دادگای تاوانەكانی سێی سلێمانی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر بكوژی خواناس وریا گلی-دا سەپاند، دوای یەك ساڵ لە تێپەڕبونی روداوەكە و دانپێدانانی بەوەی بە 10 فیشەك خواناسی كوشتووە، ئەوەش لەسەر باوەڕ .
خواناس وریا گەنجێكی خەڵكی چەمچەماڵ، ئەكتەر و شێوەكار بوو، لە 22ـی حوزەیرانی 2023 لەلایەن چەكدارێكەوە لە ناوبازاڕی شاری چەمچەماڵ تەقەی لێكراو و كوژرا.
پارێزەری كەیسی خواناس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیران جەختیكردەوە كە دوای پێنج دانیشتن دادگا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ بكوژی خواناس وریا گلی دەكرد، ئەوەش بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان. وتیشی "وەكو تیمی پارێزەران گفتوگۆی خۆمان دەكەین تا بزانین بڕیارەكەمان بەدڵە یاخود نا، ئەوكات رای خۆمان دەردەبڕین بەتایبەت دوای قسەكردن و وەرگرتنی رای بنەماڵەی خواناس".
وتیشی "ئەم كەیسە پەیوەندی بە ئازادی بیروڕاوە هەبووە".
وریا گلی، باوكی خواناس لە هەمان كۆنگرەدا وتی "ئێمە تانە لەو بریارە دەدەین، دەبوو سزاكەی قورستر بیت، چونكە دۆسییەكە هەروا ئاسان نییە و بكوژیش هاندەر و هاوكاری هەبووە لەو تاوانەیدا".
"ویستمان بۆ خەڵكی بسەلمێنین كە لەم كەیسانەدا دەبێت یاسا سەروەربێت و یاسا كێشەكان یەكلاییبكاتەوە"، باوكی خواناس زیاتر وتی "دەمانەوێت چیتر خواناسەكان نەبنە قوربانی كێشە و ململانێییەكان، گەنجانی وەكو خواناس لەم وڵاتەدا زۆر بێناز و بێكارن".
ویستمان بۆ خەڵكی بسەلمێنین كە لەم كەیسانەدا دەبێت یاسا سەروەربێت
بكوژ لە 23ی حوزەیرانی رابردوو و رۆژێك دوای روداوەكە، خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد و بەپێی دەزگای ئاسایشی هەرێم ناوبراو هۆکاری کوشتنەکەی بۆ "جیاوازی بیروڕای ئایینیی" گەڕاندبۆوە و دانیناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و "لێکتێنەگەیشتن رویداوە".
هەر ئەوكات كەسوكاری خواناس وریا، لە راگەیەندراوێكدا جەختیانكردەوە لەوەی ئەوان هیچ شتێک لە خۆیاندا شک نابەن و "هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە"، زیاتر هاتووە "ئێمە بنەماڵەیەکی ئایینی و رۆشنبیر و دیاری شاری چەمچەماڵ و دەڤەری کەرکوکین، جگە لە دەستی خزمەت لە شارەکە، لە هیچ کاتێکدا هیچ خراپە و کێشەیەکمان بۆ هیچ کەس نەبووە و کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە، تەنانەت لەگەڵ بکوژ و بنەماڵەکەشیدا هیچ کێشەیەکمان نەبووە".
"ئەو کوڕە کوڕی ئێمەیە و حاشای لێناکەین، ئێمە وەکو خانەوادە شانازی دەکەین بە پابەندبونمان بە ئایینی ئیسلامەوە، ناشمانەوێت کەس گومان لەسەر ناسنامەی ئاینیمان و پابەندبونمان بە ئایینەوە بۆ دروست بکات" بەپێی راگەیەندراوەكەی بنەماڵەی (خواناس وریا)، لەكاتی كوشتنی كوڕەكەیاندا.
لە 29ی نیسان، تاوانبار لەبەردەم دادوەر وتی "من خواناسم كوشت، ئەوەش لەسەر باوەڕ".
بەهار مونزیر، چالاكوانی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ، كە ئامادەی زۆرینەی دانیشتنەكانی دادگا بوو، رایگەیاند "بكوژ 23 جار لەبەردەم دادوەر وتی هیچ مەلا و كەسێك هانی نەداوم بۆ ئەم كوشتنە، تەنیا خۆم ئەم كارەم كردووە".
