سەركردایەتییەكی یەكێتی:
پێمانوایە پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی داهاتوی حكومەت لای پارتی یەك پاكێج-ـە

بەغدا/ 29ی ئایاری 2024/ كۆبونەوەی ئیدارەدانی كەركوك، بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی عیراق. فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

كەركوك ناو

سەركردایەتییەكی یەكێتی لە كەركوك، ئاشكرای دەكات كە دواجار حزبەكەی رەزامەندی نیشانداوە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت، ئەوەش لە "پێناو كەركوك" و بەو مەرجەی دوو ساڵی یەكەمی پۆستەكە بۆ كورد و كاندیدی یەكێتی بێت، بەڵام وتی "ئیشەكەیان تێكدا و گەڕاینەوە بۆ خاڵی یەكەم".

ئەو لێدوانە دوابەدوای كۆتاییهاتنی سێیەم كۆبونەوەی (هاوپەیمانی ئیدارەدانی كەركوك) هات بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە چوارشەممە 29ی ئایار لە بەغدا بەڕێوەچوو و تیایدا شكستیانهێنا لە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك.

سەركردایەتییەكی یەكێتی كە وەك خۆی دەڵێت ئاگاداریی دواین گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكە و لەبەر هەستیاریی و رێپێنەدانی حزبەكەی لەوەی بۆ میدیا قسە بكات، نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا رای ئێمە ئەوە بوو كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ هەر چوار ساڵەكە بۆ كورد و لەنێو كوردیشدا بۆ یەكێتی بێت، چونكە بە بەدەستهێنانی پێنج كورسی براوەی یەكەمین، لە بەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەن بۆ عەرەب و بۆ هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك بێت كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و لە كۆی شەش كورسی بەركەوتەی عەرەب، ئەوان سێ كورسییان هەیە، بەڵام دوای تێگەیشتنمان لە بارودۆخەكە، زانیمان ئەو هەوڵەمان سەركەوتوو نابێت، بۆیە بە دوو ساڵ بە دوو ساڵ رازی بون".

"پێمانوایە مادام یەكێتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی بێت، براوەی دووەمیش كە هاوپەیمانی عەرەبی كەركوكە دوو ساڵی دووەم بۆ ئەوان بێت، پۆستەكانی تریش بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن لە نێو نەتەوە و حزبەكانی تردا دابەش بكرێت و هیچ لایەنێك بێبەش نەبێت"، سەركردایەتییەكەی یەكێتی زیاتر وتی "بەڵام لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا دەركەوت هەندێك لایەن ناچنە ژێر باری ئەوەوە، بۆیە ئێمەش ناتوانین لەوە زیاتر سازش لەسەر دەنگ و هێزی خۆمان بكەین".

لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەی دوێنێدا كە نوسینگەی سەرۆك وەزیران بڵاویكردۆتەوە، تەنیا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە رێككەوتن كراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام هیچ وادەیەك دیارینەكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە پێنج مانگ تێپەڕبووە بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و تەنیا كەركوك نەیتوانیوە كۆبونەوەكانی ئەنجومەن دەستپێبكات و حكومەتی خۆجێی پێكبهێنێت.

anjwmani kirkuk  (1)
كەركوك/ 2024/ هۆڵی تەرخانكراو بۆ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

سەرچاوەكە وتی "باسكردن لەبارەی ئەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەن دەكرێت، تەنیا بۆ شاردنەوەی شكستهێنانی كۆبونەوەكەی دوێنێیە".

بەپێی وتەی ئەو، هاوپەیمانی ئیدارەدانی كەركوك كە لە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكە پێكدێت، لە ئێستادا بون بە دوو بەشەوە و بۆ چونەكانیان زۆر لەیەكترەوە دورن، "لەوەشدا بارودۆخی ناوچەكە و هەرێمی و وڵاتان رۆڵیان هەیە".

ئەو جەختیكردەوە كە یەكێتی و بەشێك لە عەرەب و كریستانەكان وەك نزیكن لەیەكترەوە دەبینرێن، لە بەرامبەردا پارتی و توركمان و هاوپەیمانی قیادە كە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات و دوو كورسی هەیە لە یەكترەوە نزیكترن.

"وەكو یەكێتی وا لەپارتی تێدەگەین، كە دەیەوێت پۆستی پارێزگاری كەركوك و پۆستی سەرۆكی داهاتوی حكومەتی هەرێم وەكو یەك پاكێج سەیر بكات، دەیەوێت زەمانەتی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ دوای هەڵبژاردن و بۆ مەسرور بارزانی بەبێ كێشە یەكلاییبكاتەوە... خەمیس خەنجەریش دەیەوێت لەمەودوا لە كەركوك رۆڵی هەبێت و بچێتە ناو حكومەتی خۆجێی كەركوكەوە".

سەركردایەتییەكەی یەكێتی زیاتر وتی "بەرەی توركمانیش هەرچەندە دوو كورسی و دوو بەرەن، بەڵام لە پارتی و خەمیس خەنجەرەوە نزیكن و بە سەراحەت دەیانەوێت چوار ساڵەكە بكرێت بە سێ بەشەوە و لەوەشدا 16 مانگ پۆستی پارێزگاری كەركوكیان لابێت".

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.

andamani anjuman
ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك

لە كۆی ئەو 16 ئەندامەی ئەنجومەن، پێویستە 9 ئەندام ئامادەبن بۆ كۆبونەوە و هەڵبژاردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێیی، ئەوەش بەپێی یاسا.

هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەبێ بەشداری عەرەب، كورد و توركمان و كریستیان پێكەوە ئیدارەی نوێی خۆجێی كەركوك پێكنایەت، ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەرچییەك بن. هەر لەیاساكەدا جەختكراوەتەوە كە دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

سەركردایەتییەكەی یەكێتی وتی "دۆخەكە بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەچێت، دانیشتنی یەكەم و دووەم لێكنزیكبونەوەی زیاتر هەبوو"، زیاتر وتی "پێمانوایە لەو پرسەدا دەستتێوەردانی دەرەكی هەیە، ئەوە و یاساكەش رێگرە لەوەی براوەكان شایستەیی خۆیان وەربگرن".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT