هەوڵەكانی تەندروستی خانەقین لە پارێزگای دیالە چڕكراونەتەوە بۆ جارێكی تر كردنەوەی بەشی پزیشكی دادوەری و هەوڵەكە ئەنجامی باشی هەیە، بۆ ئەوەی چیتر ئەو تەرمانەی پێویستیان بە توێكارییە رەوانەی شاری بەعقوبە نەكرێن، كە هەفتانە لانیكەم سێ تەرم دەبێت.
چەند ساڵێكە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین دەسەڵاتی نوسینی راپۆرتی پزیشكیان لێسەندراوەتەوە، بەوەش بە ناچاری ئەو تەرمانەی كە لەڕوداوی گوماناویی و هەستیار، كوشتن، سوتان و خۆكوشتن، هەروەها روداوی هاتوچۆ دەمرن دەبێت بۆ توێكاریی و راپۆرتی پزیشكی ببرێنە بەعقوبە – مەڵەبندی پارێزگای دیالە، بە دوری 113كم لە خانەقین-. ئەوەش لەپێناو دڵنیابونەوە لە هۆكاری گیانلەدەستدانی.
سەرچاوەیەكی كارگێڕی لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین – لەبەرئەوەی مافی لێدوانی پێنەدراوە نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت-، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی رێنماییە پزیشكییەكان پێویستە تەرمی هەموو ئەوانەی بە روداوەکانی کوشتن، خۆکوشتن، خۆسوتاندن، روداوی هاتوچۆ و روداوە گوماناوییەكان دەمرن توێكاریی بۆ تەرمەكانیان بكرێت، بە پێچەوانەوە تەرمەكە رادەستی كەسوكاری ناكرێتەوە و وەفاتننامەشیان بۆ ناكرێت".
"تەواوی ئەو خانمانەی كە تەمەنیان لە خوار 40 ساڵانەوەیە و هەروەها ئەو پیاوانەی لە خوار 50 ساڵانەوەن، ئەگەر بە نەخۆشی درێژخایەن نەمردبێتن، پێویستە لە پزیشكی دادوەری توێكاریی بۆ تەرمەكانیان بكرێت"، سەرچاوەكە وتی كە ئەوە بەشێكی ترە لە رێنماییەكان و پابەندن پێوەی.
بەڵام وتی "ئێمە ناچارین رەوانەی شاری بەعقوبەیان بكەین، چونكە زیاتر لە دوو ساڵە پزیشكی دادوەری خانەقین داخراوە".
ئێمە ناچارین رەوانەی شاری بەعقوبەیان بكەین، چونكە زیاتر لە دوو ساڵە پزیشكی دادوەری خانەقین داخراوە
پێشتر شوان شاكر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وتبوو "وەزارەتی تەندروستی هۆكاری داخستنی بەشی پزیشكی دادوەری خانەقینی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە موچەی پزیشك و كارمەندانی ئەو بەشە لە قەزاكانی دیالە زۆرە، بۆیە هەمویانی داخستووە و ئێستا لە تەواوی دیالە یەك بەش هەیە، ئەویش لە بەعقوبەیە و یەك پزیشكی و چەند كارمەندێكی كەمی هەیە، بەوەش بودجەیەكی زۆر بۆ وەزارەت گەڕاوەتەوە".
بەگشتی موچەی ئەوانەی لە بەشی پزیشكی دادوەری كاردەكەن زۆر زیاترە، بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەكاتی كاركردندا روبەڕویان دەبێتەوە.
بەپێی سۆراغی (كەركوك ناو) لە بەشی فریاكەوتنی خانەقین، لە حاڵەتی ئاساییدا ئەگەر كەمترین تەرم رەوانەی بەعقوبە بكرێت هەفتانە دوو بۆ سێ تەرم دەبێت، ئەگەر ئەو هەفتەیە روداوی هاتوچۆ نەبێت.
سەرچاوەیەكی پزیشكی لە فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین وتی "ئەگەر توێكاریی بۆ تەرمەكە نەكرێت، وەفاتتانەی بۆ دەرناكرێت، ئەوەش دەبێتە كێشە بۆ كەسوكاری..."، وتیشی "بەگشتی ئەنجامی گەڕانەوەی راپۆرتی پزیشكی دادوەری لە نێوان 20 بۆ 40 رۆژ دەخایەنێت".
بەڵام سەرچاوە كارگێڕییەكەی نەخۆشخانەی خانەقین وتی "بۆ ئەوەی جارێكی تر بەشەكە بكرێتەوە، نوسراومان بۆ تەندروستی دیالە کردووە، لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە و رێكارەكانی كردنەوەی تەواوبووە، پێدەچێت لە داهاتویەکی نزیکدا بەشە بکرێتەوە".