"بۆمدەرکەوت دەتوانم سود لە بارودۆخی خراپ وەربگرم، تا بیگۆڕم بۆ دەرفەت و هۆکارێکیش بدۆزمەوە بۆ ئەوەی پێشبكەوم و بەرگە بگرم" *فایزە، بەوپەڕی متمانەوە وای وت.
ئەو ژنە تەمەن 44 ساڵە، خەڵكی موسڵە، لە پشت زەردەخەنەكەیەوە، چیرۆكی خۆڕاگری و تەحەدا هەیە، 11 ساڵ بەبێدەنگی شەڕی كرد و پەڵەی سوتاوییەكانی سەر پێستی ئەو توندوتیژییانە نیشاندەدەن، كە روبەڕوی بۆتەوە.
فایزە خەونێكی سادەی بە ژیانێكی خێزانی بەختەوەرە دەبینی، لە تەمەنی 17 ساڵیدا هاوسەرگیری كرد و بوو بە دایكی سێ منداڵ، دواتر بەختەوەری هاوسەرگیرییەكەی تێكشكا بەهۆی توندوتیژی جەستەیی هاوسەرەكەیەوە، لە دوایین شەڕیاندا جەستەشی سوتا.
فایزە بە دەنگێکی جێگیر و پڕ لە ئیرادەوە دەڵێت "بڕیارمدا جیاببمەوە".
بە گۆشەگیریی و دابڕاو لە کۆمەڵگە، فایزەی تەنیا جەستەیەكی سوتاو و پەروەردەکردنی سێ منداڵەکەی بۆ مایەوە، بەبێ داهاتێکی جێگیر، ناچاربوو بەرگەی ئازارەكە بگرێت، لەكاتێكدا هیچ كەسێك نەبوو پشتی پێببەستێت.
لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان، توانی پاڵپشتیی دەرونی و كۆمەڵایەتی وەربگرێت.
"وردە وردە هەستم بە متمانە دەكرد" فایزە وای وت.
دوای ماوەیەكی زۆر لە ناسەقامگیری لە روی سۆزداری و فشاری دەرونی، پەیوەندییەكانی لەگەڵ منداڵەكانی بنیات نایەوە، زەمالەیەكی خوێندنی وەرگرت و راهێنانی لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردنی كار، وەرگرت، لەڕێی هاوكارییەكانی داراییەوە، داهاتێكی جێگیری بۆ خۆی پەیدا كرد.
"ئێستا من بووم بە دایکێك کە منداڵەکانم دەتوانن شانازی پێوە بکەن".
پێشبینی دەكرێت زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە عیراق، لەژێر مەترسیی جۆرەکانی توندوتیژیدا بن كە لەو ژمارەیە رێژەی زیاتر لە سەدا 75ـیان لە رەگەزی مێ پێكهاتوون.
فایزە ئێستا بە وزە و کارامەیی نوێوە، ئاواتەخوازە پیشەیەکی وەك پەرستیاری دەستپێبكات و بەوهۆیەوە ئیلهام بە ژنانی دیكەش ببەخشێت.
"شانازی دەکەم کە سەرمەشق بم بۆ کەسانی دیکە، دەمەوێت ژنانی دیكە کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە، قسە بکەن و داوای پاڵپشتی بکەن نەک بترسن".
رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، بە پشتیوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یارمەتی ژنانی وەک فایزە دەدات، لە ڕێگەی پشتگیری بەڕێوەبردنی کەیسی تاکەکەسی، پشتگیری دەرونی و کۆمەڵایەتی، لە ئۆكتۆبەری 2023ـەوە 37 رزگاربوی توندوتیژی دژی ژنان و كچان لەو دەستپێشخەرییە سودمەندبون.
*ناوی كارەكتەری چیرۆكەكە گۆڕدراوە لە پێناو پاراستنی نهێنی
سەرچاوە: IOM