کودەتا بەسەر کۆتادا

كەركوك/15ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك هاوڵاتی پێكهاتەی توركمان لە بەردەم بینای پەروەردە. فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمان سادق

كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە كۆڵنەدەن، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن و لە دەرەوەی سیستمی كۆتا بگەنە پەرلەمان، بەڵام دەڵێن "كارەكە ئاسان نییە! ئەركی ئێمە سەخت بووە لەوەی چۆن نوێنەرایەتی خۆمان بكەین".

ئەوە هەڵوێستی نوێی كەمینەكانی هەرێمی كوردستانە، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵیی عیراق 11 كورسی كەمینەكانی لە پەرلەمانی كوردستان و لە چوارچێوەی سیستمی كۆتادا هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی ناویبرد.

چوارشەممە 21 شوباتی 2024، دادگای فیدراڵیی عیراق زنجیرەیەك بڕیاری لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ساڵی 1992ی دەركرد، لە نێویاندا ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەمكردەوە و هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵبژاردن كردە فرەبازنە، ئەوەی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی نیگەران كردووە لابردنی 11 كورسی كۆتا بوو. (پێنج كورسی توركمان، پێنج كورسی كریستیان و یەك كورسی ئەرمەن).

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوی دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی دادگا رونە و بەو مانایە دێت ئیتر شتێك نەما بەناوی كورسی كۆتا، ئەوانەی پێشتر كورسی كۆتایان بە یاسا بۆ دانرابوو، ئێستا دەبێت لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی گشتی-دا بەشداریی بكەن و كورسی پەرلەمانی ببەنەوە و نوێنەرایەتی خۆیان دیاری بكەن".

ئیتر شتێك نەما بەناوی كورسی كۆتا

لابردنی كورسی كۆتا، نیگەرانیی لای تەواوی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم دروستكردووە و شەوی رابردوو 21ی شوبات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، بڕیارەكەی دادگایان بە "كودەتا بەسەر دەستور"دا وێنا كرد.

محەمەد ئیلیخانی، كە راگەیەنراوی هاوبەشی كەمینەكانی هەرێمی كوردستانی خوێندەوە، وتی "ئەوە هیچ پاساوێكی سیاسیی و دەستوری نییە".

كەمینەكان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی بڕیارەكە "سیاسییە... چونكە مافی پێکهاتەکان لە مادەکانی 49 و 125ی دەستوری هەمیشەیی عیراقدا چەسپێندراوە".

لە بڕگەی یەكی ماددەی 49ی دەستوری عیراقدا، كە كەمینەكان بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پشتی پێدەبەستن، هاتووە "ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆمەڵێك ئەندام پێكدێت كە هەر ئەندامێك لەبەرامبەر 100 هەزار عیراقیدایە، لە رێگای دەنگدانێكی گشتیی نهێنیی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن. بەجۆرێك نوێنەرایەتی هەموو پیكهاتەكانی گەل لەبەرچاوبگیرێت". هەرچی ماددەی 125ی دەستورە، هاتووە "ئەم دەستورە گرەنتی پاراستنی مافە ئیداریی، رۆشنبیری، سیاسیی و... نەتەوە جیاوازكانی وەكو توركمان، كلدان و ئاشور و پێكهاتەكانی تر دەپارێزێت".

950x644_110811FB_IMG_1555829827672
كەركوك/ 2019/ بەڕێوەچونی مەراسمی جەژنی قیامە تایبەت بە كریستیانەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو 

كەمینەكان پێیانوایە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە هێزی دووەمی هەرێمی كوردستانە، بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كرودستان، "هەڵەیەكی مێژویی" كردووە، بەهۆی ئەو سكاڵایەی لە دادگای فیدراڵی دژی کورسی كەمینەكان تۆماریكردووە.

"ئەمە پاشگەزبونەوەیە لە شەراکەتی نیشتمانی و پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ کە لە رێکەوتنە سیاسییەکانی دوای راپەڕینی 1991" چەسپێندراوە، هەر بەپێی راگەیەنراوەكە جەختكراوەتەوە "بڕیارەكە لە بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسییە و ئەو لایەنە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی کوردستان توشی لاوازیی و کێشەی ناوخۆیی بووە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو لایەنە بكات.

بڕیارەكە لە بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسییە و ئەو لایەنە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی کوردستان توشی لاوازیی و کێشەی ناوخۆیی بووە

بەپێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان كە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2015 دەریكردووە، لەكاتی دیاریكردنی سنوری یەكە كارگێڕییـەكان و بازنـەكانی هەڵبژاردن... حكومەت بارودۆخی پێكهاتەكان لەبەرچاودەگرێت.

پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا داوایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان - هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان، بەپێی دواین هەڵبژاردن -  و سەرۆكەكەی - مەسعود بارزانی كرد، بڕیارەكە رەتبكاتەوە و پەسەندی نەكات.

