شارەوانی كەركوك پێداگریی دەكات لە روخاندنی 10 دوكان لە چەقی بازاڕی شۆریجە، ئەوەش لەڕێی دوو وەبەرهێنەری عەرەب و كورد، دوكاندارەكان گومانیان لەو هەنگاوە هەیە و دەیانەوێت وەك مێژوویەكی گرنگی شارەكە بمێنێتەوە، بۆیە رێگریی لەو هەوڵە دەكەن.
دوكانەكان گرنگی تایبەتیان هەیە بۆ خەڵكی شۆریجە، بەهۆی ستراتیژی شوێنەكە كە بۆتە چەقی كۆكردنەوەی خەڵك و بەتایبەت گەنجانی شارەكە، لەهەر چالاكییەكدا ئەو بازاڕە كۆیاندەكاتەوە و خاڵی بەیەكگەیشتیانە.
خاوەندارێتی دوكانەكان لە بنەڕەتدا بۆ بنەماڵەی ئەحمەد رەزا دەگەڕێتەوە، ناوبراو كەسایەتییەكی بەناوبانگ و کوردپەرەوەری ئەوکاتەی کەرکوک بووە، بەڵام "لەبەر جموجۆڵە سییاسی و نەتەوەییەکانی دادگای رژێمی ئەوكاتی عیراق حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەركرد"، هەر بەو هۆیەوە موڵك و ماڵی لەلایەن دەوڵەتەوە دەستیبەسەرداگیراوە و دوكانەكانی كران بە موڵكی شارەوانی. ئەوەش بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە.
ئەو 10 دوكانە، بە دوكانەكانی ئەحمەد رەزا بەناوبانگن.
هەر لەو ساڵانەدا شارەوانی دوکانەکانی ئەحمەد رەزای وەک موڵکی دەوڵەت بەكرێ دەداتە خەڵكی ناوچەكە. هەندێك لەو 10 دوكاندارە لانیكەم 60 ساڵە لەوێ كاردەكەن. هەر ئەوەشە وایكردووە دژایەتی روخاندنی بكەن.
کاروان مەجید، خاوەنی چایخانەی مام مەجید، وتی "دوکانەکانی ئێمە بونەتە بەشێک لە کلتوری رەسنایەتی خەڵكی ناوچەکە و بە شێک لە شوێنەواری شارەکە، بۆیە قبوڵناکەین لەژێر ناوی نوێکردنەوە و مۆدێرنکردن دەست بۆ شوێنەوارێکی گرنگی شارەکە ببرێت".
چایخانەی مام مەجید یەکێکە لە چایخانە بەناوبانگانەی شۆریجە و لە ساڵی 1984 لەلایەن مام مەجیدی چایچی-یەوە بونیاتنراوە، ئیستاش لەلایەن کوڕەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت. رۆژانە لانیکەم 500 كەس بۆ چاخواردنەوە و كاتبەسەربردن و گفتوگۆ روی تێدەكەن.
"دەکرێت ئەم دوكانانە وەک خۆیان بپارێزرێن، وەك شوێنێكی گرنگی كەركوك... هەموو تازەگەرییەک خزمەت ناکات، بەڵکو هەندێکجار دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاریی لە سیمای شار و سڕینەوەی رەسەنایەتی شارەکە"، كاروان مەجید وایوت.
دەکرێت ئەم دوكانانە وەک خۆیان بپارێزرێن، وەك شوێنێكی گرنگی كەركوك
لە دوو مانگی رابردودا بەشێك لە دوكاندارەكان بە مەبەستی نوێكردنەوەی گرێبەسەتەكانیان سەردانی شارەوانییان كرد، بەڵام شارەوانی پێیوتون زەوی دوكانەكان دراوە بە وەبەرهێنەرێك.
سەرەتای هەفتەی رابردوو كاتێك دوكاندارەكان لە پشوی نیوەڕۆدا بون، لەسەر دەڕاب و دیوارەكانی دوكانەكان نوسرابوو لە ماوەی 48 كاتژمێردا دوكانەكان چۆڵبكەن، ئەگەرنا دەیڕوخێنین.
فەریدون عەلی، یەکێکی دیکەیە لە دوکاندەراکانی بازاڕی شۆریجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم شێوازی کارکردنە بە شێکە لە سیاسەتی تەعریبکردنی حکومەت بەرامبەر ناوچە کوردنشینەکانی کەرکوک، بەتایبەت گەڕەکی شۆریجە".
ئەدهەم جومعە، چالاکوانی مەدەنی، كە ناڕازییە لە تێكدانی ئەو 10 دوكانە، وتی "ئەم بابەتە پرسێکی سیاسییە، بە مەبەست ئەو دوکانانە بە ئامانج گیراون، چونكە لە کەرکوک چەند شوێنێک هەن کە سیمبوڵی کوردانی شارەکەن، وەک سەر بازاڕی رەحیماوە و سەر بازاڕی شۆریجە، ئێواران خەڵک لەم شوێنانەدا كۆدەبنەوە و گفتوگۆی دۆخی شار دەكەن، ئێستا دەستێک هەیە لە شارەکە لەژێر ناوی مۆدێرنکردنی شارەکە، ناوەندە سیاسی و چالاکییەکانی کورد بە ئامانج دەگرێت و دەیەوێت تێکی بدات".
بە مەبەست ئەو دوکانانە بە ئامانج گیراون
ئەو دەربڕینە لەكاتێكدایە پرسی روخاندنی ئەو دوكانانەی شۆریجە بە واژۆی فەرەیدون عادل، سەرۆكی پێشوی شارەوانی كراوە، ناوبراو كوردە و لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەو پۆستەدا بوو.
عەدنان شکور، وتەبێژی شارەوانی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێشتر لیژنەیەک دەرچووە بۆ کەشفکردنی شوێنی دوکانەکان، ئەنجامی کەشفکەش ئەوە بووە کە دوکانەکان نزیکن لە روخان، بۆیە شاروانی بڕیاریداوە بیدات بە وەبەرهێنەر بۆ نۆژەنكردنەوەی دوکانەکان"، زیاتر وتی "بۆ ئەو مەبەستە و بە گوێرەی یاسا و بەشێوەی موساتەحە بە دوو وەبەرهێنەری عەرەب و كورد دراوە، ئەوەش بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوكات فەرەیدون عادل سەرۆكی شارەوانی بووە".
"سەرۆکی شاروانی ئیستا ئەحمەد عومەر لەگەڵ روخاندنیاندا نییە، بەڵام لەڕاستیدا هەموو ئەو رێکارانەی وەربەرهێنەرەکان گرتویناتە بەر یاسایین، بەڵام لە کەرکوک پرسەکان هەستیارن بە هۆکاری جیاوازیی و هەستیاری سیاسی نێوان پێکهاتەکان، بۆیە بەمشێوازە پرسەکە گەورە بۆتەوە"، عەدنان شوكر وایوت.