وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەنییە پرسیاری كۆتایی ساڵی تاقیكردنەوەكانی وزاری دوانزەی ئامادەیی بۆ شنگال بنێرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە 842 قوتابیان لەو قەزایە هەیە و ناچاركراون بچن لە دهۆك بمێننەوە بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەكان.
ئەو كێشەیە لە دوای كردنەوەی خوێندنگە كوردییەكان دوای شەڕی داعش لە ساڵی 2015ەوە درێژەی هەیە و چارەسەرنەكراوە، لەكاتێكدایە سبەی یەكشەممە 23ی حوزەیران یەكەم رۆژی تاقیكردنەوەكانی وزاری پۆلی دوانزەی ئامادەییە لە خوێندنگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
رەوعە خدر، كچە قوتابییەکی پۆلی 12ی ئامادەییە و خەڵکی کۆمەڵگای بۆرکەیە لە شنگال، جەختیكردەوە كە هۆڵی تاقیكردنەوەكانیان لە شاری دهۆك بۆ ئامادەكراوە و ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێت لەوێ تاقیكردنەوە بكەن، "ئێمەش پابەندبون بە چونمان بۆ پارێزگای دهۆك".
"ئەگەر لە ماڵی خۆمان بوینایە، ژینگەی خوێندن باشتر دەبوو... ئێستا هەر چوار قوتابییەك خراوینەتە ژورێكەوە، ئەوەش وایكردووە ژینگەی خوێندن باش نەبێت"، رەوعە زیاتر وتی "باشتربوو پەروەردەی شنگال هۆڵی تاقیكردنەوەكانی لە شنگال بكردایەتەوە".
ئەگەر لە ماڵی خۆمان بوینایە، ژینگەی خوێندن باشتر دەبوو
قهزای شنگال، كە بهدوری 120كم دهكهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان.
قوتابخانەكانی شنگال بەسەر هەردوو وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ و هەرێم دابەشبون، ئەو قوتابیانەی پۆلی دوانزە كە لە قوتابخانەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم دەخوێنن، ناچارن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بچنە دهۆك.
پەروەردەی شنگال، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "لە زانکۆی دهۆک بەشی ناوخۆی بۆ هەموو قوتابیانی شنگال ئەوانەی لە پۆلی دوانزەن دابینكراوە".
بەڵام ئەرکان حەیدەر، قوتابییەکی هەمان پۆل، ئەمڕۆ شەممە بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لە 10 كاتژمێر لەبەر هەتاو بوین بۆ وەرگرتنی ژوری مانەوە".
لە دوو رۆژی رابردودا بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال وەڵامی پەیوەندییەكانی پەیامنێری (كەركوك ناو)ی نەدایەوە لەبارەی هۆكاری رێگەنەدان بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوە، بەڵام ساڵی رابردوو كاتێك هەمان كێشە هەبوو، جەختیانكردەوە "ترسیان هەیە پرسیارەكان دزەیان پێبكرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەو بازگە و هێزانەی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نین، بۆیە هێشتا ئامادەنین تاقیكردنەوەكان ببەنە شنگال".