لەكاتێكدا لێپرسراوانی كورد لە حكومەت و پەرلەمانی عیراق، مژدەی رێگەدان بە دروێنەكردنی دانەوێڵەكانیان بە جوتیارانی گوندی پەڵكانەدا و جەختیانكردەوە لە لابردنی خێمەی ئەو جوتیارە عەرەبانەی ناڕازین لە دروێنەكردن، بەڵام نە خێمەكان لابراون و نە سوپای عیراقیش رێگەدەدات دروێنە بكەن.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە 11ی ئایار، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە "لە ئەمڕۆوە جوتیارانی كورد دەست بە دروێنەی بەرهەمەكانیان دەكەن و خێمەی عەرەبەكانیش لەناو گوندی پەڵكانە هەڵدەگیرێت"، ئەوەش بەوتەی ئەو بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق و دوای هاتنەدەنگی ئەو بووە.
ئەو راگەیەنراوەی شاخەوان عەبدوڵا، هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند هەواڵێك لە میدیاكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق لە 8ی ئایار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبۆتەوە و بڕیاردراوە رێگە بە جوتیارانی كوردی پەڵكانە بدرێت دروێنە بكەن.
"لەسەر داوای خالید شوانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئۆپەراسیۆنەكانی عیراقی راسپاردووە، كێشەكە چارەسەر بكەن و كێ زەوی چاندووە هەر ئەویش دروێنە بكات"، بەپێی میدیاكانی یەكێتی.
محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی كورد لە ناحیەی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایار بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا سوپا رێگەی پێنەداوین دروێنە بكەین، رێگرییەكان بەردەوامن، خێمەی جوتیارانی عەرەبیش كە لەناو گوندی پەڵكانە هەڵدراوە لانەبراوە، ئەوانیش رێگەنادەن دروێنە بكەین".
هێشتا سوپا رێگەی پێنەداوین دروێنە بكەین
بەشیك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز – خۆرئاوای كەركوك- بەتایبەت گوندەكانی پەڵكانە، گابەڵە، خەرابە، سەربەشاخ و شەناغە، كێشەی خاوەندارێتیان یەكلایی نەبۆتەوە، كە مێژووی كێشەكە بۆ زیاتر 50 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمی پرۆسەی تەعریب-دا كە حزبی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، جێبەجێی دەكرد، گوندنشینانی كورد روبەڕوی دەركردن دەبونەوە و بەشێك لە زەوییەكانیان بەشێوەی گرێبەست بەسەر "عەرەبی هاوردە"دا دابەشكران.
لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، خێزانە كوردەكان بۆ ناوچەكانیان گەڕانەوە و عەرەبەكان زەوییەكانیان بەرەو ناوەڕاست و باشوری عیراق بەجێهێشت، بەڵام جارێكی تر و لە ساڵی 2017 كاتێك سوپای عیراق بۆ ناوچەكە گەڕایەوە، ئەوانیش گەڕانەوە و داوای قەرەبوكردنەوە و وەرگرتنەوەی زەوییەكانیان كرد.
بەگشتی لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبز، خاوەندارێتی 50 بۆ 60 هەزار دۆنم زەویی یەكلایینەكراونەتەوە كە دابەشبون بەسەر پێنج گوند-دا. بەشێك لە كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بردراونەتە بەردەم دادگای فیدراڵی و تائێستا یەكلایینەكراونەتەوە.
نوێنەری جوتیارانی كورد لە سەرگەڕان، چەند جارێك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیكردۆتەوە لەوەی كورد تاپۆی زەوییەكانی هەیە و ئامادەنین لەژێر هیچ بڕیارێكدا واز لە خاوەندارێتی زەوییەكانیان بهێنن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر ئهحمهد غهزال، یهكێك له شێخهكانی هۆزی شهممهر بە (كەركوك ناو)ی وت "بهڵگهی فهرمی دادگا و كشتوكاڵ و لایهنه پهیوهندیدارهكانی دیكهمان ههیه، ئهو زهوییانه له باوباپیرانمانهوه بۆمان ماوهتهوه، هی ئهمڕۆ و دوێنێ نییه، بهڵام ئهو خێزانه كوردانهی له گوندهكهدان هیچ بهڵگهیهكیان پێنییه".
لە دوای ساڵی 2017ەوە دادگای كەركوك لەچەند پرسێكی خاوەندارێتی زەویی كشتوكاڵیدا لە بەرژەوەندی جوتیارانی عەرەب بڕیاریداوە، لەوانەش نوێكردنەوەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی بەعس، بەڵام بەشێك لە جوتیارانی كورد دەڵێن بەڵگەی ساختە بەكارهاتووە.
له ئایاری 2019دا راكان سهعید، پارێزگاری كهركوك بهوهكالهت له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا وتی "دانیشتوانی ئێستای پهڵكانه خهڵكی مههابادی ئێرانن" و بهرگری له ههوڵی گهڕانهوهی خێزانه عهرهبهكان كرد.
لە ساڵی 2017ەوە تائێستا لانیكەم 20 جار هۆزه عهرهبهكان ههوڵیانداوه له گوندهكهدا جێگیرببنەوە.
گوندی پهڵكانه، دهكهوێته باكوری خۆرئاوای كهركوك، نزیكهی 25 ماڵی تێدایه و روبهرهكهی زیاتر له 60 ههزار دۆنم زهویی بهپیتی كشتوكاڵی و نهوتی تێدایە.
هەموو ساڵێك لە مانگی ئایاردا كە كاتی دروێنەیە، ئەو كێشەیە سەرهەڵدەداتەوە و بەو هۆیەوە سوپا رێگریی دەكات لە دروێنە.
لە ئایاری 2019 لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، قایمقامی دوبز و نوێنەرانی ژمارەیەك جوتیاری گوندی پەڵكانە و شارەزا بڕیاردرا تاوەكو دادگا كێشەی زەوییەكان یەكلاییدەكاتەوە و چارەسەری یاسایی دەدۆزرێتەوە، زەوییەكان سڕبكرێن، بەو مانایەی هیچ لایەكیان بەكارینەهێنن بۆ چاندن.
بەپێی بەیاننامەیەكی ئەوكاتی پارێزگار، "هەردولا لە جوتیارانی كورد و عەرەب پێی رازی بون"، ئەو رێككەوتنەش لەپای رێگەدان بوو بە جوتیارانی كورد تاوەكو دروێنە بكەن.
زەقبونەوەی كێشەكە دوای ئەوە زیاتر بوو كە لە دوو ساڵی رابردودا ئەو زەوییانەی سڕكرابون جارێكی تر لەلایەن جوتیارانی كوردەوە چێنراون بە گەنم و جۆ.
وەسفی عاسی، سەرۆكی هۆزی عوبەید و پەرلەمانتاری كەركوك لە بەغدا، لە راگەیەنراوێكیدا لە 11ی ئایار پشتیوانی خۆی بۆ سوپای عیراق دەربڕی و وتی "ئەو لێدوان و هەڵوێستە سیاسییانە رەتدەکەینەوە کە کاریگەرییان لەسەر سوپای عیراق هەیە لە پارێزگای کەرکوک، بەتایبەت كە نایانەوێت گرژیی و ئاڵۆزی دروستبێت لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان"، ئەوەش دوای راگەیەنراوەكەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق هات كە وتی "سوپا رێگریی دەكات جوتیارانی كورد دروێنە بكەن".
شاخەوان عەبدوڵا، لە راگەیەنراوەكەدا لە 11ی ئایار وتی "دوای رێگرییەکانی ئەمدوایەی سوپا لە جوتیارانی کورد... لەگەڵ سەرۆک وەزیران قسەمانكرد لە رۆژی چوارشەممەوە (8ی ئایار) فەرمان بە ئۆپەراسیونەکانی کەرکوک کراوە رێگرییەکان هەڵبگرن و جوتیاران دروێنەی بەرهەماکانیان دەستپێبکەن، بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆکارێک بێت ئەو نوسراوە نەگەیشتبووە کەرکوک".
وتیشی "ئەمڕۆ (شەممە 11ی ئایار) نوسراوەكەمان گەیاندە کەرکوک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک نوسراوەکەیان وەرگرت، لە ئەمڕۆوە دەست بەهەڵگرتنی خێمەی جوتیارانی عەرەب دەكرێت و دروێنە دەستپێدەكات".
بەڵام دوای سێ رۆژ هێشتا ئەو بڕیارە جێبەجێنەكراوە. هاوكات هەوڵەكانی (كەركوك ناو)یش بێئاكام بوو لە وەرگرتنی بۆچونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
جوتیارانی پەڵكانە داوای چارەسەریی بنبڕی كێشەكە دەكەن، وەك محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیاران دەڵێت "دۆخەكە نزیكە لە تەقینەوە، چونكە 100 جوتیاری عەرەب و 300 جوتیاری كورد لەناو گوندی پەڵكانەن كە 60 مەتر لەیەكترەوە دورن، ناڕەزایی دژی یەكتر نیشاندەدەن و سوپا و هێزە ئەمنییەكانیش لەنێوان هەردولا جێگیربون".