هیوا رؤوف، سەرمایەداری شاری سلێمانی، لە كەمپینێكدا هاوكاریی دارایی پێشکەش بە 1500 خاوەن پێداویستی تایبەتی شاری سلێمانی و دەوروبەری كرد، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ مانگی رەمەزانی پیرۆز.
ئەو هاوكارییە سێشەممە 2ی نیسان لە چوارچێوەی كەمپینی (هاومافیی و هاوهیوایی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان) لە بارەگای یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە سلێمانی پێشكەش كرا.
مەزهەر حوسێن، نوێنەری هیوا رؤوف لەكاتی كەمپینەكەدا، وتی "بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پپرۆزەوە لەڕێی ئەم كەمپینی پشتیوانییەوە دەمانەوێت رێزی تایبەتی خۆمان بگەیەنینە هەموو ئەو كەسانەی لە دەڤەرەكەماندا خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئێوە بەشێكی دانەبڕاوی ژیانی كۆمەڵایەتیمانن، هاوڕێمانن، دراوسێ و ئەندامی خێزانەكانمانن... بەبێ جیاوازی لە چوارچێوەی پڕۆژەكانماندا خزمەتی هەموو توێژ و رەگەز و چینێك دەكەین".
هاوكات سامان حسێن، سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان كە ئامادەی كەمپینەكە بوو، وتی "بۆ یەكەمینجار لە مێژوی كاری رێكخراوەكەمان و لە مێژوی كاری خێرخوازیدا، كەسایەتییەكی شاری سلێمانی جەنابی كاك هیوا رؤوف لە مانگی رەمەزاندا هاوكاری دارایی پێشكەش بە 1500 خاوەن پێداویستی رێكخراوەكەمانی كرد".
ئامانج لەو كەمپینە بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو.