پۆلیسی شنگال بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرای دەكات كە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال پێنج كچیان لە گوندێكی ناحیەی گرعوزێر لە قەزای بەعاج دەستگركردووە، بەڵام خەڵكی گوندەكە دەڵێن "لە بەرامبەر موچەیەكی مانگانەدا"، كچەكانیان پەیوەندییان بەو هێزەوە كردووە.
ئەو روداوە چەند رۆژێكە لە ناوچەكە رویداوە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایار خەڵكی گوندەكە كۆبونەوە و كەوتنە ئامادەباشی بۆ وەرگرتنەوەی كچەكانیان و چەكیان هەڵگرت. هێزە ئەمنییەكانیش لە ناوچەكە كۆبونەوە بۆ بەرگریكردن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.
سەرچاوەیەك لە كەسوكاری ئەو پێنج كچە لە گوندی ئۆم زیبان بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند رۆژێك لەمەوبەر كچەكانمان چونەتە رێزی هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) ئەوەش لە بەرامبەر موچەیەكی مانگانە و بەبێ ئاگاداری كەسوكاریان".
دانیشتووانی ئەو گوندانە كەوتونە ئامادەباشی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانە بۆ ناو كەسوكاریان و چەكیان هەڵگرتووە.
"ئێمە كەوتوینەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ وەرگرتنەوەی كچەكانمان، ئێستا نازانین كچەكانمان لەكوێن، بەڵام دەزانین چونەتە ناو ئەو هێزەوە".
نازانین كچەكانمان لەكوێن، بەڵام دەزانین چونەتە ناو ئەو هێزەوە
گوندەكە دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبن، دەكەوێتە سەر سنوری عیراق – سوریا و سەر بە ناحیەی گرعوزێرە لە قەزای بەعاج لە پارێزگای نەینەوا.
بەڵام سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی لە پۆلیسی شنگال هەیە و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی لای ئێمەیە ئەوەیە ئەو پێنج كچە لەلایەن هێزەكانی یەبەشەوە دەستگیركراون، بەڵام هۆكارەكەی نازانین و تائێستاش ئازادنەكراون".
وتیشی "دۆخەكە ئاسایی نییە، خەڵكی ئەو گوندە و كەسوكاری كچەكان چەكیان هەڵگرتووە و داوا وەرگرتنەوەی كچەكانیان دەكەن".
هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، بەڵام لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن.
(كەركوك ناو) پەیوەندی بە دوو سەرچاوەی نێو هێزەكانی بەرخودانی شنگال-ەوە كرد، یەكێكیان ئامادەنەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات، بەڵام یەكێكیان كە لێپرسراوێتی لە نێو هێزەكەدا هەیە، وتی "هەواڵی دەستگیركردنی ئەو پێنج كچە راستە"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت.