وەزارەتی ناوخۆی عیراق، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە "پلاندانەر و جێبەجێكاری"ـی ژمارەیەك روداوی سوتاندنی بازاڕ و شوێنی گشتی لە شارەكانی كەركوك، هەولێر و دهۆك ناودەبات، ئەوەش دوای دەستگیركردنی سێ تۆمەتبار كە دوانیان كادیری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
ئاشكراكردنی سەرەداوی ئەو روداوانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشی عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هات، كە ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی تەمموز لە بەغدا بەڕێوەچوو.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، ئەو گروپەی دەستگیركراون و لە سێ كەس پێكدێن، دەستیان لە سوتاندنی چەندین بازاڕ و شوێنی دیكەدا هەبووە لە كەركوك، لە نێویاندا كەوتنەوەی ئاگرێك كە بەهۆیەوە 27 دوكان و 14 كۆگا سوتان، بێجگە لە سوتاندنی بازاڕ لە هەولێر و دهۆك، پلانیان هەبووە لە داهاتووشدا، لەو شارانە و لە بەغدای پایتەختیش كردەوە ئەنجامبدەن.
لە روداوەكانی كەركوكدا، بەوتەی عەمید میقداد میری، دەستگیركراوەكان دانیان بەوەداناوە "لە 10ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا هەوڵیانداوە مۆڵی ئۆف لە كەركوك بسوتێنن، لە 7ـی نیسانی ئەمساڵیش هەوڵێكی دیكەیان بۆ سوتاندنی هەمان مۆڵ هەبووە، هەروەها لە 3ـی ئایاری 2024ـدا تەلاری ئیسماعیل دەروێش-ـیان لە كەركوك سوتاندووە".
هەمان گروپ لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا چەندین بازاڕ و شوێنیان لە هەرێمی كوردستان سوتاندووە، لەوانە بازاڕی بالەی هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆك.
لە ئایاری ئەمساڵ یەكەم تۆمەتباری ئەو گروپە دەستگیركراوە، وەك وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "دەركەوت سەر بە پەكەكە-ـن، ئەو رێكخراوە قەدەغەكراوە جێبەجێكار و پلاندانەری كردەوەكانیان بووە"، لە كردەوەكانیشیاندا جۆرە هەویرێكی تەقینەوەیان دروستكردووە كە لە بازاڕەكاندا دایانناوە، یەكسەری گڕی نەگرتووە، بەڵكو دوای چەند كاتژمێرێك گڕی گرتووە و بەوهۆیەوە ئاشكراكردنی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكان ئاسان نەبووە.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان
"گروپەكە بۆ داهاتووش پلانیان هەبووە بۆ سوتاندن و هێرشكردنە سەر بازاڕە میللییەكانی كەركوك، هێڵی گواستنەوە، بۆری نەوتبەری جیهان – هەرێمی كوردستان و چەندین شوێنی دیكەی بازرگانی و گشتیی لە كەركوك و هەولێر و دهۆك، پلانیان هەبووە لە بەغدا هەمان كردەوە ئەنجامبدەن" میری لە كۆنگرەكەدا وای وت.
لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین روداوی كەوتنەوەی ئاگر لە كەركوك، هەولێر و دهۆك رویداوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لە بارەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگرەكان بڵاوبكرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاشكرایكرد لەو سێ تۆمەتبارەی دەستگیركراون، یەكێكیان كە سەرپەرشتیی كردوون، ناوی (ه، ف، ئـ)ـە، "كارمەندی یەكەی 70 (هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـە، یەكێكی دیكەشیان ناوی (م، ن، ح)ـە، كە ئەفسەرە لە هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی".
هێمن میرانی، هاوشێوەی وتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق جەختیكردەوە "پەكەكە لە پشت روداوەكانەوەیە و راهێنانی بەو گروپە كردووە،... کادیرانی ئەمنی و سەربازی پەکەکە لە سوریا، تورکیا و لە قەندیلەوە هاتوون و راهێنانیان بەو گروپە كردووە و راهێنانەكانیان لە کفری و سلێمانی و سەنگەسەر بووە".
تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵە (دوانیوەڕۆی دووشەممە 1ـی تەمموز)، پارتی كرێكارانی كوردستان كە بە تۆمەتباری سەرەكی لەو دۆسیەیەدا ناوی دەهێنرێت لەگەڵ یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەوتەی وەزارەتی ناوخۆ دوو تۆمەتباریان كادیری ئەمنی ئەو حزبەن، هیچ لێدوان و رونكردنەوەیەكیان نەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت كردەی ئەو گروپە، ئامانج لێی لێدان بووە لە بەرژەوەندی وڵاتێكی دراوسێ و بەهۆیانەوە زیانی 300 ملیۆن دۆلاری لێكەوتۆتەوە، جگەلەوەی بۆتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان.