سایلۆی مەخمور، لە توانایدا نییە هەموو بەرهەمی گەنمی قەزاكە وەربگرێت و جوتیاران لە بەردەم دوو بژاردەدان؛ یان گەنمەكە هەرزانفرۆش بكەن یاخود بەرەو سایلۆی ناوچەكانی تر بیگوازنەوە.
وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای نەینەوا، پێنجشەممە 15ـی ئایار، لە قەزای مەخمورەوە دەستیپێكرد و بەپێی وەزارەتی بازرگانی چاوەڕواندەكرێت، ئەمساڵیش پارێزگاكە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لە بەرهەمهێنانی گەنم یەكەمی عیراق بێت.
محمەد عەلی، جوتیارێکی گوندی گردی بەگۆ لە ناحیەی قەراج-ـی مەخمور بە (كەركوك ناو)ـی وت "گەورەترین كێشەی ئێمە ئەوەیە لە سایلۆی مەخمور هەموو گەنمەكەمان وەرناگیرێت، بۆیە نازانین چی بكەین".
قەراج سەر بە مەخمور، جوتیارانی ئەو ناحیەیە بۆ گواستنەوەی هەر تۆنێك گەنم بڕی 50 هەزار دینار بە بارهەڵگر دەدەن تا سایلۆی مەخمور كە دەوروبەری 15 كیلۆمەتر دوورە.
"ئەگەر گەنمەكە ببەین بۆ سایلۆی تر، بۆ نمونە نزیكترینیان دوای مەخمور لە تەلەعفەرە، هەر تۆنێك بە بڕی 100 هەزار دینار دەگوازنەوە، ئەوەش تێچوویەكی زۆرە، لە حاڵەتێكیشدا لە بازاڕدا گەنمەكە بفرۆشینەوە هەر تۆنێك بە 650 هەزار دینارە و كەمترە لەو پارەیەی حكومەت بۆ هەر تۆنێك تەرخانیكردووە، كە بڕی 850 هەزار دینارە" بەوتەی محەمەد.
ئەو جوتیارە، كە روبەری نزیكەی 100 دۆنم زەوی كردووە بە گەنم و بەرهەمەكەی دەگاتە نزیكەی 60 تۆن، داواكارە گەنمەكەیان لە مەخمور وەربگیرێت، "دڵنیام سایلۆكە دەتوانێت هەموو گەنمی جوتیارانی سنورەکە وەربگرێت بەڵام هۆكارەكە ئەوەیە گەنمێکی زۆر لەرێگای هەولێرەوە داخڵ دەبێت، ئەوەش لەسەر حسابی جوتیارانی مەخمور" محەمەد عەلی وادەڵێت.
بەرهەمی گەنم لە ناوەندی قەزای مەخمور بۆ ئەمساڵ نزیكەی 80 هەزار تۆن و ناحیەی قەراج بە جیا نزیكەی 150 هەزار تۆن دەبێت، بەپێی ئاماری كشتوكاڵی قەزاكە بۆ (كەركوك ناو).
مەروان حسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مەخمور وتی "لە هەموو ئەگەرێکدا ناتوانین هەموو گەنمی جوتیاران وەربگرین،... چونكە جگە لە مەخمور و قەراج، گەنمی سێ ناحیەکەی تر و گوندەکانیش هەیە، بۆیە جوتیاران ناچارن گەنمەكە بگوازنەوە بۆ سایلۆكانی تری نەینەوا یان خۆیان بیفرۆشن" مەروان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لە سنورى مەخمور زیاتر لە 500 هەزار دۆنم زەوى چاندن هەیە كە 190 هەزاری بەراوە و دابەشبون بەسەر سێ هەزار جوتیار. قەزاكە كە ناوچهیهكی جێناكۆكە و دهكهوێته باشوری خۆرههڵاتی موسڵ، یەكێكە لە قەزا دەوڵەمەندەكانی پارێزگای نەینەوا لە بەرهەمهێنانی گەنم، ساڵی رابردوو 200 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی هەبوو.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مەخمور دەڵێت ئەمساڵ دەتوانن نزیكەی 180 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆ وەربگرن، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕەپانێک لە ناحیەی قەراج دروستکراوە بۆ وەرگرتنی نزیكەی 50 هەزار تۆنی دیكە.
عیراق لە چەند هەفتەی رابردودا، لە پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاست، بڕی دوو ملیۆن تۆن گەنمی لە جوتیاران وەرگرتووە و بڕیارە لە پارێزگاكانی باكور و هەرێمی كوردستانیش سەدان هەزار تۆن وەربگرێت.