دوو هێرش بۆ سەر سوپا و حەشد؛ 10 قوربانی
سەرچاوەیەكی هەواڵگری: هێشتا دەشتاییەکانی سەڵاحەدین و دیالە نائارامن

كەركوك/6ی كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە گوندی لهێبان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

وەزارەتی بەرگری عیراق هێزی زیاتری رەوانەی دەشتاییەكانی نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە كردووە، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو بارە نائاساییەی كە لە شەوی رابردووەوە لە ناوچەكە دروستبووە.

كاتژمێر 8:30ی شەوی رابردوو 13ی ئایار، لە دوو هێرشی جیادا كە چەكی قورسی تێدا بەكارهێنرا و سەرچاوە هەواڵگرییەكان داعش بەو هێرشانە تۆمەتبار دەكەن، ئەفسەرێكی باڵای سوپا و چوار سەرباز كوژران و پێنجی تر برینداربون.

هێرشی یەكەم كرایە سەر سوپای عیراق لە گوندی ئەسبەعیات لە نزیك ناحیەی عوزێم لە نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە و 10 كوژراو و برینداری لە سوپای عیراق بەدواداهات، بەڵام لە هێرشی دووەمدا بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی مەتەیجیبە لە سەڵاحەدین هێشتا ئامارێكی رەسمی كوژراو و بریندارەكان لەبەردەستدا نین.

سەرچاوەیەكی هەواڵگری لە ناوچەكە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایار بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارانی داعش لە یەك شەودا سوپا و حەشدی شەعبییان كردۆتە ئامانج، لە سوپا لیوای 93ی پیادەیان كردۆتە ئامانج و جگە لە ئامر لیوایەك (عەقید خالد ناجی) چوار ئەفسەری تر كوژراون، بەڵام لە هێرشەكەی سەر حەشدی شەعبی هێشتا زیانەكان رون نین، تەنیا دەڵێن بریندارمان هەیە".

وەزارەتی بەرگری عیراق شەوی رابردوو كوژرانی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی پشتڕاستكردەوە و جەختیكردەوە "لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ تیرۆریستان شەهید بون، ئەوەش لە سنوری بەرپرسیارێتیان".

سەرچاوە هەواڵگرییەكە وتی "شەڕەكەی سەر سوپای عیراق نزیكەی یەك كاتژمێر بەردەوام بووە، تیرۆریستان چەكی قورس و مامناوەندیان پێبووە و بەكاریانهێناون، چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازیش تێكشكێنراون".

تیرۆریستان چەكی قورس و مامناوەندیان پێبووە و بەكاریانهێناون

دوابەدوای روداوەكە و تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایار بارێكی تاڕادەیەك نائاسایی لە ناوچەكە راگەیەنراوە و "دۆخەكە نائارامە"، بەپێی وتەی سەرچاوەكە. وتیشی " لە ترسی دوبارەبونەوەی هێرشەكە، هێزی تر بڵاوەی پێكراوە".

ئەو هێرشە دوای ماوەیەك ئارامی دێت كە باڵی بەسەر ناوچەكانی نێوان كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین-دا كێشاوە.

ئەو ناوچانە لە دوای راگەیاندنی حكومەتی عیراق بە كۆتایپێهێنانی داعش لە عیراق لە كۆتایی ساڵی 2017دا، هێشتا بە تەواوی ئارام نین، ئەو رێكخراوە ناوبەناو هێرش دەكاتە سەر سوپا و حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانی تری عیراق.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT