بارنبارینی بەخوڕ و دروستبونی لافاو لە هەفتەكانی رابردودا زیانی بە 14 پردی سنوری هەردوو قەزای كەلار و كفری گەیاندووە، بەهۆیەوە هاتوچۆی هاوڵاتیان زەحمەت بووە.
پردی ناحیەی سەرقەڵا سەرەكیترین ئەو پردانەیە كە زیانی بەركەوتووە، لەكاتێكدا هاتوچۆی خەڵكی ناحییەكە و 40 گوندی تری بەسەرەوەیە، هەردوو قەزای كفری و كەلاریش بەیەكتر دەبەستێتەوە.
كەمال رەشید، دانیشتویەكی سەرقەڵایە و شۆفێری تەكسییە، وتی "لەوەتەی پردەكە زیانی پێگەیشتووە، هاتوچۆمان زۆر زەحمەت بووە، هیچ ئۆتۆمبێلێك ناتوانێت بەسەر پردەكەدا هاتوچۆ بكات و حكومەتیش پردەكەی داخستووە، چونكە ئەگەری روخانی لێدەكرێت".
لافاو كۆنكرێتی بەشێك لە پردەكەی بردووە و زیانی بەر پایەكانی گەیاندووە، بەوهۆیەوە حكومەت رێگایەكی لاوەكی لەتەنیشت پردەكە كردۆتەوە بۆ هاتوچۆ.
كەمال وتی "بەڵام ئەو رێگا لاوەكییە خراپە، خۆڵەو ئۆتۆمبێلی نزم جار جار ژێری لە زەوی دەدات، هەر كەمێك بارانببارێت رێگاكە تێكدەچێت".
ئەوە لەكاتێكدایە خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی حكومەت ناچارن رۆژانە لەو رێگایەوە هاتوچۆ بكەن، یان جوتیارانی گوندەكان سەردانی كفری و ناوچەكانی تر دەكەن و بەو رێگایەدا دەڕۆن.
بەپێی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی گەرمیان، لەو شەپۆلە بارانبارینەی هەفتەی رابردوو ناوچەكەی گرتەوە، 14 پرد لە هەردوو قەزای كفری و گەرمیان زیانیان پێگەیشتووە.
لقمان عوسمان، بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو رێگا خۆڵەی دروستكراوە وەك جێگرەوەی تێپەڕبون بەسەر پردی سەرقەڵا كاتییە و تەنیا بۆ ئەوەیە لانیكەم هاتوچۆی هاوڵاتیان پەكینەكەوێت".
فەرمانگەكە دەرخستەی بۆ چاككردنەوەی پردەكان كردووە و بڕیارە لە نزیكترین كاتدا ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی بكات، بەپێی دەرخستەكە چاككردنەوەی پردی سەرقەڵا 500 ملیۆن دیناری تێدەچێت و حەوت مانگی پێویستە بۆ چاككردنەوە.
پردی سەرقەڵا لە ساڵی 1978 دروستكراوە، بەڵام لە ساڵی 1980 بۆ یەكەمجار بەهۆی لافاوەوە زیانی بەركەوت و هەر ئەوكات نۆژەنكرایەوە. پردەكە دانیشتووانی قەزای كفری – یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق- بە قەزای كەلار، سلێمانی و مەرزی پەروێزخان لە نێوان عیراق و ئێران دەبەستێتەوە.
لوقمان وتی "دەرخستەی بەشێك لە پردەكانی تریش رەوانەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كراوە، دەمانەوێت بەزوترین كات نۆژەنیان بكەینەوە".