لە ئاگرەكەی شەوی رابردوی ناحیەی باشیك 100 دۆنم گەنم سوتا، بەوەش كۆی ئەو گەنمەی لە سەرەتای دروێنەوە سوتاوە گەیشتە 150 دۆنم.
شەوی رابردوو 28ی ئایار لە ناحیەی باشیك سەر بە قەزای ناوەندی موسڵ ئاگر لە گەنمی جوتیاران كەوتەوە، بەرلەوەی دروێنە بكرێن.
غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئاگرەکە لە سنوری گوندی ئورتە خراب بووە، ئاگرێکی گەورە بوو، خۆشبەختانە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، توانیان کۆنتروڵی بکەن، بەڵام 100 دۆنم زەوی گەنم کە هێشتا دروێنە نەکرابوو سوتا، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە تا ئێستا 150دۆنم زەوی گەنم لە سنوری ناحیەی باشیک سوتاوە".
جەختیشكردەوە لەوەی "بەدەستی ئەنقەست نەبووە"، بەڵام وتی "تیمەكانی بەرگری شارستانی و پۆلیس لە لێكۆڵینەوەدان".
"هۆکاری رودانی ئاگرکەوتنە زیاتر سروشتییە، ئەمساڵ هەورە بروسکە زۆر رودەدات... جگەلەوەش شورتی کارەبا هۆکارێکی ترە"، غەزوان وایوت.
لە 18ی ئایاریش پارچە گەنمێكی تر لە هەمان ناحییە سوتا بەرلەوەی دروێنە بكرێت، غەزوان وتی "ئەوەیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە بوو و زیاتر لە 50 دۆنم سوتا".
ساڵانە لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق سەدان دۆنم چێنراو بە گەنم و جۆ بەهۆی سوتانەوە لەناودەچن، بەرلەوەی دروێنەبكرێن.
غەزوان داودی وتی "هەر جوتیارێک گەنم یان هەر بەرهەمێکی تری بسوتێت یان زیانی بەربکەوێت، ئەوا ئێمە راپۆرتی قەرەبوکردنەوەی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، بەڵام کەی قەرەبووەکە وەردەگرن یان بڕەکەی چەندە ئەوا نازانین".