شارەوانی دوزخورماتوو لەگەڵ تەواوبونی جەژنی رەمەزان بڕیاری سزادانی ئەو هاوڵاتیانە جێبەجێدەكات كە زبڵ و خاشاك لە شوێنی رێپێنەدراو فڕێدەدەن، سزاكەشی لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 500 هەزار.
ئەو بڕیارە هەفتەیەك لەمەوبەر دەركراوە، بەڵام جێبەجێكردنی خراوەتە یەكەم رۆژی دوای جەژنی رەمەزان (سبەی شەممە 13ی نیسان).
مەرعی رەشید بەیاتی، بەرێوەبەری شارەوانی دوزخوماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە هاوڵاتیان لەناو گەڕەك، سەرجادە و باخچە، بەردەم نەخۆشخانە و قوتابخانەكان زبڵ و خاشاكەكانیان فڕێدەدەن، ئێمەش بەهاوكاریی قایماقمیەت و لایەنە ئەمنییەكان ئەو بڕیارەمان دەركردووە"، زیاتر وتی "بڕیارەكە بۆیە دراوە چونكە هەموو رۆژێك ژینگەپارێزان و ئۆتۆمبێلی شارەوانی سەردانی گەڕەكەكان دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، بۆیە رێگەنادەین هاوڵاتیان خاشاكەكانیان لە شوێنی رپێنەدراو فڕێبدەن، ئەگەر ئەوە بكەن لە نێوان 100 بۆ 500 هەزار دینار سزادەدرێن".
شارەوانی دوزخورماتوو، تەنیا دوو شوێنی دیاریكردووە كە هاوڵاتیان دەتوانن خاشاكەكانیان لێ فڕێبدەن، ئەوانیش لای گەراجی شارەوانی لەناو شار و دەرەوەی شاریش لە چۆبل قەدیم.
مەرعی بەیاتی "بڕی سزاكە قایمقام دیاری دەكات، ئەوەش بەپێی جۆری سەرپێچییەكە".
بەپێی ئاماری شارەوانی دوزخورماتوو، ژمارەی دانیشتووانی قەزاكە 160 هەزار هاوڵاتییە، شارەوانی رۆژانە 200 تەن خۆڵ و خاشاك فڕێدەدات.
بڕی سزاكە قایمقام دیاری دەكات، ئەوەش بەپێی جۆری سەرپێچییەكە
مەرعی وتی "خوڵ و خاشاك بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە زیادیكردووە، لەگەڵئەوەشدا ئاستی هۆشیاری خەڵك بۆ ژینگە بەپێی پێویست نییە و خەڵك هەماهەنگ نین".
گۆران محەمەد خێزاندارە و لە دوزخورماتوو نیشتەجێیە، پێیوایە بڕیارەكەی شارەوانی باشە، وتی "رۆژانە خەڵكێكی زۆر دەبینم زبڵ و خاشاكەكانیان لەبەردەم پارك و بەردەم یاریگا وەرزشییەكان فڕێدەدەن، مێش و مەگەز لێی دەدات و بۆنێكی ناخۆش بڵاودەبیتەوە، بەهیواین بڕیارەكە ئەو دیاردەیە لەناوببات".
"پێویست ناكات زبڵ و خاشاك لە شوێنی رێپێنەدراو فڕێ بدەین، چونكە ئۆتۆمبێلی شارەوانی سێ رۆژ جارێثك دێت".
هێشتا شارەوانی رونینەكردۆتەوە پارەی سزادانی هاوڵاتیان چی لێدەكەن، بەڵام هەندێك لە هاوڵاتیان پێشنیار دەكەن بیدەن بە ژینگەپارێزان، چونكە گرێبەستن و موچەكانیان لەدەوروبەری 200 هەزار دینار دەبێت.
هەڵكەوت محەمەد، نیشتەجێی گەڕەكێكی زیادەڕۆیە لە دوزخورماتوو، وتی "چەند ساڵێك لەمەوبەر زبڵ و خاشاك گەڕەكەكەی تەنی بوو، بەڵام ئێستا شارەوانی كۆیدەكاتەوە، تەنانەت شارەوانی حاویەی داناوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زبڵەكەی تێبكەن، بەڵام هەندێك خەڵك هۆشیارییان كەمە و هاوكاری شارەوان نییە، بۆیە بڕیارەكەی شارەوانیم زۆر پێباشە".