عەلی ئەحمەد بە ئومێدی دەستكەوتنی پارەیەكی باشتر زەوییەكەی تەرخانكرد بۆ پەتاتە، بەڵام بەرهەمەكەی لە بازاڕدا نەك قازانجی بۆ نەهێنا، بەڵكو بەشێك لە دەستمایەكەیشی لەناوبرد.
زەوییە چێنراوەكەی عەلی بە پەتاتە نزیكەی 80 دۆنمە و دەكەوێتە گوندی چەنجی لە ناحیەی باشیك (خۆرهەڵاتی موسڵ) كە یەكێكە لە ناوچە بە پیتەكانی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییە لەسەر ئاستی عیراق.
"بەهۆی ساغنەبونەوەی بەرهەمی پەتاتە بە نرخێكی باش، تەنیا لە ساڵێكدا نزیكەی 30 ملیۆن دینار زیانم بەركەوت، بەبێ ئەوەی یەك دیناریش قەرەبوو بكرێمەوە" بەوتەی عەلی ئەحمەد، جوتیار و موختاری ئەو گوندە بۆ (كەركوك ناو).
یەك كیلۆ پەتاتە لە عەلوەكاندا بە 100 تا 150 دینار لە جوتیار وەردەگیرێت و لە بازاڕەكاندا بە 750 تا 1000 دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە.
تەنیا رێگە بە هاوردەكردنی پەتاتە نەدەن لە ئێران و سوریاوە بێتە عیراق
عەلی ئەحمەد دەڵێت ئەگەر هەر كیلۆیەكی بە 250 تا 300 دینار بفرۆشن، ئەوكات دەتوانن قازانج بكەن، ئەگەرنا بە زیانی جوتیار دەشكێتەوە و ناچاریشین هەرزانفرۆشی بكەن، چونكە پەتاتە كاتێك پێدەگات، دەبێت زوو دەربهێنرێت و لە ژێر گڵدا نەمێنێتەوە و هەر بە زووییش بخرێتە بازاڕەوە.
"نازانین هاوار بۆ كێ ببەین، ناتوانین واز لە كشتوكاڵیش بهێنین كە تاكە سەرچاوە و كاری سەرەكیی ئێمە.. داوای قەرەبوو ناكەین تەنیا رێگە بە هاوردەكردنی پەتاتە نەدەن لە ئێران و سوریاوە بێتە عیراق" عەلی وای وت.
عیراق بەشی پێداویستی ناوخۆیی لە بەرهەمی پەتاتەی هەیە و هەندێكجار هەناردەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەكات، بەپێی وەزارەتی كشتوكاڵ، تەنیا لە باشیك نزیكەی هەزار دۆنم زەوی كراوە بە پەتاتە كە هەر دۆنمێكیش 7 بۆ 9 تۆن بەرهەمی هەیە.
شاكر یەحیا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەی سەرەكی بەرهەمی پەتاتە ئەوەیە لە بازاڕدا پارە ناكات، نرخی كیلۆیەكی لە نێوان 100 بۆ 175 دینارە، بەوەش جوتیارەكانمان نەك هیچ قازانج ناكەن، بەپێچەوانەوە زیانی زۆریشیان بەركەوتووە".
بەرهەمێكی زۆری پەتاتە لە بازاڕەكاندا هەیە، لە زۆربەی شارەكاندا بەرهەمدێت و بارانبارینی ئەمساڵیش وەك یەحیا باسیدەكات، كاریگەری هەبووە لە دەشتی نەینەوا و زیانی بە هەندێك لە جوتیاران گەیاندووە، "سەرباری ئەوەش حكومەت بەهیچ شێوەیەك پاڵپشتی و هاوكاری جوتیاران ناكات"، بەڕێوەبەری كشتوكاڵ پێیوایە چارەسەرەكە ئەوەیە حكومەت خۆی بەرهەمی جوتیاران بكڕێت و هەناردەی دەرەوەی بكات.
نەینەوا یەكەمی عیراقە لە بەرهەمهێنانی پەتاتە، زیاتر لە 29 هەزار دۆنم چێنراوە و بەرهەمەكەی گەیشتۆتە نزیكەی 124 هەزار تۆن، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2022، هەر لەو ساڵەدا هەموو روبەری چێنراو بە پەتاتە لە عیراق زیاتر لە 50 هەزار دۆنم بووە و بەرهەمیش زیاتر لە 270 هەزار تۆن بووە.
"پەتاتە ئێستا لە بازاڕدا زۆر بێنازە، نرخەكەی لەنێوان 100 بۆ 150 دینارە، هەموو ساڵێك لە دوو وەرزدا پەتاتە دەچێنم، بەهار و پاییز لانیكەم 200 بۆ 300 دۆنم دەكەم بە پەتاتە، سەرباری ئەوەش نەك قازانجی نییە، بەڵكو ساڵی رابردوو نزیكەی 15 ملیون دینار زیانم بەركەوت" ئەحمەد محەمەد، جوتیار لە باشیك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
پەتاتە ئێستا لە بازاڕدا زۆر بێنازە
ئەو دەڵێت حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و چارەسەرێكی نەدۆزیوەتەوە تا چیتر زیان نەكەن، ئەحمەد كە ساڵانێكە هەر سەرقاڵی چاندنی پەتاتەیە، وتی "جگە لەماندوبوون و خەرجی زۆر، لە چاندنی پەتاتەدا جوتیار تەنیا زیانەكەی بۆ دەمێنێتەوە".
وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە 30 هەزار تۆن پەتاتەی هەناردەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كردوە سەرباری ئەوەش هاوردەكردنی رانەگرتووە.
غەزوان داودی، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتیی و هاوكاری جوتیارانی خۆمان دەكەین ئەوەی لەتواناماندا بێت لەرووی كارئاسانیی و هاوكاریكردنیان"، بەڵام بێ ئاگایی خۆی نیشاندا كە حكومەت پلانی هەیە جوتیاران قەرەبووبكرێنەوە یان نا.
پەتاتە خۆراكی سەرەكیی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهانە و یەكێكە لەو بەرهەمانەی بەرگەی وشكەساڵی، سەرما و خاكی بێ پیت دەگرێت و خۆی دەگونجێنێت، ئەوەش بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە پێشبینی دەكات تا ساڵی 2030 بەرهەمی پەتاتە لە جیهاندا بەرێژەی لە سەدا 112 زیاد بكات و بگاتە 750 ملیۆن تۆن.