سەندیكای پارێزەرانی عیراق لقی كەركوك، سكاڵا لە دژی ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تۆماردەكات و داوای قەرەبوكردنەوەی لێدەكەن.
ئەو سكاڵایە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئایار، لەلایەن تەها عوسمان مەفرەجی، سەرۆكی لقی كەركوكی سەندیكاكەوە تۆماركراوە، دژی گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئەحمەد كەركوكی كە بەڕای سەندیكاكەوە "تاوان و ناوزڕاندن"ی تێدایە دژی پارێزەران.
ئەحمەد فاتیح كەركوكی، ئەندامی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكشەممە 5ی ئایار لەكاتی سەردانێكیدا بۆ كارتی نیشتیمانیی ناحیەی شوان، چەند بەڵگەنامەیەك لە كچە پارێزەرێك وەردەگرێت و دەڵێت "هەندێك شت كە رودەدات، نە خوا قبوڵدەكات نە خەڵكیش قبوڵی دەكەن، خوا بناسن دونیا ئەوە ناهێنێت"، هەر لەو گرتە ڤیدۆیەدا داوا لە سەرۆكی فەرمانگەكە دەكات، پەنجەرەیەك بۆ پارێزەرەكان بكەنەوە بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان.
ئەحمەد كەركوكی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە.
سەرۆكی لقی كەركوكی سەندیكای پارێزەران، لە سكاڵاكەدا كە ئاراستەی دادگای كردووە، دەڵێت "ئەحمەد كەركوكی بەڵگەنامەی پارێزەرێك وەردەگرێت و لێدوانی ناوزڕاندن و نەشیاو بەرامبەر بە پیشەی پارێزەرایەتی بەكاردەهێنێت و بەشێوەیەكی رون داوا لە لێپرسراوی فەرمانگەكە دەكات یاسا جێبەجێ نەكات".
"ئەم هەڵسوكەوتە تاوانە و بەپێی یاسا سزای لەسەرە، بۆیە داوای گرتنەبەری رێكاریی یاسایی دژی ناوبراو دەكەین و داوای قەربوو دەكەین".
سكاڵاكە ئاراستەی دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك كراوە و هەر لەسەر نوسراوەكەش دادوەر ئیجرائاتی دەستپێكردووە.
هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا ئەحمەد كەركوكی دەڵێت "من ناوشوانیم هەرگیز قبوڵم نییە خزم و کەسوکارەکەم لە فەرمانگەیەک بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
فەرمانگەی كارتی نیشتیمانیی شوان، یەكێكە لەو فەرمانگانەی كەركوك كە بەردەوام هاوڵاتیان گلەییان لە "خراپ" راییكردنی كارەكان هەیە و هەندێك كات فەرمانگەكە بە "وەرگرتنی بەرتیل" بۆ رایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان تۆمەتبار دەكرێت.
دوای ئەوەی سەندیكا سكاڵای لە دژی تۆماركرد، ئەحمەد كەركوكی، لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هەر بەڕێزێک بەهەڵە خوێندنەوەی بۆ ڤیدیۆکەم کردووە، یان دڵی لێم زویر بووە، داوای لێبوردنی لێ دەکەم".