هەر بەپێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، لانیكەم لە 10 پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی پێكهاتون، لەوانە توركمـان، كلـدانی سـریانی ئاشـور و ئەرمـەن، مەسیحی ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی، زەردەشتی و هی دیكە.

لەگەڵ هەموو ئەو نیگەرانیانەشدا، كەمینەكان جەختیانكردەوە لەوەی "پاشگەز نابینەوە لە کاری سیاسی خۆمان لەپێناو خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و دەنگی خۆشمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەیەنین".

پاشگەز نابینەوە لە کاری سیاسی خۆمان لەپێناو خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان

مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – لە پێكهاتەی توركمان-، وتی "بڕیارەكەی دادگا دانانی یاسایەکی نوێ بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تەنانەت نەگەڕایەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی 1992".

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای سكاڵای دوو ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هات، سكاڵاكە بە پاساوی ئەوەی "یاساكە كۆنە و پێویستی بە هەمواركردنەوەیە".

dadga-1
دانیشتنێكی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق. فۆتۆ: ماڵپەڕی دادگای باڵای فیدراڵی

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و خاوەنێكی سكاڵاكە، پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی هەروەها پارتی و گۆڕان – لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم-دا یەکێک لە خاڵەکان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو، لە چوار ساڵی رابردوشدا چەندجارێک ئەو پرسە باسکراوە، هەموو ئەوەش لەپێناو ئەوەیە لە کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و خەڵکی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییەکی راستەقینە بن، بەڵام هەموارنەكرایەوە".

وتیشی "هەموو لایەک دەزانن ئەو یاسایەی ئێستا هەیە ساڵی 1992 دەرچووە و ئەوەتا لە عیراق لە پێنج هەڵبژاردندا، پێنج یاسای جیاواز دەرکراوە، بۆیە پێویست دەکات یاساکە هەمواربکرێتەوە... هەموو هەوڵێک درا، بەڵام لە تەمەنی یاسایی پەرلەماندا نەگەیشتینە رێككەوتن، بۆیە پەنامان بردەبەر دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ چارەسەری کێشەکە".

یوسف محەمەد، وتی "خۆی لە بنەڕەتدا یاسای هەڵبژاردن نادادپەروەر بووە، لەڕاستیدا هیچ سیستمێكی هەڵبژاردن لە جیهاندا نییە سەد لەسەد دادپەروەر بێت".

زیاتر وتی كە سەیری كۆی گشتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەیت، هەندێك دەسەڵاتی پەرلەمانی كورستانی كەمكردۆتەوە.

هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگا، هەرێمی كوردستان دەبێت لە چوار بازنەی هەڵبژاردن كەمترنەبێت و پەرلەمان 100 كورسی دەبێت.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێدەچێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراق، هەرێمی کوردستان بکات بە چوار بازنە، بە جۆرێک سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی".

بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2021 و پشتبەستن بە ژمارەی دانیشتووان، پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 336 هەزار كەسە، بەو پێیەش بێت لە نێوان 40 بۆ 41 كورسی بەردەكەوێت، هەولێر زیاتر لە دوو ملیۆن و سێ هەزار دانیشوانەكەیەتی، بەو پێیە بێت لە نێوان 34 بۆ 35 كورسی بەردەكەوێت.

هەرچی پارێزگای دهۆكە زیاتر لە ملیۆنێك و 390 هەزار دانیشتوانەكەیەتی و بەو پێیەبێت 24 كورسی بەردەكەوێت.

ئارام جەمال وتی "لەبەرئەوەی یاسایەک نییە بۆ دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسییەکانی، ئەوا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەم رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشاندەکەن، هەمیش بازنەکان و ژمارەی کورسییەکان".

وتیشی "دوای هەڵبژاردن، ئەرکی پەرلەمانە بە یاسایەک ژمارەی کورسییەکان و بازنەکانی هەڵبژاردن دیاری بکات".

ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت - توركمان- لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ـی وت "دادگای فیدراڵی لە سایەی سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هیچ بەهایەكی بۆ  هەرێمی کوردستان دانەنا... پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا کێشەکانی ناو هەرێمی کوردستان خەتای پێکهاتەکان بوو؟ ئەوانەی سکاڵایان تۆمار کرد با بەخۆیاندا بچنەوە".

"کاتێک کۆتا بۆ پێکهاتەکان دانرا لەبەرئەوە بوو کە دەنگی زۆریان نەدەهێنا بۆ ئەوەی بگەن بە پەرلەمان و حکومەت، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە بەشێوەیەکی تر جێگەیان بکرێتەوە، ئەمەش بڕێک سەختە، چونكە پێکهاتەکان ئەو هێزە گەورەیەیان نییە تا خەڵک دەنگیان پێبدەن، بۆیە کارەکە زۆر سەختە و نازانین چۆن و چی رودەدات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT