رەوشێ قاسم حسێن، بەپێی پیناسی باری شارستانی تەمەنی 137 ساڵە و "بە تەمەنترین" ئاوارەی ئێزیدی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بوو، كە چەند هەفتەیەكە گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی لە گوندی دووگرێ لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال.
ئەو ژنە لە دایكبووی 1ـی تەمموزی 1887ـە، دووجار هاوسەرگیری كردووە، نزیكەی 10 ساڵ لەگەڵ نەوەكانیدا لە كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوی شاری دهۆك مایەوە.
قاسم فارس، یەکێکە لەنەوەکانی رەوشێ و بە (كەركوك ناو)ـی وت "رەوشێ زۆر دڵخۆشە کە گەڕاوەتەوه گوندەکەی خۆی، بەڵام ماوەیەکە دۆخی تەندروستی زۆر باش نییە، سییەکانی و دڵی باش نین، توانای قسەکردنی زۆری نەماوە".
خانوەكەی رەوشێ لە گوند، كاتی هێرشەكانی داعش خاپور بووە و بە هاوكاری دارایی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی، دوبارە بنیاتنراوەتەوە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە نزیكەی 26 كەمپدا دەژین، لەوانەش زۆرینە خەڵكی نەینەوا بە تایبەت قەزای شنگال و لە پێكهاتەی ئێزیدی-ـین.