دنیا تەواو تاریك ببوو، دوای كاتژمێر 7ـی ئێوارە، سوپای عیراق لە پڕ هەموو دەروازەكانی ناوشاری پردێی داخست، بەهۆی ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لە ئۆتۆمبێلێكی گومانلێكراو كە چەند كەسێكی تێدابوو.
داخستنی دەروازەكانی ناحیەكە (لە باكوری كەركوك) قەرەباڵغییەكی زۆری دروستكرد، بەوپێیەی شادەماری رێگای هاتوچۆی نێوان كەركوك و هەولێری پێدا تێدەپڕێت، لەوكاتەدا سوپا سەرقاڵی هەڵمەتی پشكنین و گەڕان بوو بەدوای ئۆتۆمبێلی داواكراوەكەدا.
هێزە سەربازییەكان هەوڵیاندەدا ئەگەری هەر پێكدادانێك لە خەڵك دووربخاتەوە، لە ترسی دوبارەبونەوەی روداوەكانی ئەیلولی رابردوو. كە لە روبەڕوبونەوەی نێوان دژەتیرۆر و چەند چەكدارێكدا، دوو مێردمنداڵی پردێ گیانیان لەدەستدا و شەپۆلێك لە ناڕەزایی و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەسەروبەندی روداوەكەی دوێنێ شەو، 13ـی تشرینی دوەمی 2026 لە پردێ، گومانەكان زۆر بوون و جۆرێك لە دڵەڕاوكێ دروست بوو، دەنگی تەقە و روبەڕوبونەوە هەبوو، تا لە ماوەی كاتژمێرێكدا، هەموو شتێك بە دەنگێكی بەرزی بۆردومانی ئاسمانی كۆتاییهات.
پێكدادان لە دەوروبەری پردێ
وردەكاریی رووداوەكە دوای چوونەژورەوەی ئۆتۆمبێلێك بۆ پردێ دەستیپێكرد، كە ژمارەیەك كەسی تێدابووە و گومانی لای هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دروستكرد و بەوهۆیەوە، هێزە ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی (كەركوك ناو) لە سەرچاوە ئەمنییەكانی دەستی كەوتووە.
كاتێك ئەوانەی ناو ئۆتۆمبێلەكە هەستیانكرد جموجۆڵەكانیان بۆتە جێی گومان، خۆیان ون كرد و بەوەش هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە پرۆسەی گەڕان كردووە لە ناوەندی پردێ و دەوروبەری.
لە ئەنجامی هەڵمەتەكانی گەڕاندا، روبەڕوبونەوەی چەكداری لە نێوان هێزەكانی سوپا و چەكدارەكاندا رویداوە لە دەوروبەری پردێ، پێش ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق بۆردومان بكەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە راگەیەندراوێكدا شەوی رابردوو ئاشكرایكرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی سەربازی و بە بەشداری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، لە كاتژمێر 8ـی شەودا بۆردومانی ئامانجێكی دیاریكراویان كردووە.
لە راگەیەندراوەكە هاتووە، سێ چەكدار كوژراون، لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو كەسەی ئەركی گواستنەوەیانی لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها ئاماژەی داوە بە بەردەوامی پرۆسەكانی گەڕان و پشكنین.
هاوكات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، لە راگەیەندراوێكی تردا هەمان شەو بڵاویكردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە نزیك ناحیەی پردێ، بە بەشداری هەواڵگریی و هێزی ئەسمانی، توانیویانە سێ چەكدار بكوژن و تۆمەتبارێكیش دەستگیربكەن.
ئەو تۆمەتبارەی چەكدارەكانی گواستۆتەوە، لە باخی گوندێكی پردێ كاریكردووە
چەكدارێك لە بەرگی كرێكاردا
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان بۆ (كەركوك ناو)، ئەو كەسەی كاروباری گواستنەوەی چەكدارانی رێكخستووە و دەستگیركراوە، هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری موسڵە و لە گوندێكی ناحیەی پردێ كاریكردووە.
تۆمەتبارەكە، لە باخێكدا كاری كردووە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ خێزانێكی كورد دەگەڕێتەوە، تێیدا كاری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی ئاژەڵی كردبووە پاساوێك بۆ شاردنەوەی جموجۆڵ و كارەكانی دیكەی، لە كاتێكدا رۆڵی هەبووە لە گواستنەوەی چەكداران و دابینكردنی پێداویستییەكانیان لە ناوچەكەدا.