دوو رۆژ لەمەوبەر (22ی حوزەیران) كە ساڵیادی كوشتنی خواناس وریا بوو، وریا گلی، باوكی خواناس لە نامەیەكیدا جەختیكردەوە "بە دەستێکی تاوانبارو دڵێکی رەش خواناس تیرۆر کرا، لەتەمەنی 25 ساڵی، چرای تەمەنی خواناس کوژایەوە".
دوای کوشتنی خواناس، "بێویژدانانە و نامرۆڤانە کەوتنە قسەکردن و جنێودان بە خواناسی ستەملێکراو، بەوەشەوە نەوەستان ئێمەشیان وەک باوک و دایکی خواناس جنێو بارانکرد"، لە نامەكەدا هاتووە.
هەروەها هاتووە "بە نەمانی خواناس، جەرگی دایک و باوکێک سوتا، ژنێک بێوەژن بوو، منداڵێک هەتیو کەوت، زۆر کاریگەری خراپی تری لێکەوتەوە".
بە نەمانی خواناس، جەرگی دایک و باوکێک سوتا، ژنێک بێوەژن بوو، منداڵێک هەتیو کەوت
باوكی خواناس نیگەرانی خۆی دەربری لەو لێشاوە لە كۆمێنت و پۆستەی دژ بە ئەوان لە سۆسیال میدیا دەنوسرا و بڵاودەكرایەوە "زۆر سەیر بوو هیچ کەس راستی روداوەکەی نەدەزانی و قسەیان لەسەر دەکرد، ڤیدیۆ و پۆستی دووساڵ پێشتری خواناس بڵاودەکرایەوە و وا نیشان دەدرا لەسەر ئەوە کوژرابێ، هەر ئەوەنا قسە لەسەر نادیار و غەیب دەکرا، بۆ نمونە دەوترا ئێستا لەگۆڕەکە داخ دەکرێی، ئێستا شەق شەقێن دەکرێی...".
"زۆر ئازاری ئێمە درا، خواناس بە 10 فیشەک کوژرا، بەڵام هەزاران فیشەک نرا بەئێمەوە، کەسایەتیمان روشێنرا".
خواناس بە 10 فیشەک کوژرا
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی بەردەم دادگا، پارێزەرانی كەیسی خواناس وریا جەختیانكردەوە لەوەی كەسانی تر پەیوەست بەم كەیسە، دۆسییەی جیاوازیان بۆ كراوەتەوە و كەیسەكە هێشتا لە دادگایە. لەوانەش "خەڵك هاندراوە و بۆ ئەوەی قسەی نەشیاو بكەن".
بكوژ لە دانیشتنەكانی دادگادا، جەختیكردۆتەوە كە خۆی ئەو بڕیارەی داوە و كەس هانینەداوە، بەڵام باوكی خواناس دەڵێت "کەسانی پشت بکوژ دەستگیرنەکراون، چونکە بکوژ پلاندانەر و پیلانداڕێژ و پاڵنەری هەبووە".
خەڵك هاندراوە و بۆ ئەوەی قسەی نەشیاو بكەن
بەهار مونزیر، دەڵێت ئەو كەیسە كەیسی كوشتنە لەسەر دەربڕینی ئازادی، "دەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ بەهێزبونی دیدی توندڕەوی لە هەرێمی كوردستان و لەم چەند ساڵەی دواییدا توندوتیژی و كوشتن لە كەیسی هاوشێوە زیادیكردووە... كوشتنی خواناس زەنگێكە دەبێت هەموو كەس گوێی لێبێت و دەنگ هەڵبڕیت، ئەو دیدە لە هەرێمی كوردستان دەرگایان بۆ كراوەتەوە و نابێت بە كوشتنێكی ئاسایی ببینرێت".
لە كۆتایی نامەكەیدا لە ساڵیادی كوشتنی كوڕەكەیدا، وریا گلی دەڵێت "بە هەمومان گەنجان لە دیدی توندڕەوی دوربخەینەوە تاوەکو ژیانێکی شایستە بۆ گەنجان دەستەبەر بکەین، دیدی پێکەوە ژیان بچەسپێنێن و روبەڕوو کوشتن و تیرۆر بوەستینەوە".