ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، پشكی پێكهاتەكانی لە پۆستەكانی قەزای دوزخورماتوو یەكلاییكردۆتەوە و توركمان زۆرینەی پۆستەكانی بەركەوت بە ڕێژەی لەسەدا 65، دوای ئەوە عەرەب بەڕێژەی لەسەدا 25 و كورد لەسەدا 10.
ئەو دابەشكارییە لە ئەنجامی دانوستان و كۆبونەوەی بەردەوامی پێكهاتەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە دوو هەفتەی رابردودا رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەوەش بەپێی وتەی یاسین محەمەد، ئەندام ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی كورد.
یاسین محەمەد كە رێژەی سەدی دابەشكاریی پۆستەكانی بەسەر نەتەوەكاندا بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرا كرد، جەختیكردەوە "توركمان لە هەموو سەردەمێكدا زۆر ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ واقیعەكەدا كردووە، لەهەر بارودۆخێكدا بێت تەحەمولی دۆخەكەیان كردووە و ئەو پۆستانەیان بەجێنەهێشتووە كە وەریانگرتووە و لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، ئێستاش لەسەدا 65ی پۆستەكان بەر ئەوان كەوتووە..."، زیاتر وتی "بەڵام وەكو كورد تەنیا لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەموو پۆستەكانمان لەدەستدا، وردە وردە هەوڵدەدەین هەندێكیان بەدەستبهێنینەوە و ئێستا لەسەدا 10ی پۆستەكانمان بەركەوتووە، عەرەبیش لەسەدا 25".
لە دوزخورماتوو، لەپاڵ پۆستی قایمقام، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیس كە لە پۆستە گرنگەكانن، دەیان پۆستی گرنگی دیكە هەن، وەكو بەڕێوەبەری فەرمانگەكان.
یاسین محەمەد وتی "هۆكارێكی تر كە وایكردووە كورد پۆستی كەمی بەربكەوێت ئەوەیە كە لە دوزخورماتوو كێشەی كەمی كەسی پسپۆڕ و فەرمانبەری ئیدارییمان هەیە".
وەكو كورد لە دوزخورماتوو كێشەی كەمی كەسی پسپۆڕ و فەرمانبەری ئیدارییمان هەیە
زیاتر وتی "جگە لەوەش توركمان و عەرەب لە بەغداوە دەسەڵات و هێزیان هەیە و باڵانسی هێز لای ئەوانە، ئەوەش یارمەتی دەریانە بۆ ئەوەی پۆستە گرنگەكانی دوزخورماتوو هەر لەبەغداوە بۆ خۆیان یەكلاییبكەنەوە، لەوانە قایمقام، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیس".
عاتف عەلی سەمین، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە هاوپەیمانی ئیتاری وەتەنی (توركمان/ نوێنەری دوزخورماتوو)، بە (كەركوك ناو)ی وت "سیاسییەكان خۆیان رێككەوتون بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان لەنێو پێكهاتەكاندا، لەڕاستیدا من هیچ رازی نیم لەو شێوازەی لە دابەشكاریی پۆستەكاندا لە پارێزگای سەڵاحەدین پەیڕەو دەكرێت، چونكە بەهیچ شێوەیەك پێوەری دەنگ لەبەرچاونەگیراوە..."، زیاتر وتی "كێشەكی تر ئەوەیە قەزای دوزخورماتوو مافی خۆی وەرنەگرتووە لە كۆی پۆستەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە هەموو هەوڵمان لەگەڵ برایانی كورد توانیمان یەك بەڕێوەبەری گشتی كە وەبەرهێنانە لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ خەڵكی دوزخورماتوو وەربگرین، ئەوەش بۆ پشكی كورد بوو".
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی (زیاتر لە 154 هەزار كەسن) لە توركمان، كورد و عەرەب پێكهاتون.
عاتف عەلی سەمین، وتی "من زانیاریی زۆرم لایە لەسەر رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، بەڵام نامەوێت قسەی زیاتری لەسەر بكەم، بەڕای من ئەوە گرنگ نییە كام نەتەوە چەند پۆستی وەرگرتووە، ئەوەی گرنگە چۆن خزمەتی خەڵكی دوزخورماتوو دەكەن... من پێكەوەژیانم بەلاوە گرنگترە".
گرنگ نییە كام نەتەوە چەند پۆستی وەرگرتووە، ئەوەی گرنگە چۆن خزمەتی خەڵكی دوزخورماتوو دەكەن
توركمان پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوی بەركەوتووە، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەش لای عەرەبە، كورد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەزاكەی بەركەوتووە.
لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین، كە 38 پۆستی باڵا هەیە، وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، ئەوانیش زۆرینەی هەرە زۆریان یەكلایی بونەتەوە.
عاتف وتی "لەوەدا زۆرینەی پۆستەكان بۆ نەتەوەی عەرەب رۆیشتووە، تەنانەت توركمان لەسەر ئاستی پۆستە باڵاكان لە كورد كەمتری وەرگرتووە".
یاسین محەمەد وتی "ئێمە وەكو كورد لەو 38 پۆستە باڵایە، پێنج پۆستمان وەرگرتووە... وەكو كورد لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین بەپێی پێوەری دەنگ بێت لە نەتەوەكانی تر پۆستی زیاترمان وەرگرتووە".