دوابەدوای ئەو روداوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی كاركردنی هەر كەسێك لە گوندەكانی سنوری پردێ، ئەگەر خەڵكی ناحیەكە نەبێت.
هەر دوێنێ شەو، بەڵگەنامەیەكی هەواڵگری دزەی پێكرا بۆ میدیا، كە ئاماژە بە زانیاری جموجۆڵی ژمارەیەك چەكدار دەكات بەرەو پردێ، لە نێویاندا چەكداری هەڵگری رەگەزنامەی سوری، بە ئامانجی ئەنجامدانی كردەوەی خۆكوژی. ئەو بەڵگەنامەیە لە 6ـی تشرینی دوەمدا دەرچووە، واتە هەفتەیەك پێش روداوەكەی دوێنێ شەو، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی بە تەواوی لە راست و دروستی ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكە دڵنیاببێتەوە.
پردێ لە دوو روداودا
ئەو شێوازەی لە ئۆپەراسیۆنەكەی شەوی رابردوودا سوپا پەیڕەوی كرد، لەبەر یادەوەرییەكی تاڵی نزیكەی مانگ و نیوێك لەمەوبەر بوو، كاتێك هەڵمەتێكی دژەتیرۆر گۆڕا بۆ كارەسات.
لە ئەیلولی رابردودا، پێكدادانی نێوان هێزەكانی دژەتیرۆر و چەند چەكدارێك لە ناوەندی شارەكەدا روویدا، بە دیاریكراوی لە ماركێتێكدا، كە بەهۆیەوە دوو مێردمنداڵ بە فیشەك گیانیان لەدەستدا. كە دواتر ناڕەزایی و لیژنەی لێكۆڵینەوەی لێكەوتەوە.
روداوەكەی ئەوكات رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە نێویاندا خێزانی هەردوو قوربانییەكە، دژی شێوازی جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە و بەكارهێنانی چەكی رەشاش لە ناوچەیەكی ئاوەداندا، دواتر لیژنەی لێكۆڵینەوە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەروەها لە دەزگای دژەتیرۆر، پێكهێنرا بەڵام تائێستا ئەنجامەكەی بە رەسمی بۆ رایگشتی بڵاونەكراوەتەوە.
پێشتر و لە كاتی روداوی یەكەمی پردێ، ئهرشهد ساڵحی، پهرلهمانتاری بهرهی توركمانی وتی "پێشتر هۆشداریمانداوه له بونی جوتیاری گوماناوی له سنوری ناحیهی ئاڵتون كۆپری دهوروبهری"، ههروهها داوای له فهرماندهی گشتی هێزە چەکدارەکان كرد "کەرکوک بە هێزی فیدراڵی زیاتر بەهێز بکات و ئاسایش لە تەواوی سنوورە ئیدارییەکانی پارێزگاکەدا بڵاوبكاتهوه".
جموجۆڵە سەربازییەكانی كەركوك
ئۆپەراسیۆنەكەی پردێ لە كاتێكدابوو، ناوچە جیاوازەكانی كەركوك جموجۆڵێكی ئەمنی و سەربازی بەخۆیانەوە دەبینن، بە ئامانجی راوەدونانی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش".
لە 9ـی تشرینی دوەمدا، هەواڵگریی سەربازی بڵاویكردەوە كە بە بۆردومانی ئاسمانیی فڕۆكەی جۆری (F-16) لە ناوچەی دۆڵی زەغیتون لە كەركوك، سێ چەكدار كراونەتە ئامانج و تونێلێكیان خاپوور كراوە. هەمان دەزگای ئەمنی لە 11ـی تشرینی دووەم رایگەیاند، كە سێ مۆڵگەیان دۆزیوەتەوە و دەستیانگرتووە بەسەر چەك و خۆراك و پێداویستیی لۆجستی.
هەروەها سوپای عیراق لە بەیاننامەكدا دەڵێت، لە 13ـی تشرینی دووەم، هەڵمەتێكی بەرفراوانی پشكنینی لە ناوچەكانی باشوری كەركوك ئەنجامداوە و دەستیانگرتووە بەسەر سێ بۆمبی چێنراودا. جگە لە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی بەردەوامی هێزەكان لە ناوچە جیاوازەكانی دەوروبەری پارێزگاكەدا.