ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین سەرقاڵی رێكخستنی پێشینەی كارەكانییەتی، دوابەدوای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە و كۆتاییهێنان بە دیاریكردنی لیژنەكان. بەپێی وتەی سەرۆكی ئەنجومەن نزیكەی لەسەدا 90ی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كۆتاییهاتووە.
لەكاتێكدا هێشتا لە هەندێك پارێزگای عیراق حكومەتی خۆجێی پێكنەهێنراوە و ناكۆكی قوڵ هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، یەكەم پارێزگای عیراق بوو لە 4ی شوباتی رابردوو، كۆتاییهێنا بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، دواتریش پرسی پارێزگاری یەكلاییكردەوە.
هەروەك یەكێك بوو لەو ئەنجومەنانەی هەر زوو دوای دەستبەكاربون، ئەندامانی لیژنەكانی یەكلاییكردەوە و لەئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی لە پێشنەیی كارەكانیانن.
عادل عەبدولسەلام سمێدعی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کۆتاییی هاتووە و شتێکی کەمی ماوە، دەتوانین بڵێین لەسەدا 85 تا لەسەدا 90ی تەواوبووە، لە ئێستاوە خزمەتگوزاریی و کەمکردنەوەی گرفتەکانی هاوڵاتییان لەسەرو کارە لە پێشینەکانی ئەنجومەنی پارێزگایە"، هەرچەندە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو دۆسییانە ئاسان نین و ئاڵۆزن.
لە پارێزگاكە دەیان پڕۆژە هێشتا بە تەواونەكراوی ماونەتەوە، ئەوە یەكێكە لە ئەركەكانی ئەنجومەن بەدواداچونی بۆ بكات، هەروەها ئەنجومەن سەرقاڵی چۆنیەتی چاودێریكردنی ئەو پڕۆژانەشە كە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە جێبەجێدەكرێن.
"ئەم پرسانە پێویستی بە پێکەوە کارکردن و دروستکردنی تیمێک هەیە کە سەرکەوتن بکاتە ئامانجی خۆی دور لە قۆرخکاریی و پەراوێزخستن"، عادل عەبدولسەلام وایوت.
ئەم پرسانە پێویستی بە پێکەوە کارکردن و دروستکردنی تیمێک هەیە کە سەرکەوتن بکاتە ئامانجی خۆی
بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەن بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەموو فەرمانگەكان كۆببێتەوە، ئەوەش بۆ خستنەڕووی دیدی ئەنجومەن و پێکەوە بەستنی لیژنەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاری.
عادل عەبدولسەلام وتی "سەبارەت بە بودجە و گفتوگۆکانمان لەگەل حکومەتی مەرکەزی، دوو مانگ جارێک کۆبونەوەی دەستەی هەماهەنگی پارێزگاران وسەرۆک ئەنجومەنەکانی و چەند وەزیرێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی سازدەکرێت و تیایدا تاوتوێی بودجەی هەموو پارێزگایەک دەکرێت بەگشتی"، بەڵام وتی "تا ئێستا پارێزگای سەلاحەدین هیچی بەدەستنەگەیشتووە لەو بودجەیەی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆی تەرخانکرا".
ئەشواق سالم جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، دەڵێت ئەنجومەن كاری زۆری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بەزویی هەنگاوی بۆ بنێت و پێیوایە بایەخدان بە دۆسییەی قەرەبوکردنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی شاسیتەی قەرەبوكردنەوەن، دەكرێت ببێتە لە پێشینەی كارەكانیان.
زۆرینەی پارێزگای سەڵاحەدین لە نێویاندا مەڵبەندی پارێزگاكە (تكریت) لە ساڵی 2014دا كەوتە دەست دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، بەهۆیەوە خەڵكەكەی روبەڕوی ئاوارەبون و كوشتن بونەوە و مافی قەرەبوكردنەوەیان هەیە.
هەروەها وتی "پێویستە چاوخشاندنەوە بە دۆسییەی ئەو خزمەتگوزارییانە بكرێت كە لەلایەن فەرمانگەکانەوە پێشکەشی هاوڵاتیان دەکرێت".
عەلی کەریم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و لیژنەی وەرزش و لاوان، دەڵێت سەرپێخستنی خزمەتگوزارییەکان لەهەموو کەرتەکاندا وەک کەرتی تەندروستی، کارەبا و رێگەوبان و بەدواداچونی هەموو دۆسییەکان و پڕۆژە پەککەوتووەکان، لە پیشنەی كارەكانیانە، بەڵام وتی "کاری لە پێشینەی ئەنجومەن هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەتی خۆجێیە".
چونكە وتی "ئێستا کۆتایی بە دۆسییەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی هێنراوە و لیژنە دروستکراوە، ئێستا كاتی ئەوەیە ئەنجومەن بەدوداچون و هەڵسەنگاندن بكات بۆ كاری بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکان و فەرمانگەکان".
بۆ پرسی پەسەندكردنی بودجەش كە بە شادەماری كاری ئەنجومەن دادەنرێت، وتی "پێویستە بودجە مۆرکێکی خزمەتگوزاری هەبێت بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە".