بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شنگال ناوی 229 كارمەندی بۆ تەندروستی نەینەوا بەرزكردۆتەوە، تاوەكو راهێنانی چڕ وەربگرن، چونكە دەڵێت كێشەی شارەزاییان هەیە لە چارەسەركردنی نەخۆش و بەكارهێنانی ئامێرەكان، بەڵام بڕیارەكە روبەڕوی ناڕەزایی كارمەندەكان بۆتەوە.
تەندروستی نەینەوا لە 23ی ئایاری رابردوو رەزامەندی نیشاندا لە گواستنەوەی ئەو 229 كارمەندە بەشێوەی كاتی بۆ ناو موسڵ و بۆ ماوەی سێ مانگ، تا راهێنان تەواودەكەن و دەگەڕێنەوە شنگال.
سامی سەیدۆ، لە نەخۆشخانەی شنگال دەوام دەكات و ناوی لە لیستەكەدایە بۆ ئەوەی راهێنان وەربگرێت، وتی "موچەكەم 500 هەزار دینارە و ئەگەر هاتوچۆ بكەم بۆ موسڵ رۆژانە 25 هەزار دینارم پێویستە، ئەوەش قورسە بۆ من".
وتیشی "ئەگەر بۆ شارەزابونە، لە پسپۆڕییەكەی خۆم بەباشی خوێندومە و شارەزاییم هەیە... من ساڵێكە دەوام دەكەم، تازە دەڵێن بچن بۆ موسڵ راهێنان بكەن".
من ساڵێكە دەوام دەكەم، تازە دەڵێن بچن بۆ موسڵ راهێنان بكەن
بەڵام لێپرسراوانی تەندروستی شنگال، لەوانەش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەزاكە دەڵێت بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان پێویستە راهێنان وەربگرن، "راهێنانەكە كاتییە بۆ سێ مانگ و دواتر دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان".
"كارمەندی تەندروستیمان هەیە تا كانولەیەك دادەنێت لە 10 شوێنەوە دەستی نەخۆش كون دەكات، نەخۆشەكان و كەسوكاریان توڕە دەبن"، دکتۆر لوقمان سوڵتان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شنگال زیاتر وتی "ئەوانەی تازە دامەزراون كێشەی شارەزاییان هەیە، بەتایبەت لەو ئامێرە نوێیانەی تازە هێنراوەنەتە نەخۆشخانەكە".
هەروەها وتی "من بۆ بەرژەوەندی گشتی داوام لە بەڕێوەبەری تەندروستی نەینەوا کردووە، ئەو 229 كارمەندە بچن لە موسڵ بۆ ماوەی سێ مانگ راهێنان وەربگرن، كارمەندەكان بەهەڵە تێدەگەن و وادەزانن من دەمەوێت ئەوان لە شنگال دوربخەمەوە، ئەوە راست نییە".
كارمەندەكان بەهەڵە تێدەگەن و وادەزانن من دەمەوێت ئەوان لە شنگال دوربخەمەوە
جەختیشیكردەوە كە بەپێی بەرنامەی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئەو کارمەندانەی تازە دادەمەزرێن پێویستە ساڵێک لە نەخۆشخانەکانی ناوەندی پارێزگا دەوام بکەن، "نازانم ئەوانە چۆن بەبێ وەرگرتنی راهێنان هاتون بۆ شنگال".
لە قەزای شنگال دوو نەخۆشخانەی گشتی و 28 بنكەی تەندروستی هەن، لەگەڵ 50 پزیشكی پسپۆڕ و زیاتر لە دوو هەزار كارمەندی تەندروستی.
ئەوانەی بە بڕیاری تەندروستی دەبێت راهێنان وەربگرن، ئەوانەن ساڵی رابردوو دامەزراون.
دكتۆر دڵشاد عەلی، لە ئیدارەی تەندروستی نەینەوا بە (کەرکوک ناو)ی وت "بڕیاری راهێنانكردن بەو كارمەندانە لەسەر داوای بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شنگال بووە و دەبێت پابەندبن بە بڕیارەكەوە، بەپێی ئەو شوێنەی بۆیان دابینكراوە". ئەوەش دوای ئەوە دێت كارمەندەكان رەتیانكردەوە بچنە موسڵ.
دكتۆر جەمال حسێن، لێپرسراوی کەرتی تەندروستی قەزای شنگال کە سەرپەرشتی 28 بنکە تەندروستییەكەی قەزاكە دەكات، وتی "ئێمە كێشەی كەمی كارمەندی تەندروستیمان هەیە، گەورەترین كێشەش كەمی پزیشكە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە بچنە موسڵ، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر كارەكانمان نابێت".
بەڵام وتی "دەتوانرێت لەناو نەخۆشخانەی شنگالیش راهێنان وەربگرن".