نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق داواكاریی ژمارەیەك چالاكوان، نوسەر و رێکخراوی بواری جینۆسایدی ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عیراق كردووە بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لەناو سەربازگەی تۆپزاوا، ئەمە هەوڵێكیشە بۆ رێگریكردن لە زیندوكردنەوەی سەربازگەكە.
ئەو هەوڵە دوای ئەوە هات كە لە 17ی شوباتی ئەمساڵ 44 نوسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید و 22 رێکخراوی ئەو بوارە، داواکارییەکیان ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ کرد، تا سەربازگەی تۆپزاوە شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوان، بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال.
هێمن حەسیب، نوسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای وەرگرتنی دید و بۆچونی دەستەی راوێژکاران ئەنجومەنی وەزیران، کە پاڵپشتی داواکارییەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنت، لە 27ی ئاداری ئەمساڵ نوسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بە نوسراوێك داواکارییەکەی ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عیراق کردووە تا وەكو لایەنێکی پەیوەندیدار دید و بۆچونی خۆیان بخەنەڕوو".
لە 36 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا و لە 13ی نیسان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە نێو سەربازگەی تۆپزاوە سازکرا، ژمارەیەك چالاکوان، نوسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید هەنگاوەكانیان بۆ ئەو مەبەستە ئاشكراكرد و جارێكی تر پێداگرییان كرد لە دروستكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە سەربازگەی تۆپزاوا.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە ماوەكانی رابردوو هەوڵێكی جدی وەزارەتی بەرگری عیراق هەبوو بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون بۆ سەربازانی سوپای عیراق و زیندوكردنەوەی سەربازگە، ئەوەش ناڕەزایی چالاكوانانی بواری جینۆسایدی بەدواداهات و رێگریان كرد.
سەربازگەی تۆپزاوە لە ساڵی 1981ـدا دروستكراوە و كراوەتە بنكەی جەیش ئەلشەعبی، لە ساڵی 1987 گوندی تۆپزاوا تەختكرا و خەڵكەكەی بە زۆر راگوێزراون بو سنوری پارێزگای هەولێر، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵ و بەڵگەنامەكان؛ هەزاران هاوڵاتی كورد لەو سەربازگەیەدا زیندانیكراون پێش ئەوەی بەرەو بیابانەكانی سەماوە و زیندانی نوگرە سەلمان بگوازرێنەوە و كۆمەڵكوژ بكرێن.
تاوانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، دژ بە دانیشتوانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك ئەنجامدرا، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار كورد لەلایەن ئەو رژێمەوە لە شوێنی خۆیان گوازرانەوە و بە كۆمەڵ لەبیابانەكانی رۆژئاوای عیراق زیندەبەچاڵكران، هەر بەو هۆیەوە حكومەتی هەرێم 14ی نیسانی وەكو رۆژی یادكردنەوەی ئەنفال دیاریكردووە.
شاڵاوهكانی ئهنفال، له ساڵی 1988 و بۆ ماوهی حهوت مانگ بهردهوام بوو (شوبات بۆ ئهیلول)، لهو ماوهیهدا به شهش قۆناغ و له ههشت ناوچهی جیاوازی ههرێمی كوردستان و كهركوك رژێمی بهعس ئەو ههزاران كهەسی بێسهروشوێن كرد و دواتر كۆمهڵكوژكران، جگه له وێرانكاری ههزاران گوند.
هێمن حەسیب وتی "ئەمەی بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال کراوە لە سەربازگەی تۆپزاوا، چەند هەنگاوێکی سەرەتاییە و پشتیوان بەخودا هەموو هەوڵێك دەدەین، تا سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی جینۆساید"، زیاتر وتی "وابڕیارە لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا بکەین، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عیراق بۆ ئەم پرسە".