فەرمانبەرانی حكومی دەتوانن دوو كاتژمێر زووتر بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان، ئەوەش بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق و بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، بەڵام بڕیارەكە هیچی بۆ ئەو سەدان هەزار كرێكارانە تیادا نییە كە لەبەر گەرمای تاقەتپروكێندا كاردەكەن.
بەگشتی كرێكاران لە عیراق هەشت كاتژمێر كاردەكەن، هەندێكیان بەدەست نەبوونی شوێنی گونجاوی کارکردن لەبەرخۆر، دابیننەکردنی شوێنی پشودان لەبەر سێبەر و سیستمی ساردکەرەوەی گونجاوەوە دەناڵێنن.
ئەم هەفتەیە بۆ یەكەمجار لە ئەمساڵدا پلەی گەرما لە هەندێك پارێزگای عیراق گەیشتە 50 پلەی سەدی، هەر بەو هۆیەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 22ی حوزەیران چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی حكومی و هاوڵاتیان دەركرد، بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای سەخت.
محەمەد شیاع سودانی دەستپێكردنی دەوامی فەرمانبەرانی كردە كاتژمێر حەوت بۆ یەكی پاشنیوەڕۆ، كە پێشتر كاتژمێر (هەشت بۆ سێی دواینیوەڕۆ) بوو، بەوەش دوو كاتژمێر زووتر لە کارکردن تەواودەبن.
مام ساڵح كە خۆی بەو ناوەوە ناساند و لە حەفتاكانی تەمەنیدایە، لە بازاڕی ئەحمەد ئاغای كەركوك چاوەڕێی دەستكەوتنی كارێك بوو، وتی كە ئەگەر دەستی بكەوێت دەبێت تا كاتژمێر چواری ئێوارە كاربكات، زۆربەی كات-یش لەبەر هەتاو و لە گەرمای تاقەتپڕوكێندا.
مام ساڵح لە بایەخی ئەو بڕیارەی سودانی كەمكردەوە و وتی "بە من چی؟ هەر ئاگاشم لێی نییە". زیاتر وتی "من هەر دەبێت تا ئێوارە كاربكەم، بڕیارەكەی حكومەت بۆ كرێكاران نییە".
بڕیارەكانی سەرۆك وەزیران بە من چی؟ هەر ئاگاشم لێی نییە
ئەو بڕیارەی سودانی لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی عیراق هات کە پێشبینی گەرمای بەتینی لەم هەفتەیەدا كردبوو.
بە پێی یاسای کاری ژمارە (٣٧ی ساڵی 2015)، کات و ساتەکانی کارکردن لە کەرتەکانی تایبەت و تێکەڵ لە رۆژێکدا هەشت کاتژمێرە و لە هەفتەیەکدا 48 کاتژمێرە، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخ و کەشوهەوای کارکردن.
لە گۆڕەپانی كرێكاران لە كەركوك، ژمارەیەك كرێكاری گەنج دەردەدڵی خۆیان دەكرد لەوەی جاری وایە لە هەفتەیەكدا تەنیا دوو رۆژ كاریان دەستدەكەوێت، بەوەش دەتوانن لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار دینار بۆ تەواوی هەفتەكە پەیدابکەن.
زۆرینەی كرێكارەكانی گۆڕەپانەكە تەنیا كڵاوێك یان دەمامكێكی پەڕۆیان پێبوو بۆ خۆپاراستن لە گەرما، لەكاتێكدا لەو پارێزگایە پلەی گەرما لە 50 پلەی سەدی نزیکبۆتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو کرێکارانە هیچ زانیارییەكیان نەبوو لەسەر ئەوەی چۆن خۆیان لە گەرما بپارێزن.
"خاوەنكارەكان هیچ ئاسانکارییەکمان بۆ ناكەن، رەچاوی گەرمای زۆر و وەرزی هاوین ناكەن، كاری خۆیان دەوێت و هەندێكیان وەكو مرۆڤ سەیری كرێكار ناكەن"، یەكێك لەو گەنجانەی لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا چاوەڕێی دەستكەوتنی كار بوو وایوت.
وەزارەتی تەندروستی عیراق سەرەتای ئەم هەفتەیە رێنمایی بە هاوڵاتیاندا كە خۆیان لە تیشكی خۆری بە تین بپارێزن، بەتایبەت لەكاتی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای رۆژ لە كاتژمێر 10 بۆ چواری ئێوارە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی تەندروستیان.
بەڵام كرێكارەكانی گۆڕەپانی ئەحمەد ئاغا لە كەركوك جەختیانكردەوە كە ئەوان ناتوانن لەوكاتانەدا كارنەكەن، یەكێكیان وتی "خوابكات هەر كاریش هەبێت".
لە 12ی حوزەیرانی رابردوودا، نوسینگەی عیراقی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، داوای لە حکومەتی عیراق و رێکخراوەکانی کرێکاران و خاوەنکاران کرد، چوارچێوە یاساییەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی نوێبکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی كاریگەری بەرزی پلەی گەرمی لەسەر کرێکاران لە هاویندا.
رێكخراوەكە پێشنیازیکردوە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاتژمێرەکانی کار لە هاویندا دابنێن و جێگیربكەن، لەگەڵ رێکخستنی هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر کاریگەریی گەرمای زۆر و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر مەترسییەکانی.
كێشەیەك كە لەبەردەم سەندیكاكانی كرێكاراندایە ئەوەیە كرێكاران نابنە ئەندام لە سەندیكاكانیان و لەو رێیەوە داوای پاراستنی مافە یاساییەكانیان ناكەن.
رزگار بابان، جێگری سەرۆکی لقی كەركوكی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران، بە (كەركوك ناو)ی وت "هانی خاوەنکارەکان دەدەین دەستکاریی کاتەکانی کارکردن بکەن بەشێوەیەك بیگونجێنن لەگەڵ بارودۆخ و پلەکانی گەرمادا... راهێنان پێشکەش بە کرێکاران بکەن، بەتایبەت ئەو راهێنانانەی پەیوەندییان بە بەڕێوەبردن و خۆپاراستن لە گەرما و رێگاکانی چارەسەرکردنییەوە هەیە".
وتیشی، "داوا لە خاوەنکارەکان دەکەین دەستکاری شوێنەکانی کارکردن بکەن بۆ سنوردارکردنی مانەوەی کرێکار لەبەر خۆر، دابینکردنی شوێنی پشودان لەبەر سێبەر و سیستمی ساردکەرەوەی گونجاو".