"لە خوێندن بێبەشمان مەكەن"

وێنەی پێشەوە، سەعید حەجی حەمە لەكاتی بەرزكردنەوەی كاغەزێكدا كە لێی نوسراوە "لە خوێندن بێبەشمان مەكەن". فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز

سەعید حەجی حەمە، خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی لە کەمپی خانکێ، لەگەڵ هاوڕێیەكانیدا بەشداریكردووە لە هەڵمەتێك بۆ دژایەتیكردنی بڕیارێكی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی خوێندنگەی كەمپەكان.

"دەمانەوێت حكومەت خوێندنگەكەمان دانەخات و رێگەبدەن بخوێنین"، سەعید هەروەها پارچە كاغەزێكی بەرزكردۆتەوە و لەسەری نوسیوە "بێبەشمان مەكەن لە خوێندن... مافی خۆمان دەوێت".

هەڵمەتەكە كە رێكخراوی وادی ئەڵمانی سەرپەرشتی دەكات، لە رۆژی جیهانی منداڵانەوە لە یەكی حوزەیران لە دوو كەمپی پارێزگای دهۆك دەستپێكردووە، ئامانج لێی هۆشیاركردنەوەی منداڵانە لە ترسی لەدەستدانی خوێندن لەحاڵەتی داخستنی كەمپەكە.

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە تەمموزی ئەمساڵ تەواوی نوێنەرایەتییەكانی خۆی لەوانەش پەروەردە لە هەرێمی كوردستان دابخات، نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، سەرپەرشتی ئەو خوێندنگایانە دەكەن كە دەیەیەكە تایبەت بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە و لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم 155 هەزار خوێندكاریان هەیە.

سەعید و هاوپۆلەكانی دەڵێن كە ئەگەر کەمپ دابخرێت و بگەڕێنەوە بۆ شنگال، ئەستەمە بتوانن بخوێنن، "چونکە لەکەمپ خوێندنگە و مامۆستای باشمان هەیە، هیچ كێشەمان نییە، نازانین ساڵی داهاتوو لە شنگال شوێنمان دەبێت بۆ خوێندن یان نا"، سەعید حەجی حەمە وایوت.

نازانین ساڵی داهاتوو لە شنگال شوێنمان دەبێت بۆ خوێندن یان نا

زۆرینەی منداڵانی قۆناغی سەرەتایی هەر لە كەمپ لەدایكبون، دوای ئەوەی لە ئابی 2014 ناوچەكانی خۆیان بەهۆی هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) چۆڵكرد. تەنانەت بەشێكیان دەرەوەی كەمپ-یان نەبینیوە.

چیمەن رەشید، نوێنەری رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە شاری دهۆک بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەموو کاتێک پرسی خوێندنی ئاوارەکانی کەمپ و پێداویستییەکانی ئەوان لە ئەولەویەتی کارەکانمانە، بۆیە دوای بڕیارەكەی حكومەت، بیرمان لەم هەڵمەتە كردەوە تاوەكو بزانین چارەنوسی خوێندنی منداڵانی ئاوارە چی لێدێت".

"ئێمە دەزانن دۆخی خوێندن لە قەزای شنگال چۆنە و کۆمەڵێک پرسیاری تر کە دەمانەوێت هەم منداڵان هۆشیار بکەینەوە هەمیش پێیان بڵێین کە ئەمە مافی خۆتە داوابکەیت تا بێبەش نەبیت لە خوێندن و بەردەوام بیت".

talaba.camin
دهۆك/ 8ی حوزەیرانی 2024/ منداڵانی خوێندنگەیەكی كەمپی خانكێ، لە هەڵمەتێكدا دژاەیتی خۆیان بۆ داخستنی كەمپەكە نیشان دەدەن. فۆتۆ: عەمار عەزیز

ماوەی هەڵمەتەكە 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، چیمەن وتی "ئەگەر بزانین پێویستە، بەردەوامی پێدەدەین".

چیمەن وتی "دوو ئامانجمان هەیە، یەکەم فشاركردنە بۆ سەر حكومەتی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی كەمپەكان دانەخەن، چونكە خوێندكارانی شنگال لە ئێستادا روبەڕوی كێشە بونەتەوە، بە گەڕانەوەی ئەم خوێندكارانە كێشەكان زیاتر دەبن".

ئامانجی دووەم وەك چیمەن وتی "سەرەتایترین ماف، خوێندنە، گومان دەكەین ئەگەر بگەڕێنەوە شنگال بێبەشبن لە خوێندن، بەهۆی كێشەی كەمی مامۆستا و خوێندنگە و پێداویستی ترەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT