ببەستم و داهاتی تایبەت بە خۆم هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەخێوكردنی قەل بەشێك بووە لە خوێندنی زانكۆیی و لەوێ فێر بوین".
لە سەرەتای پرۆژەكەوە دەبوو 24 كاتژمێر چاودێری بكەن تا تەواو فێر رێگاكانی چاودێری و بەخێوكردنی قەل بون.
"بۆ ئێمە كارێكی قورس بوو، چونكە لە یەككاتدا سەرقاڵی خوێندنی زانكۆ و بەرێوەبردنی پرۆژەكەش بوین"، شایستە دەڵێت ئێستا راهاتون و ئەگەر دەرفەت هەبێت، دەیانەوێت پرۆژەكە فراوانتر بكەن و هەلیكار بۆ كەسانی دیكەش بڕەخسێنن.
جیاواز لە چەندین پرۆژەی دیكە، ئەو چوار خوێندكارەی زانكۆ، هەر خۆیان ئالیك بۆ قەلەكان بەرهەمدهێنن و نایكڕن، ئەوەش بەهاوكاری یەكێك لە مامۆستاكانی زانكۆ، لەگەڵ كارەكانی دیكەش وەكو رێكخستنی پلەی گەرمی شوێنی بەخێوكردنە و رێژەی شێ و دانانی ئاو و پاككردنەوەی كێڵگەكە.
ئاڵا وتی "هەموو رۆژێك ئالیك بە قەلەكان دەدرێت، بۆ ئەوەش پێشتر هەفتانە بەشی پێویست ئالیكی نوێ بەرهەمدەهێنین".
گۆشتی قەل بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا خواستی زیاتری لەسەرە، بە تایبەت ئەوانەی كێشیان لە نێوان چوار تا 10 كیلۆدایە، هەر قەلێكیش تا دەگات بەو كێشە پێویستی بە زیاتر لە چوار مانگ هەیە.
"قەلەكانی ئێمە هێشتا بچوكە و نرخى فرۆشتن و قازانجی دەكەوێتە ئەوكاتەی بەرهەمە دەبەینە بازاڕ، بەڵام پێمانوایە قازانج دەكەین"، ئاڵا كەمال وای وت. چاوەڕێن لە مانگی ئایار تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ قەلەكان بگاتە ئەو كێشەی بخرێتە بازاڕەوە.
ئێستا نرخی یەك كیلۆ گۆشتی قەلی مێ نزیكەی نۆ هەزار و قەلی نێر نزیكەی 12 هەزار دینارە.
شایستە دەڵێت پرۆژەكە بۆ كفری گرنگە و بۆ ئەوانیش سەرچاوەی داهاتە، ئەویش هەمان خواستی ئاڵای هەیە، ئەگەر هاوكاری هەبێت، دەیانەوێت پرۆژەكە فراوانتر بكەن و نایانەوێت دەستبەرداری بن، ئاڵا-ـیش وتی "پێویستمان بە شوێنی گەوەرتر و هاوكاری دارایی هەیە.. چونكە ئامانجی ئێمە ئەوەیە گۆشتێكی بەرهەمهێنراوی سروشتی و كۆالیتی بەرز و بەبێ بەكارهینانی دەرمان بە هاوڵاتیان بگەیەنین".