ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، داوا لە خەڵكی پەنجاعەلی دەكات ئەگەر هەر داواكارییەكیان هەیە سەردانیان بكەن، چونكە وەك دەڵێت "پلانی شارەوانی ئەوەیە هەموو كۆڵانەكان كۆنكرێت بكات".
ئەو وتەیەی بەڕێوەبەری شارەوانی تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسان خەڵكی گەڕەكەكە كۆبونەوە و ناڕەزاییان نیشاندا لە "جیاوازیكردن" لە كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكەكە.
هاوڵاتییەكی ئەو گەڕەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم كۆڵانەی ئێمە ئەمسەرو ئەوسەری كۆنكرێت كراوە، بەڵام كۆڵانی ئێمەیان پەڕاندووە و رۆیشتون كۆڵانی تریان كۆنكرێت كردووە...، نابێت جیاوازی بكەن، چونكە كۆڵانەكەی ئێمە دەچێتەوە سەر خوێندنگەیەك و زۆر زەرورە كۆنكرێت بكرێت".
ژنێكی هەمان گەڕەك وتی "كۆڵانە سەرەكییەكان بەجێهڵدراون و كۆنكرێت نەكراون، هەموی قوڕ و چڵپاوە، نە منداڵ دەتوانێت بچێت بۆ مەكتەب نە سەیارە دەردەچێت، گوناهی ئێمە چییە!".
ئەو ناڕەزاییەی گەڕەكەكە دوای ئەوە هات، كە شارەوانی بەشێك لە كۆڵانەكانی كۆنكرێت كرد، بەڵام بەشێكی تری بەجێهێشت، لە هەندێك شوێن كۆڵانێك كۆنكرێت كراوە و دواتر بەجێھێڵدراوە.
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانی بە (كەركوك ناو)ی وت "من ئاگاداری ئەو ناڕەزاییە نیم، بەڵام كێ داواكاریی هەیە لە دانیشتوانی گەڕەكی پەنجاعەلی با سەردانمان بكات لە شارەوانی، بۆ ئەوەی كەشف بۆ كۆڵانەكانیان دەربكەین و وردەوردە كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەین، دەمەوێت دڵنیاییان بكەمەوە كە هەموی كۆنكرێت دەكرێت".
ڤیدیۆ: ناڕەزایی بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكی پەنجا عەلی.
لە بارەی ئەوەی هۆكار چییە كاری كۆنكرێتكردنی گەڕەكەكە وەستاوە، وتی "لەبەر دوو هۆكار، هۆكاری یەكەم بودجە وەستاوە، پارەمان بۆ خەرجنەكراوە، هۆكاری دووەم، بەهۆی ئەوەوەیە كە فەرمانگەی ئاوەڕۆ كارەكانی خۆیان لە زۆرێك لە كۆڵانەكان تەواونەكردووە، ئەوەش وایكردووە كاری ئێمەش بوەستێت، چونكە ناكرێن كۆنكرێت پێش ئاوەڕۆ بكرێت، ئەگەر ئەوە روبدات دەبێت جارێكی تر كۆنكرێتەكە لەپێناو ئاوەڕۆ تێكبدرێتەوە".
پەنجاعەلی یەكێكە لەو گەڕەكە نوێیانەی كەركوك كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2023دا دروستكراوە و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی لەو خێزانە كوردانەن كە لە سەردەمی ئەو رژێمە شارەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی بون.
ئەو ناڕەزاییە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو نوسراوانەی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە لە ئازاری ساڵی 2022دا شارەوانی كەركوك بە واژۆی بەرێوەبەری پێشوو (فەرەیدون عادل)، بڕی 249 ملیۆن و 895 هەزار دیناری بۆ كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی پەنجاعەلی خەرجكردووە، بەڵام لەئێستادا پڕۆژەكان راگیراون.