باوكی سەباح نزیكەی 10 ساڵە بەدەستی داعش كوژراوە، هێشتا كوڕەكەی بە دوای روفاتەكەیدا دەگەڕێت تا بە پشكنینی رەسمی بناسرێتەوە و گۆڕێكی هەبێت.
"دووجار تاوان بەرانبەر ئێمە كراوە، جارێكیان كوشتنی باوكمە بەدەستی داعش و جارێكیتر ئەوەیە نازانم روفات و گۆڕەكەی لە كوێیە" سەباح سەبری وای وت، ئەو جگە لە باوكی، دوو مامی لەلایەن چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش)ـەوە لە ئابی 2014ـدا كوژراون.
66 روفاتی دیكە هاوشێوەی باوكی سەباح، لە قەزای شنگال ساڵانێك لەمەوبەر هەڵگیراونەتەوە و بەبێ پشكنینی ناسینەوە، خراونەتە ژێر گڵەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، روفاتی باوك و مامەكانی سەباح، ساڵی 2015 و دوابەدوای پرۆسەی ئازادكردنی شنگال لە دەستی داعش، لە دەوروبەری مەزارگەی شەرەفەدین بەخاكسپێر]اونەتەوە، ئەوەش لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
گۆڕی باوكم و روفاتەكەی نازانم لە كوێیە
سەباح كە باوكی فەرمانبەری تەندروستی نەینەوا بووە، دوو ساڵە موچەكەی راگیراوە و داوای بەڵگەنامەی مردنی لێدەكەن، "هەموو شوێنێك داوای شەهادە وەفات دەكەن، بەڵام گۆڕی باوكم و روفاتەكەی نازانم لە كوێیە، لە 2015ـدا روفاتەكەی لەگەڵ روفاتی دوو گۆڕی تری بە كۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە و بەبێ پشكنینی دی ئێن ئەی جارێكیتر بە خاكسپێدراونەتەوە، بەبێ ئەوەی بناسرێنەوە".
ئەو دوو گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەباح باسیكرد، لە نێوان هەردوو ناوچەی خانەسۆر و سنونێی شنگال بون.
"ئەو روفاتانەی بەخاكسپێدراونەتەوە هیچ ناو و زانیارییەك لەسەر گۆڕەكانیان نییە، تا بزانین كامیان هی كەسوكاری ئێمەیە"، بەوتەی سەباح تا ئەو زانیاری و بەڵگانەش نەبێت ناتوانن بەڵگەنامەی مردن بەدەستبهێنن. پێیوایە چارەسەر ئەوەیە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا رێكبكەون، جارێكیتر گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە و پشكنینی ناسینەوە بۆ روفاتەكان بكرێت.
داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشیكردە سەر شنگال و بەهۆیەوە، "هەزارو 293 ئێزیدی شەهیدبون"، جگه لهوهی هێشتا هەزاران هاوڵاتی رفێنراوی ئهو پێكهاتهیه چارەنوسیان نادیارە.
خەیری عەلی، لێپرسراوی رێکخراوی بەتریکور بۆ مافەکانی مرۆڤ -بەدواداچون بۆ دۆسیەی 67 روفاتەكە دەكات- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو دوو گۆڕە بە كۆمەڵەكە كە 67 روفات بووە، ساڵی 2015 وەزارەتی كاروباری شەهیدانی حكومەتی هەرێم هەڵیداوەتەوە .. بەڵام پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەیان نەكردووە و هەر ئەوكات شەهادە وەفاتی بۆ كەسوكاریان دەرنەكردووە".
هەروەها رونیكردەوە كە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەپێی یاسا لەدەسەڵاتی دەزگای نیشتمانیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بەحكومەتی عیراقییە.
"شوێنی بەخاكسپاردنەوەی ئەو 67 روفاتە هیچ سیمایەكی گۆڕستانی پێوەدیار نییە، شوێنی تەختە وەك شەقامێك وایە، گۆڕەكان كێلیان نییە، واتە هەر بە نایاسایی روفاتەكان شاردراونەتەوە و تەواو" خەیری عەلی وای وت.
له سنوری قهزای شنگال (خۆرئاوای موسڵ)، نزیكەی 90 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی تاكە كەسی، كه مێژوهكانیان بۆ سهردهمی دهسهڵاتدارێتی داعش دهگهڕێتەوە.
ئەو روفاتانەی هەڵگیراونەتەوە، لەسەر زەوی بوون، واتە لە گۆڕدا نەبون
ئەیمەن بامەڕنی، ئەندامی دەستەی لێكوڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدانی حكومەتی هەرێم بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو روفاتانەی هەڵگیراونەتەوە، ساڵی 2015 لەسەر زەوی بوون، واتە لە گۆڕدا نەبون، تیمەكانی ئێمەش لەسەر داواكاری خەڵك و لە پێناو مانەوەی بەڵگەكاندا، روفاتەكانیان لە شوێنێكی تری شنگال بەخاكسپارد".
داواكاری كەسوكاری ئەو 67 روفاتە گەیشتووە بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، "دەبێت لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی
عیراق كۆببینەوە تا رێگەچارەیەك بدۆزینەوە".
بامەڕنی دەشڵێت هەڵگرتنەوەی روفاتەكان بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی هەرێمی كوردستان بووە و بەڵگەنامە و پشكنینەكانیش لە هەولێر كراون، بەڵام "نازانین بۆ هیچ ئەنجامێكی ئەو پشكنینانە دەرنەچوو لە تاقیگە".
كەسوكاری قوربانیانی ئێزیدی هەوڵدەدەن لەڕێی واژۆوە دۆسیەكە ببەنە بەغدا، تا بە دوبارە هەڵدانەوەی گۆڕەكان، پشكنین بۆ روفاتەكان بكرێت.
لێپرسراوی رێکخراوی بەتریکور وتی، بەنیازن پێنج هەزار واژۆ كۆبكەنەوە لە شنگال تا ببێتە فشار و وابكات بەغدا گۆڕەكان هەڵبداتەوە، "ئێستا بەغدا ئەو كارە ناكات چونكە دەڵێت كاتی خۆی بە نایاسایی ئیشەكە كراوە"، بەوتەی خەیری عەلی، گرنگی ناسینەوەی روفاتەكان لەوەدایە، گۆڕێكیان بە ناوی خۆیانەوە دەبێت و كەسوكاریشیان دەتوانن لە ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان سودمەندبن.
حكومەتی عیراق بە رەسمی لە ئاداری 2019ـدا هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگالی دەستپێكرد، تائێستا نزیكەی 50 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و روفاتی سەدان ئێزیدی رەوانەی بەغدا كراون بۆ پشكنین و ناسینەوە، بەشێكیان بە چەند مەراسیمێك رەوانەی شنگال كراونەتەوە و بەخاكسپێردراونەتەوە.
دانا ئەمین مەنسور، بەڕێوەبەری گۆڕە به کۆمەڵەکان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان سەر بە حکومەتی هەرێم بە (کەرکوك ناو)ـی وت "نمونەی ئێسکەکان (ئەو روفاتانەی بەخاكسپێردراون لە 2015) لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوان لە هەولێرن، بەنوسراوێکی فەرمی هەموو شتێکمان بۆ بەغدا رونکردۆتەوە، دەبێت ئەوان نموونەی ئێسکەکان ببەن لەگەڵ نمونەی خوێنی کەسوکاریان تا ئەنجامی پشکنین و پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان تەواوبکرێت".
ئەوەشی رونكردنەوە ئەوان بەشێكن لە فەرمانگەی نیشتمانیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە بەغدا و هەڵگرتنەوەی 67 روفاتەكە كارێكی سەربەخۆ و "نایاسایی" نەبووە.
"ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بوو بە زیادەوە كردومانە و ئەوەی ماوەتەوە دەبێت بەغدا بیكات، بۆچی تا ئێستا هەنگاوی نەناوە و نەهاتوون، دەبێت لەوان بپرسن.. هەرچی پەیوەستە بە دەرهێنانی شەهادە وەفات ئەوە كاری دادگایە و ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكەش لای بەغدایە" لێپرسراوەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان، وای وت.